رەنگە دوو مەلاكەی هەولێر شەش مانگ بەند بكرێن

02-05-2016
پشتیوان جەمال
نیشانەکردن مەلا
A+ A-

رووداو - هەولێر

لەسەر سكاڵای بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی هەولێر، فەرمانی دەستگیركردن بۆ دوو مەلای شاری هەولێر دەرچووە، ئەوانیش دەڵێن ئامادەن بچنە بەردەم دادگا، بەپێی ئەو ماددەیەی پێی دادگایی دەكرێن رەنگە هەر یەكەیان بە شەش مانگ بەندكردن و غەرامەكردن سزا بدرێن.

بە فەرمانێكی بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئەوقاف و كاروباری ئاینی لە سلێمانی و هەولێر، چوار مامۆستای ئاینی لە گوتاردان دوورخرانەوە و دوویشیان گواسترانەوە، بەڵام مەلا عوسمان كانی كوردەیی و مەلا ئیدریس كاریتانی كە لە شاری هەولێر لە وتارخوێنی لادراون، لە كاتی نوێژی هەینی رۆژی 29/4/2016دا رێگریان لەو مەلایانە كرد كە لە شوێنی ئەوان دانرابوون گوتاری هەینی بخوێننەوە. بەمەش پشێوی لە نێو مزگەوتەكان دروستبوو، دواتر بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی هەولێر سكاڵای لەسەر تۆماركردن.

ئەو مەلایانەی بڕیاری دوورخستنەوە و گواستنەوەیان دراوە، سێیان لە شاری هەولێرن، یەكێكیان لە شاری سلێمانی و دووەكەی دیكەش لە شارۆچكەكانی كۆیە و شەقڵاوەن. مەریوان نەقشبەندی بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و پێكەوەژیانی ئاینی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند "لەلایەن وەزارەتەوە بڕیاری راگرتن لە گوتاردان بۆ چوار مامۆستای ئاینی دەرچوو لەگەڵ گواستنەوەی دوو مامۆستای دیكە، بەڵام دوو لەو چوار مامۆستایە پابەندی بڕیارەكە نەبوون و رۆژی هەینی رێگرییان لە پێشكەشكردنی گوتاری ئاینی لەلایەن مامۆستا نوێیەكانەوە كرد و بەو هۆیەشەوە گرژی دروستبوو، بۆیە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی هەولێرەوە بە تۆمەتی پشێوی نانەوە سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە".

مەریوان گوتیشی "دوورخستنەوە و گواستنەوەی ئەو مامۆستایانە ئیجرائاتی كارگێڕی بووە و لەبەرئەوەی خەڵك گلەیی لێیان هەبووە كە گوتارەكانیان توند بوون و هاندانی بۆ ئاژاوەنانەوە تێدا بووە، ئەوانەشمان بە سیدی دەنگ و رەنگ لایە و پێشكەشی دادگایان دەكەین".

بەڵام مەلا عوسمان كانی كوردەیی، ئیمام و پێشنوێژی مزگەوتی جودی بە (رووداو)ی راگەیاند "وەزارەت نەیتوانیوە سەرنجی ئەو مامۆستایانەی سەر بە دەسەڵات نین بەلای خۆیدا رابكێشێت و تۆمەت دەبەخشنەوە، ئەگەر هەر قسەیەك بكەین و بە دڵی ئەوان نەبێت دەڵێن توندوتیژییە. من لە گوتارەكانمدا باسی گەندەڵیم كردووە و ئەوانیش داوایان كردووە باسی گەندەڵی نەكەین".

هەروەها مەلا ئیدریس كاریتانی پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی ئەڵڵاه و ئەكبەریش كە نزیكەی 10 ساڵە لەو مزگەوتەیە بە (رووداو)ی گوت "تەحەدا دەكەم لەو 10 ساڵەدا گوتارەكانم هاندانی تێدا بووبێت و خەڵك لەڕێگەی گوتارەكانمەوە چووبنە نێو گروپە توندڕەوەكانەوە".

ئەو دوو مەلایە فەرمانبەری حكومەتن، بەپێی یاساش دەبێ‌ پابەندبن بە بڕیارەكانی حكومەتەوە. ئەی بۆچی پابەند نەبوون؟ مەلا عوسمان كانی كوردەیی دەڵێت "بڕیارەكە نایاسایی بووە و بەنەفەسی تەسكی حیزبایەتییەوە دەركرابوو".

بەڵام مەریوان نەقشبەندی دەڵێت "ئەو مامۆستایەی لە شەقڵاوە لە گوتاردان دووخراوەتەوە ئەندامی پارتییە، بۆیە ئەو بڕیارەی بەرامبەر ئەوانیش دراوە لە چوارچێوەی رێنماییەكاندا بووە و  پێشتریش لە گوتارەكانیان ئاگادار كراونەتەوە و وەزیری ئەوقافیش ویستی بانگیان بكات و جارێكی دیكەش ئاگاداریان بكاتەوە".

ئایا ئەو دوو مەلایە ئامادەن هەینی داهاتوو گوتار پێشكەش بكەن. عوسمان كانی كوردەیی گوتی "هەر كاتێك لەلایەن دادگاوە بڕیاری بێبەری بوونمان بۆ دەركرا لەو تۆمەتەی بۆیان دروستكردووین، بڕیاری نوێ دەدەین". ئیدریس كاریتانیش گوتی "بۆ داهاتوو هەر كاتێك گوتارخوێندنەوەم ببێتە مایەی پشێوی و سەرئێشە بۆ جەماوەرم، ئەوەم ناوێت". 

سزاكەیان چییە؟

ئەو دوو مەلایە بەپێی ماددەی 240 لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە. لیوا عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر بە (رووداو)ی راگەیاند "ئەو دوو مامۆستایە ئاگادار كراونەتەوە بۆ ئامادەبوونیان لەبەردەم دادوەر و وەرگرتنی گوتەكانیان".

مادەی 240 لەیاسای سزادانی عێراقی دەڵێت "سزا دەدرێت بە بەندكردن بۆ ماوەیەك نابێت لە شەش مانگ زیاتر بێت و بە پێبژاردن نابێت لە 100 دینار زیاتر بێت، هەر كەسێك سەرپێچی كرد لەو فەرمانانەی كە دەردەچێت لە فەرمانبەرێك یان كەسی راسپێدراو بە خزمەتی گشتی، یان لە ئەنجوومەنەكانی شارەوانی، یان دەستە فەرمییەكان یان نیمچە فەرمییەكان لە چوارچێوەی دەسەڵاتی یاساییان. یان ئەو فەرمانەی هەر لایەنێك لەو لایەنانەی باسمانكرد بە جێنەگەیاند كە لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتدارانە دەرچووە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە