رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی ناوەڕاست، لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە شەپۆلێکی بارانبارین ناوچە جیاجیاکان دەگرێتەوە و پلەی گەرماش نزم دەبنەوە.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، رۆژی پێنجشەممە، 02ـی نیسانی 2026، ئاسمانی هەرێمی کوردستان بە گشتی هەوری تەواو دەبێت. لە دوای نیوەڕۆوە بارانبارین سەرەتا لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای دهۆک بە شێوەی نمەباران دەستپێدەکات، پاشان لە کاتەکانی ئێوارەدا کاریگەریی شەپۆلەکە فراوان دەبێت و تەواوی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. لە کاتەکانی شەودا کاریگەریی شەپۆلەکە کەمێک لاواز دەبێت و تەنیا بە شێوەی نمەبارانی پچڕپچڕ دەمێنێتەوە.
لەبارەی کەشوهەوای سبەی هەینی، کەشناسی دەڵێت، ئاسمانی هەرێمی کوردستان بە ناجێگیری دەمێنێتەوە و نمەباران لە ناوچە جیاجیاکان بەردەوام دەبێت، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکان. لە درەنگی شەوی هەینیدا کاریگەریی بارانبارینەکە زیاتر لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەمێنێتەوە و تاوەکو بەیانیی شەممە بەردەوام دەبێت.
ئاسۆ کەمال، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت: "کەشی بەهار زوو زوو دەگۆڕێت، بۆیە ئەم ناجێگیرییە ئاساییە. ئەمڕۆ تاوەکو ئێوارە کەشەکە ئاسایی دەبێت و شەو لە هەندێک شوێن نمەباران دەبارێت، بەڵام لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێکی دیکەی باران بارین روو لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە."
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بە پلەی سیلیزی:
هەولێر: 20 پلەی سیلیزی
پیرمام: 14 پلەی سیلیزی
سۆران: 14 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 8 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 18 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 20 پلەی سیلیزی
دهۆک: 16 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 17 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 19 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 23 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ