رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی و شاندی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی لە هەولێر کۆبوونەوە، پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرەسەندنەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان تاوتوێ کران. سەرۆک بازرانی رایگەیاند، "سەرۆككۆمار پشكی كوردە و دەبێ میكانیزمێكی دیاریكراو بۆ هەڵبژاردنی دیاری بكرێت و بچەسپێندرێت بۆ ئەوەی هەموو كەڕەتێك پڕۆسەی سیاسی تووشی كێشە نەبێت".
رۆژی دووشەممە، 2ی شوباتی 2026، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای چوارچێوەی هاوئاهەنگی گەیشتە هەولێر و لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانییەوە پێشوازی لێکرا.
لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی (سیداد بارزانی، هۆشیار زێباری، فازڵ میرانی، فوئاد حوسێن و مەحموود محەممەد) ئامادەیبوون، گفتوگۆ لەبارەی دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکان کرا.
لە لایەنی شاندی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی، هەریەک لە هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدر؛ موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەساسی عێراقی و عەباس رازی، ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەشداربوون.
بارەگای بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکە دەڵێت، "لەو كۆبوونەوەیەدا رۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەنگاوەكانی ناو پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار و هەروەها پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراقی فیدڕاڵ."
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە سەرۆک مەسعود بارزانی لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی گوتووە: "سەرۆككۆمار پشكی كوردە و دەبێ میكانیزمێكی دیاریكراو بۆ هەڵبژاردنی دیاری بكرێت و بچەسپێندرێت بۆ ئەوەی هەموو كەڕەتێك پڕۆسەی سیاسی تووشی كێشە نەبێت و بەپێی ئەو میكانیزمانە بەربژێری سەرۆككۆمار هەڵبژێردرێت".
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە پرسی "شایستەکانی دەستوور" بووە، بەتایبەتی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق، بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارەکانی پێکهێنانی حکومەت بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی.
دۆخی سووریا و پەرەسەندنەکانی رۆژئاوای کوردستان بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون. لەو بارەیەوە هەردوولا جەختیان لە "گرنگیی یەکخستنی گوتاری سیاسیی نیشتمانیی عێراق" کردەوە بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و سەقامگیریی عێراق.
دوای کۆبوونەوەکەی هەولێر، شاندی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە سەرۆکایەتی سوودانی گەیشتە سلێمانی و لەگەڵ بافل تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشیتمانیی کوردستان کۆبوونەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ