رووداو دیجیتاڵ
گەشتە ئاسمانییەکان لە تورکیاوە بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی و بەپێچەوانەوە دەستپێدەکەنەوە. یەکەم گەشت لە تورکیاوە بۆ سلێمانی دەبێت.
دوای نزیکەی دوو ساڵ، رۆژی 9ی تشرینی یەکەمی 2025 و لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە رەزامەندی و راسپاردەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵگیرا.
بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە، 3-11-2025 یەکەم گەشت لەلایەن هێڵی ئاسمانیی تورکش ئێیەرلاینز لە تورکیاوە بۆ سلێمانی دەبێت. کۆمپانیاکە هەفتانە 4 گەشتی دەبێت.
رێباز محەممەد خەلیل، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی بەوەکالەت لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، کرانەوەی ئاسمانیی تورکیا ژمارەی گەشتەکانیان زیاد دەکات و "داخرانی ئاسمانی تورکیا 35٪ـی چالاکییە گەشتاریی و بازرگانییەکانی فڕۆکەخانەکەی کەمکردبووەوە".
رێباز محەممەد گوتیشی، لە سەرەتای مانگی 12، هێڵێکی دیکەی ئاسمانی گەشتەکانی بۆ سلێمانی دەستپێدەکاتەوە و هەوڵدەدەن گەشتەکانیان زیاتر بکەن.
یەکەمجار تورکیا لە 3ی نیسانی 2023، ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا داخست، ئەوەش بە پاساوی زیادبوونی چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سنوورەکە و زیادبوونی هەژموونی ئەو پارتە لە فڕۆکەخانەکەدا، وەکو تورکیا ئاماژەی پێدەکرد.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە ساڵی 2003 بەردی بناخەی دانرا و لە ساڵی 2005 بە فەرمی کرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ