کوردستان
تەندروستیی چەمچەماڵ بۆ رووداو: تۆمەتبارەکە جگە لە چوار کوژراوەکە ژنێکی تەمەن 68 ساڵی بریندارکردووە
داڕشتنەوە: راوچی حەسەن
رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ بە رووداوی راگەیاند، لە شارۆچکەی شۆڕش زاوایەک دەچێتە سەر ماڵی خەزووری و چوار کەسی خێزانەکە دەکوژێت کە یەکێکیان هاوژینی خۆیەتی.
رۆژی دووشەممە 2-5-2022 شەریف رەحیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "کوژراوەکان برایەک و دوو خوشکن لەگەڵ کوڕێک تەمەن 20 ساڵ، هەروەها ژنێکیش بریندارە."
رووداوەکە لە بەیانی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان لە گەڕەکی سەنگاوییەکانی سەر بە شارۆچکەی شۆڕش لە قەزای چەمچەماڵی پارێزگای سلێمانی روویداوە.
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ دەڵێت، دوای ئاگادارکردنەوەیان ئەمبووڵانسیان ناردووەتە شوێنی رووداوەکە و "ئێستا تەرمەکان لە سەنتەری فریاکەوتنی چەمچەماڵن، دوای گرتنەبەری رێکارەکان تەرمەکان رادەستی کەسوکاریان دەکرێتەوە."
بەگوتەی شەریف رەحیم، ئەو ژنەی برینداربووە تەمەنی 68 ساڵە و لە سەنتەری فریاکەوتنی چەمچەماڵ چارەسەر وەردەگرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ گوتی کە "تۆمەتبارەکە بە گوللـە چوار کەسەکەی کوشتووە و ژنەکەی بریندارکردووە."
رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ لە کاتی بەشدارییکردنی لە بوولتەنی کاژێر 08:00 کە بێستوون عوسمان پێشکێشی دەکات گوتی "بەداخەوە بەیانی ئەمڕۆ کاژێر 6:30 خولەک بۆ 7:00 رووداوەکە روویداوە، تۆمەتبارەکە لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی ئەندامانی ئەو خێزانەی کوشتووە."
بە گوتەی قایمقامی چەمچەماڵ، ئەو تۆمەتبارە چووەتە ماڵی خەزووری بۆ ئەوەی ژنەکەی بێنێتەوە کە ماوەیەک بووە تۆرابووە، دواتر بەهۆی کێشە و دەماقاڵێ تۆمەتبارەکە چوار کەسەکەی کوشتووە.
رەمک رەمەزان دەشڵێت، ئەوانەی کوژراون یەکێکیان ناوی موسا سامان ئەحمەدە و تەمەنی 22 ساڵە، هەروەها کوژراوەکانی دیکە تەمەنیان 25 ساڵ، 30 ساڵ و 32 ساڵە.
چۆمان ئەحمەد حوسێن 1997
چرۆ ئەحمەد حوسێن 1982
چنوور ئەحمەد حوسێن 1980
موسا سامان ئەحمەد 2000
مەریوان ئەحمەد حوسێن کە دەکاتە برای سێ لە کوژراوەکان و مامی کوڕە 20 ساڵەکە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "تەقەکەر و بکوژ کە چوار کەسی خێزانەکەمانی کوشتووە ئەفسەرە بە پلەی نەقیب لە بەرگریی و فریاکەوتن، پێشتر لەسەر کێشە لەگەڵ خوشکەکەم سکاڵامان لەسەری تۆمارکردووە، بەڵام کەسێک بەناوی رەمەزان دێکۆنی داڵدەی داوە و رادەستی یاسای نەکردووە."
مەریوان ئەحمەد گوتی کە ماوەی شەش مانگە خوشكەکەی و هاوژینەکەی کێشە لەنێوانیدا هەبووە "هەر دوای رووداوی کوشتنەکەی ئەمڕۆ بکوژ تەقەی لە ماڵی برایەکی دیکەم کردووە، بەڵام خۆشبەختانە کەس نەکوژراوە."
کەسوکاری کوژراوەکان لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی کە "داوا دەکەین کە کەسی یەکەمی زۆرنی سەوز کاک بافڵ تاڵەبانی تۆمەتباری رووداوەکە دەستگیربکات."
ژنە کوژراوەکە پێنج منداڵی هەنە، مەریوان ئەحمەد گوتیشی "سەرەتا برازایەکم لە بەردەرگا کوژراوە، دواتر چووەتە ژوورەوە و دەستڕێژی گوللـەی کردووە بەهۆیەوە برایەکم و دوو خوشکمی کوشتووە، هەروەها دایکم و برازایەکی دیکەم بریندارن."
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا مەریوان رایگەیاند کە پێشتر تۆمەتبارەکە "باوەژن و خوشکەزاکەی خۆی و کەسێکی دیکەشی لە تاسڵجوڵە کوشتووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ