پارێزگاری هەولێر: مووشەکبارانەکە زیانی گیانی نەبووە

01-05-2022
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
ئامادەکردن: نەهرۆ محەممەد و هەستیار قادر
 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، مووشەکبارانەکەی سنووری قەزای خەبات هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی ئایاری 2022، چەند مووشەکێک لە سنووری قەزای خەبات کەوتنە خوارەوە. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، مووشەکەکان چەند دانەیەک بوون و لە سنووری ناحیەی رزگاری لە قەزای خەبات کەوتوونەتە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە.
 
هاوکات، عیسام بەهنام مەتى، قایمقامى قەزاى حەمدانییە لە سنوورى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو مووشەکانەى ئەمشەو ئاڕاستەى قەزاى خەبات کراون لە سنوورى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان، لە رێگەى نێوان قەزاى حەمدانییە و گوندى مەنارەی شەبەکی تەقێندراون، کە نزیکە لەو شوێنەى پێشتر لە 6ـی نیسانى 2022 لێیەوە مووشەک ئاڕاستەى پاڵاوتگەى کەڵەک کران لە سنوورى قەزاى خەبات. 
 
رۆژی 6ـی نیسانی 2022، سێ کاتیۆشا لە نزیک کۆمەڵگەی کەورگۆسک و زێی گەورە لە قەزای خەبات کەوتنەخوارەوە. شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق گوتی، "گرووپێکی لە یاسا لادەر کاتیۆشاکانی ئاڕاستە کردووە." 
 
قایمقامى قەزاى حەمدانییە باس لەوەش دەکات، "مووشەکەکان پێنج بۆ شەش مووشەک بوون، ئێستا هێزەکانى پۆلیس و ئاسایشى نیشتیمانیی عێراق چوونەتە شوێنى ئاڕاستەکردنى مووشەکەکان بە مەبەستى لێکۆڵینەوە لەو ھێرشە." 
    
هەر لەبارەی مووشەکبارانەکەوە، ئەمڕۆ 1ـی ئایارى 2022 ، دژە تیرۆری کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، کە شەش مووشەک لە نزیک زێی بادینان لە قەزای خەبات کەوتنە خوارەوە و هیچ زیانێکى گیانى و ماڵى لێنەکەوتووەتەوە. 
 
هەر لەبارەی هێرشە مووشەکییەکە، لیوا عەواد سوورچی، یاریدەدەری فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای نەینەوا بە رووداوی راگەیاند، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان ئەمشەو شەش مووشەک لە نزیک گوندی منارەی شەبەک و کەرەملیس لە سنووری قەزای حەمدانییە لە پارێزگای نەینەواوە، ئاڕاستەی کۆمپانیای کار کراون لە سنووری قەزای خەباتی سنووری پارێزگای هەولێر.

 

یاریدەدەری فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای نەینەوا ئاماژەی بەوەکرد، لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکە دەستیان پێکردووە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستان

سەرۆکی یەکێتیی زانایان بۆ گوتارخوێنی نەجەف: وەرە کوردستان و لەجیاتی وێرانکاری ئاوەدانی ببینە

قسەکانی گوتاربێژی نەجەف لەسەر هەرێمی کوردستان و ئاڵۆزییەکانی گوندی لاجان، نیگەرانیی یەکێتیی زانایانی ئایینیی لێکەوتووەتەوە. سەرۆکی یەکێتییەکە دەڵێت: "ئەو دەڵێ لە کوردستان گوند وێران دەکرێ و کۆمەڵکوژی دەکرێ، بۆیە داواکارم بێت و لە نزیکەوە کوردستان ببینێت".