زانیاری لەبارەی ئەو درۆنەی لە نزیک فڕۆکەخانەی سەربازیی کەرکووک کەوتە خوارەوە

03-07-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرەتا، سەرچاوەیەکی ئەمنی لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دەنگێکی بەهێز لە شارەکەدا بیستراوە، بەڵام هێشتا نازانرێت تەقینەوە بووە یان نا"، دواتر پەیامنێری رووداو پشتڕاستی کردەوە کە درۆنێک لە پشتەوەی گەڕەکی بەدری شارەکە کەوتووەتە خوارەوە.
 
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان کە پەیامنێری رووداو لە هێزە ئەمنییەکان وەریگرت، رووداوەکە دەوروبەری کاژێر 09:00 بووە و درۆنێک لەنێوان گوندی بڵاوە و گەڕەکی بەدر کەوتووەتە خوارەوە کە نزیکە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان و فڕۆکەخانەی سەربازی.
 
لەبارەی دەنگۆی ئەوەی کە تەقینەوە لەنێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیى کەرکووک هەبووبێت، هەردى سەمەد، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى فڕۆکەخانەکە بە رووداوى راگەیاند، "هیچ تەقینەوەیەک لەنێو فڕۆکەخانە و دیوارى فڕۆکەخانەکە رووینەداوە".
 
بەگوتەی ئەو، تیمى ئۆپەراسیۆنى فڕۆکەخانە پشکنینیان کردووە بۆ ئەو دەنگۆیە و دەرکەوتووە، هیچ تەقینەوەیەک لە بەشى سەربازى و مەدەنى فڕۆکەخانەکە و دیوارەکەى روینەداوە.
 
 
تەنیا هەندێ پووش و پەڵاشی سووتاندووە
 
هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو چووە شوێنی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە و لەوێوە زانیاری خستەڕوو: "دەنگی درۆنەکە لە بەشێکی زۆری گەڕەکەکان بیسترا، لە پشتی گەڕەکی بەدر کەوتە خوارەوە کە نزیکە لە فڕۆکەخانەی سەربازی".
 
هەروەها گوتی کە سوپای عێراق، حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکان چوونەتە شوێنەکە و درۆنەکەیان هەڵگرتووەتەوە و بردوویانە کە "درێژییەکەی 180 سانتیم و پانییەکەی زیاتر لە مەترێک بووە".
 
لەبارەی زیانەکانییەوە، هیوا حوسامەدین دەڵێت، تەنیا هەندێ پووش و پەڵاشی لەو دەوروبەرە سووتاندووە و زیانی گیانی نەبووە.
 
درۆنەکە لەکوێوە ئاراستە کراوە؟ پەیامنێری رووداو بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی دەڵێت، لە باشووری کەرکووکەوە بەرەو باکووری شارەکە ئاراستە کراوە و "هێزە ئەمنییەکان بۆیان دەرکەوتووە [درۆنەکە] دروستکراوی نێوخۆییە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زۆرترین کاڵا هەناردەکراوەکان بریتین لە: کاشی، سیرامیک، شووشە، بەرهەمە پلاستیکییەکان، بەردی ئاسن، گەچ، ئامێری کشتوکاڵ، بەرهەمی پیشە دەستییەکان و سەوزە و میوە

گومرگی کرماشان: هەناردەی کاڵا لە دەروازە سنوورییەکانمانەوە کەمی کردووە

بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای کرماشان رایدەگەیێنێت، لە 10 مانگی رابردوودا هەناردەکردنی کاڵا لە دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە بەراورد بە ساڵی رابردوو هەم لە رووی بڕ و هەم لە رووی نرخەوە کەمی کردووە.