رووداو - قامشلۆ
نزیکەی دوو هەفتەیە شاری کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان لەژێر گەمارۆیەکی توونددایە و پەیوەندییەکان پچڕاون. سەدان خێزان کە بەشێکیان لە قامشلۆن و بەشێکیان لە کۆبانێن، هیچ هەواڵێکی یەکدی نازانن.
فاتمە حوسێن، یەکێکە لەو دایکانەی ئێستا لە قامشلۆیە، بەڵام دڵ و هۆشی لای کەسوکارەکەیەتی لە کۆبانێ. بەهۆی بڕینی تۆڕەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێتەوە، چەند رۆژە بێهەواڵە لێیان.
فاتمە بە نیگەرانییەوە بە رووداوی گوت: "خۆم لێرەم و منداڵەکانم لە کۆبانێن، نازانم چییان بەسەر هاتووە."
کۆبانێ کە تەنیا چەند کاژێرێک لە قامشلۆوە دوورە، ئێستا نەک تەنیا لە خۆراک و ئاو بێبەشە، بەڵکو رووبەڕووی "گەمارۆیەکی ئەلیکترۆنی" بووەتەوە.
محەممەد مەکۆ، هاونیشتمانییەکی دیکەی ئاوارەیە و باس لە دۆخی دەروونیی خەڵک دەکات: "بە سەدان دایک و باوک هەن نازانن منداڵەکانیان لە کوێن؛ کۆبانێ تەنیا بێ نان نییە، بەڵکو بێ دەنگیشە."
لە 19ـی مانگی یەکەوە گەمارۆیەکی تووند خراوەتە سەر کۆبانێ. سەدان ئاوارەی رۆژئاوای کوردستان شەوانە چاوەڕێی هەواڵی ئازیزانیانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ