دوو رۆژە حکومەتی عێراق بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت

02-12-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دوو رۆژە حکومەتی عێراق بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت و بەهۆیەوە دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری کەمبووەتەوە. 
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رۆژی شەممە، 02-12-2023، دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، ماوەی دوو رۆژە حکومەتی عێراق بەنزین بۆ پارێزگای هەولێر نانێرێت لەکاتێکدا پێشتر رۆژانە هەشت تانکەری بۆ ئەو پارێزگایە دەنارد کە هەر تانکەرێک 36 هەزار لیتری تێدا بووە. 
 
دوو جۆر بەنزینی 750 دیناری لە هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێن کە یەکێکیان لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێت و ئەوی دیکە پشکی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆی دەنێرێت. 
 
ئێستا لە پارێزگای هەولێر رۆژانە لە نزیکەی 16 بەنزینخانە بەنزینی 750 دیناری دەفرۆشرێت کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دابینی دەکات، بەڵام ئەوەش کەمتر بووەتەوە بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو. 
 
نەک هەر لە پارێزگای هەولێر، حکومەتی عێراق دوو رۆژە بەنزینی بۆ پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەرین و گەرمیان نەناردووە. سەلام عومەر، ئەندامی لیژنەی دابەشکردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو بەنزینەی بە 750 دینارە و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دابینی دەکات تاوەکو ئێستاش دابەش دەکرێت کە هەر رۆژە و بڕێکمان بۆ دەنێرن لە نێوان 5 تانکەر و هەندێک کات 12 تانکەر بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەکانی راپەرین و گەرمیان."
 
بە گوتەی سەلام عومەر، بەنزینی دووەم کە هەر بە 750 دینار دەفڕۆشرێت، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دابین دەکرا، رۆژانە حەوت تانکەریان دەنارد کە هەر یەکێکیان نزیکەی 36 هەزار لیتریان تێدابوو، لەلایەن پاڵاوگەی کارەوە بە دەستیان دەگەیشت، بەڵام دوو رۆژە راگیراوە و پشکی پارێزگا و ئیدارەکان نانێردرێت. 
 
ئەحمەد جەلال، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەنزینی حکومەتی عێراق دوو رۆژە راگیراوە و بەنزینی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش کەمتر بووەتەوە و ئێستا تەنیا لە سێ بۆ چوار بەنزینخانە دابەش دەکرێت و پیشتر رۆژانە نزیکەی 11 تانکەریان دەنارد."
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، هەرێمی كوردستان رۆژانە پێویستیی بە 4 بۆ 5 ملیۆن لیتر بەنزینە.
 
ئە مساڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بەنزینی پاڵپشتیکراوی بە نرخی 690 دیناری و 800 دیناری بە هاونیشتمانیان دەفرۆشت، بەڵام لە 1ـی ئایارەوە، بە بڕیاری وەزارەت نرخی بەنزینی 690 دیناری و 800 دیناری بوون بە 750 دینار بۆ هەموو جۆرەکانی ئۆتۆمبێل بە پاس، تاکسی و تایبەتیشەوە.
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

'مامە ڤاندام'

'مامە ڤاندام' دەستگیر کرا

ئەمشەو شێرزاد عەبدولوەهاب ناسراو بە 'مامە ڤاندام' دەستگیر کرا. گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت: " بە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوندی دەستگیر کراوە."