رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کارەکانی ئاکام هاشم، لەبارەی نوێترین زانیاری و داهاتووی یاریزانەکە بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "ئەو قسە و باسانەی کە دەکرێن لەبارەی داهاتووی ئاکام هاشم، جارێ تەنیا هەواڵن و هیچ نووسراو یان داواکاریی فەرمیان پێشکێش نەکردووین، جارێ گرێبەستی لەگەڵ یانەی زەورا ماوە و دەبێت وەرزی ئەمساڵ لەگەڵیان بەردەوام بێت". هاوار مەلا محەممەدیش لەو بارەیەوە گوتی "ئاکام دەگاتە لووتکە".
ئاکام هاشم، ئەستێرەی ناوازەی کورد، کە بۆ هەڵبژاردەی عێراق یاری دەکات، دوای پیشاندانی ئاستێکی بەرز لە یارییەکانی جامی عەرەب بووەتە باسی گەرمی شەقامی وەرزشی عێراق و وڵاتانی عەرەب.
ئەو ئەستێرە کوردە لە ماڵباتێکی سادە و کوردەواری شاری هەولێر گەورە بووە، تەمەنی 27 ساڵە و سەرەتای ژیانی وەرزشیی یاریکردن بووە بۆ تیپی میللی زەریا دواتر سەمیر بابۆ، گواردیۆلاکەی کوردستان بەهرەمەندی ئاکام هاشمی دۆزییەوە و بردییە ریزەکانی یانەی پێشمەرگەی هەولێر بۆ یاریکردن لە خولی نایابی کوردستان.
ئاکام هاشم، وەک بەرگریکارێکی چاونەترس و بوێر لەگەڵ یانەی هەولێر درەوشایەوە و دواتر چووە یانەی شورتە و نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراقی لەگەڵ بەرزکردەوە، وەرزی ئەمساڵیش درێسی یانەی زەورای پۆشیووە.
ئەو کوڕە هەولێرییە لە دوایین یاریی هەڵبژاردەی عێراق کە بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوردن بوو لە جامی عەرەب بووە قەڵخانێکی گەورە و بەرگریکارێکی بەهێز بەرامبەر ئەو ئەستێرانەی کە گەیشتوونەتە مۆندیال، دوای یارییەکە مانشێتی هەموو میدیا و پڕۆگرام و سۆشیال میدیا بووە ئاستبەرزی ئاکام هاشم، بەشێوەیەک هەندێکیان بە ماڵدینی، رامۆس و پویۆل ناوی دەبەن.
لەسەر ئاستی ئەورووپا دۆزەرەوەیەکی یاریزانان، کە مەغریبییە پێشنیازی بۆ یانەی ریال بێتیسی ئیسپانی کردووە گرێبەست لەگەڵ ئاکام هاشم بکات، هەروەها چەند یانەیەکی دیکەی وڵاتانی کەنداویش لەسەر هێڵن بۆ ئەو یاریزانە کوردە.
سامان مەجید، بەڕێوەبەری کارەکانی ئاکام هاشم، لەبارەی نوێترین زانیاری و داهاتووی یاریزانەکە بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "ئەو قسە و باسانەی کە دەکرێن لەبارەی داهاتووی ئاکام هاشم، جارێ تەنیا هەواڵن و هیچ نووسراو یان داواکاریی فەرمیان پێشکێش نەکردووین، جارێ گرێبەستی لەگەڵ یانەی زەورا ماوە و دەبێت وەرزی ئەمساڵ لەگەڵیان بەردەوام بێت".
ئاکام هاشم، لە یاریی ئوردندا، کە بە دێربیی عەرەب ناسراوە توانی 16 تۆپ گەڕاندنەوەی هەبێت، ئەو ژمارەیە زۆرترین ژمارەیە و لەو وەشانەی جامی عەرەب هێشتا هیچ بەرگریکارێک ئەو رێژەیەی تۆمار نەکردووە.
هاوار مەلا محەممەد، ئەستێرەی پێشووی سەردەمی زێڕینی هەڵبژاردەی عێراقە و سەرسامە بەتواناکانی ئاکام هاشم، بۆ رووداو سپۆرتس روونیکردەوە "زۆر ستایشی ئاستبەرزی ئەو ئەستێرەیە دەکەم، پێموایە ئاگاداری تەندروستی و ژیانی خۆی بێت و خۆی زیاتر ماندوو بکات دەگاتە لووتکە، وەک خۆم هەرچی بوێت پاڵپشتی دەکەم و دڵنیام داهاتووی رووناکە".
بڕیارە 24ـی ئەم مانگە یانەی زەورا یاری لەگەڵ یانەی نەسڕی سعودی لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا ئەنجام بدات، ئەمجارە ئاکامی کوردان دەیەوێت کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ناسراو بەپاشای جیهان رابگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ