دادگەی سنە داوا لە زارا محەممەدی دەکات خۆی رادەست بکات

03-01-2022
فواد حەقیقی
زارا محەممەدی
زارا محەممەدی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دادی پارێزگای سنە داواکاریی زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی بۆ پێداچوونەوە بە پێنج ساڵ زیندانیکردنی رەتکردەوە و ماوەیەکی کورتی بۆ دیاریکرد بۆئەوەی خۆی رادەست بکات.
 
ئەنجوومەنی ئەدەبیی نۆژین، کە بەڕێوەبەرەکەی زارا محەممەدییە بە بڵاوکردنەوەی ئاگادارییەک لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە ئینستاگرام ئاماژەی بەوە کردووە، "دوای هەوڵێکی زۆر بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای نادادپەروەرانەی زارا محەممەدی لە دادگەی بەرایی، دادگەی پێداچوونەوە و دادگەی باڵا، بەداخەوە جارێکی دیکە سەرۆکی دادی پارێزگای سنە سزاکەی بەسەر زارادا سەپاندەوە و سزاکەشی رەوانەی نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکان کردووە".
 
لقی یەکی دادگەی شۆڕشی ئیسلامیی شاری سنە رۆژی16-02-2020 بە تۆمەتی "پێکهێنانی گرووپ و کۆمەڵە بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" بە 10 ساڵ زیندان سزای بەسەر زارا محەممەدیدا سەپاند، بەڵام دادگەی پێداچوونەوەی پارێزگای سنە سزاکەی بۆ 5 ساڵ کەمکردەوە.
 
زارا محەممەدی رۆژی 23-05-2021 لە شاری سنە دەستبەسەر کرا، بەڵام دواتر بە کەفالەت ئازادکرا.
 
رۆژی 14-2-2021 زارا محەممەدی میوانی بوولتەنی هەواڵەکانی تایبەت بە رۆژهەڵاتی کوردستانی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و گوتی، "لەلایەن وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرام؛ دواتریش بە تۆمەتی دروستکردنی گرووپ و ئەندامێتی لە حیزبەکان دەستگیرکرام.. پاش بەڕێوەچوونی یەکەم دانیشتنی دادگەی شۆڕش، بە بارمتەیەکی 700 ملیۆن تمەنی ئازاد کرام".
 
 
زارا محەممەدی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ئەدەبی نۆژین بوو. ئەو رێکخراوە زیاتر لە بواری فێرکردنی زمانی کوردی، بوارە کولتوورییەکان و یارمەتیدانی خەڵکی لێقەوماودا چالاک بووە. ئەنجوومەنەکە مۆڵەتی فەرمیی وەزارەتی ناوخۆی ئێرانی هەیە.
 
زارا محەممەدی بە رووداوی گوت، کارەکانی بۆ ماوەی 10 ساڵ لە چوارچێوەی کارەکانی ئەنجوومەنی نۆژین بووە کە کار بۆ ناساندنی زمان و شوناسی کورد دەکات لە گوندەکاندا و پرسی زمانی جووڵاندووە بە شێوەیەک کە تەنیا ئەلف و بێی کوردی نەبێت و رایگەیاند، "لە تەواوی وانەکانمدا باسم کردووە، پرسی زمانی کوردی پەیوەندیی بە شوناسی کوردەوە هەیە نەک تەنیا فێربوونی زمان؛  ئەوەش وەکو گرنگترین کارەکانمان بووە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

بەڵێندەران لە "ترسی نەبوونی پارە" پڕۆژەی رێگەوبانی گوندەکانی بێتواتە وەرناگرن

دانیشتووانی ژمارەیەک گوندی سنووری ناحیەی بێتواتە لە ئیدارەی راپەڕین، لە خراپیی رێگەوبانەکانیان نیگەرانن. بەڕێوەبەری ناحیەکەش ئاشکرای دەکات، سەرەڕای ئەوەی دوو جار تەندەر بۆ پڕۆژەی رێگەی چوار گوند راگەیێندراوە، بەڵام "لەترسی نەبوونی نەختینە" هیچ بەڵێندەرێک ئامادە نییە پڕۆژەکە وەربگرێت