رووداو دیجیتاڵ
ئەرکان مەنسوور، یاریزانی کوردی یانەی روومادی، بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند کە ریزەکانی ئەو یانە عێراقییە جێدەهێڵێت و هۆکاری ئەو بڕیارەشی ئاشکرا دەکات.
کاپتنی پێشووی یانەی ئاکرێ، کە ئەم هاوینە پەیوەندی بە یانەی روومادییەوە کردووە، کە بەشدارە لە خولی نایابی عێراق، رایگەیاند کە یانەکە بەجێدەهێڵێت و بە رووداو سپۆرتسی گوت "شێوازی یارییکردنی راهێنەرم بەدڵ نەبوو، ئەو شێوازە بۆ من گونجاو نییە، بۆیە ریزەکانییانەکەم بەجێدەڵێم".
ئەرکان مەنسوور، ناسراو بە مەلا ئەرکان، بۆ ئەم وەرزە لە یانەی ئاکرێوە پەیوەندی بە یانەی روومادییەوە کرد، بەڵام دوای کەمتر لە دوو مانگ، بڕیاری داوە یانەکە بەجێبهێڵێت.
مەلا، لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "شێوازی یارییکردنی راهێنەرەکەم، بەشێوازی تۆپی بەرز یارییدەکرد، منیش حەزم بە شێوازی یارییکردنی تۆپی نزمە، هەربۆیە نەدەگونجاین، کەمترین هەل بەمن دەدرا، لەوکاتەدا تایبەتمەندی من دەرنەدەکەوت، ئەو راهێنەرە چەند یاریزانێکی لەسەر داوای خۆی هێنایە یانەکە، هەر بۆیە گرنگی بەوان دەدا زیاتر وەک لە ئێمە".
ئەرکان مەنسوور، سەبارەت بە یانەی داهاتووی، بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتاییم نەداوە، بەڵام پێشمەرگەی سلێمانی داوایان لێکردووم و منیش لە گفتوگۆدام لەگەڵیان".
مەلا ئەرکان پیشتر رۆڵی سەرەکی بینیوە لە بردنەوەی نازناوی خولی نایابی کوردستان لەلایەن یانەی ئاکرێوە و بە باشترین یاریزانی خولەکە دەستنیشانکراوە. ئەو خاوەنی هەوادارێکی زۆرە و خەڵکی زۆر خۆشیان دەوێت، چونکە لەنێو یاریگە و لە دەرەوەش بەوە ناسراوە کە خاوەنی رەوشت و هەڵسوکەوتێکی زۆر جوانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ