رووداو-هەولێر
یەکەم فڕۆکەی عەرەبستانی سعودی لە فڕۆکەخانەی هەولێر نیشتەوە، هێڵی ئاسمانی سعودیە هەفتانە سێ گەشت لە نێوان هەولێر و جەددە ئەنجامدەدات.
بە شیوازێکی تایبەت پێشوازی لە فڕۆکە سعودیەکە کرا و ئاوێکی زۆری رەنگاورەنگی بە سەردا کرا. تەلار فایەق بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی هەولێر رایگەیاند لەمەودوا گەشتەکانی حەج و عومرە بۆ زیارەتکارانی کوردستان ئاسان دەبن، لە هەولێرەوە حاجی و عومرەکاران راستەوخۆ دەچنە جەددە.
ئێستا 21 هێڵی ئاسمانی نیودەوڵەتی کە ژمارەیەکیان نیشتمانین لە وڵاتی خۆیان ، گەشت بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر ئەنجامدەدەن ، ژمارەی فڕینی فڕۆکەکانیشیان بۆ هەولێر و بەپێچەوانەوە هەفتانە 295 گەشتە.
سعودیە کە هێڵە ئاسمانییە نیشتمانییەکەی خاوەنی 150 فڕۆکەیە ، دەیەوێت پەیوەندییە بازرگانی و ئابووری و گەشتیارییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرەپێبدات ، سودمەندی یەکەمی دەستپێکردنی گەشتەکانیشیان بۆ هەولێر ، عەمرەکار و بازرگانانی هەرێمی کوردستان دەبن.
بەهۆی ئەنجامدانی گشتپرسی لە ئەیلوولی 2017 ، حکومەتی عێراق وەک گەمارۆیەک فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی لە هەرێمی کوردستانی داخست ، بەڵام دوای هەڵگرتنی گەمارۆکان و کردنەوەی فڕۆکەخانەکان هەرزوو هێڵە ئاسمانییەکان گەشتەکانیان دەستپێکردەوە ، بەرپرسانی فڕۆکەخانەی هەولێریش ئامانجیانە هەمیشە فڕۆکەخانەکەیان لە ئاستی یەکەمی عێراق بێت.
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ