رووداو دیجیتاڵ
تەرمی سێیەمین گەنج دۆزرایەوە کە لە چەمێکی ماوەت خنکابوون. قایمقامی قەزای ماوەت دەڵێت، "تەرمەکە دۆزراوەتەوە و جارێکی دیکە کەوتووەتە نێو ئاوەکەوە، بەڵام لە هەوڵدان تەرمەکە دەربهێنن."
کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت بە رووداوی گوت، "کاژێر 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 2ـی ئاداری 2022، تەرمی سێیەمین گەنج بەناوی کۆسار نەوزاد کە تەمەن 22 ساڵە دۆزرایەوە کە لەگەڵ دوو هاوڕێیدا لە چەمی قەشان لە ماوەتدا خنکابوون.
ئاماژە بەوەش دەکات، تیمەکانی مەلەوانی لە هەمان ئەو شوێنەی دوو گەنجەکەی دیکەیان دۆزیبووەوە تەرمی کۆساریشیان دۆزیوەتەوە، بەڵام هێشتا تەرمەکە دەرنەهێنراوە، چونکە جارێکی دیکە کەوتووەتە نێو ئاوەکە. دەشڵێت، "لە هەوڵداین تەرمەکە دەربهێنین و تیمی فڕۆکەوانیش لە شوێنەکەن بۆ هاوکاریکردنی تیمەکان."
پاش نیوەڕی رۆژی شەممە دووەمین تەرمیش دۆزرایەوە. عەمید دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەلایەن تیمی مەلەوانییەوە تەرمی دووەم کەس لە سێ گەنجە خنکاوەکە دۆزرایەوە کە لە چەمی قەشان لە ماوەت خنکابوون و ئێستا سەرقاڵی دەرهێنانین."
لە ئێوارەی یەکەم رۆژی بەهار، سێ گەنج کە بەمەبەستی وێنەگرتن چووبوونە سەر چەمی قەشان – ماوەت بێسەروشوێنبوون، لەو ماوەیەوە تاوەکو ئێستا تیمە خۆبەخشەکان، خەڵکی ناوچەکە، تیمی فڕۆکەوانی و تیمی مەلەوانی بەدوای ئەو گەنجانەدا دەگەڕان.
بەیانیی رۆژی شەممە دۆزینەوەی یەکەمین تەرمی ئەو سێ گەنجە راگەیێندرا. کامەران حەسەن، قایمقامی ماوەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تەرمی هەڵکەوت نووری لە گۆمی بەردەباز لە چەمی قەشان لە ماوەت دۆزرایەوە.
سێ گەنجەکە دوایین وێنە و گرتەی ڤیدۆییان کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی سناپچات بڵاوکراوەتەوە لەسەر ئەو چەمە بووە. کۆسار و دەروون خەڵکی گوندی بەرسماقی ماوەتن، هەڵکەوت و نووریش دانیشتووی هەولێرە و بۆ سەردان چووبووە ماڵی باوکی هاوژینەکەی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ