رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هیچ کوردێکی عێراقی لە سنوور نەپەڕیوەتەوە.
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەنگۆی پەڕینەوەی ژمارەیەک کوردی لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو ئێران رەتکردەوە و رایگەیاند: "هیچ کوردێکی عێراقی لە سنوور [بەرەو ئێران] نەپەڕیوەتەوە و ئەمە بە تەواوی ناڕاستە."
هاوکات فەرماندەیەکی هێزەکانی حزبی کۆمەڵەی زەحمەت کێشانی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە ئامادەین بۆ هەموو ئەگەرێک و دەستمان کراوەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەهیچ جۆرێک هیچ هێزێکمان نەچووەتە رۆژهەڵاتی کوردستان [ئێران] و ئەو هەواڵانەی بڵاوکراونەتەوە راست نین."
هەروەها ژووری ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی پارتی ئازادی کوردستان (پاک) بە رووداوی راگەیاند: "دەنگۆی ناردنی هێز هەیە لەلایەن هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام ئەو هەواڵە راست نییە و هێزەکانی ئێمە نەچوونەتە رۆژهەڵاتی کوردستان."
لەبارەی هەمان دەنگۆوە، سازمانی خەباتی کوردستان رایگەیاند، "ئەم هەواڵانە سەرلەبەری درۆن و تەواو دوورن لە راستییەوە".
بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان: هیچ کوردێکی عێراقی نەچوونەتە نێو ئێران و ئەو دەنگۆیانە راست نین
— Rudaw (@Rudawkurdish) March 4, 2026
بێستوون عوسمان پەیامی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەخوێنێتەوە pic.twitter.com/MXsautAq0d
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران دەڵێت، "تا ئێستا هیچ هێزێکی پێشمەرگە نەڕۆیشتووەتەوە ناو رۆژهەڵات و بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە پڕوپاگەندانە هیچ بنەمایەکیان نییە. داوا لە هاووڵاتییان و دڵسۆزان دەکەین بڕوا بەم جۆرە چەواشەکارییانە نەکەن و زانیاری دروست تەنیا لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن".
ئەم رەتکردنەوەیە دوای ئەوە دێت کە بەیانیی ئەمڕۆ، چەند میدیایەکی ئەمریکی هەواڵی چوونی ژمارەیەک کوردی بۆ نێو خاکی ئێران بڵاوکردەوە، بەڵام لە هەواڵەکەدا پشتیان بە هیچ سەرچاوەیەکی دیار نەبەستبوو.
لەلایەکی دیکەوە، پەیامنێرانی ئاژانسی تەسنیم لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان و ئازەربایجانی رۆژئاوا رایانگەیاند، تاوەکو ئەم ساتە هەموو ئەو هەواڵانەی لەلایەن فۆکس نیوز و ئاکسیۆسی ئەمریکییەوە بڵاوکراونەتەوە کە پەیوەندیی نزیکیان لەگەڵ موساد هەیە، لەبارەی هاتنە ناوەوەی زەوینیی هێزە کوردییەکان دوورن لە راستییەوە.
تەسنیم، کە ئاژانسێکی فەرمیی ئێرانە رایگەیاند، لە سنوورەکانی ئیلام تاوەکو ئێستا هیچ جووڵەیەک بەدی نەکراوە. پەیامنێری تەسنیم لە کرماشانیش ئاماژەی بەوە کرد، لە سنوورەکانی کرماشانیش تاوەکو ئەم ساتە هیچ جووڵەیەک نییە.
هەروەها پەیامنێری تەسنیم لە ورمێ گوتی: "تاوەکو ئێستا هیچ راپۆرتێکمان لەبارەی هاتنی هێزە کوردییەکان لە سنوورەکانەوە بەدەست نەگەیشتووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ