بەهۆی داخستنی فڕۆکەخانەکانەوە؛ هاتووچۆ لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل 30٪ زیادی کردووە

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
غەریب مەجید
.
.
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای داخستنی ئاسمانی ناوچەکە و پەککەوتنی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکان بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک، دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل بووەتە تاکە رێگەی دەربازبوون بۆ هەزاران گەشتیار تاوەکو بتوانن بگەنەوە وڵاتەکانیان.
 
عومەر و مەعاد دوو گەشتیاری ئیماراتین؛ ئەوان زیاتر لە مانگێک بوو لەنێو جوانیی سروشتی کوردستان و شارەکانی عێراقدا گەشتیان دەکرد، بەڵام تێکچوونی بارودۆخەکە و راوەستانی گەشتە ئاسمانییەکان، پلانەکانیانی گۆڕی و ناچاری کردن رێگایەکی دووری وشکانی بگرنە بەر.
 
عومەر شەمس، گەشتیاری ئیماراتی سەبارەت بەو رێگەیە دەڵێت: "من لە دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتووەوە هاتووم و بەرەو تورکیا دەچین، ئینشەڵا دەگەینە ئەوێ. بە ڕاستی ڕێگاکە زۆر دوور بوو، بەهۆی ئەو دوورییە زۆرەوە نزیکەی دوو ڕۆژ و نیومان لە ڕێگای وشکانیدا بەڕێ کرد. بەڵام کاتێک گەیشتینە لای ئێوە (هەرێمی کوردستان)، زۆر هەستمان بە حەسانەوە کرد. ئەمە یەکەمجارە دێینە ئێرە، بەڵام لێرە کار و ڕێکارەکانیان بە ڕاستی نایاب بوون. کارەکان لە دەروازەکە زۆر بە خێرایی ئەنجام دەدران و خزمەتگوزارییەکانیان باش بوون، دەستخۆشییان لێ دەکەم."
 
هاوکات مەعاد عاشوور، گەشتیارێکی دیکەی هەمان وڵات، ئاماژە بەوە دەکات: "وڵاتمان بینی و هەموو شوێنەکانمان گەڕاین، بەڵام نزیکەی دوو ڕۆژ و نیو بۆ سێ ڕۆژی خایاند تا گەیشتینە ئێرە. لێرە زیاتر حەساینەوە، حەزمان دەکرد زیاتر لە زاخۆ بمێنینەوە چونکە شارێکی زۆر جوانە، بەڵام پێشتر بیرمان لێ نەکردبووەوە و بەرنامەیەکی وەهامان نەبوو، زۆر بە پەلەین و دەبێت بچین بۆ تورکیا. ئینشەڵا جاری داهاتوو کە ویستمان بگەڕێینەوە، سێ چوار ڕۆژ لە زاخۆ دەمێنینەوە."
 
ئەم ئاڵۆزییانە ئەگەر بۆ گەشتیاران بووبێتە مایەی بێزاری و مانەوەی زیاتر لە رێگەدا، ئەوا بۆ شۆفێرانی تەکسی و پاسی نێودەوڵەتی بووەتە دەرفەتێکی زیاتری کارکردن و جووڵەی ئۆتۆمبێلەکان بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
 
بەهلول ئەحمەد، شۆفێری تەکسی لە دەروازەکە، دەڵێت: "جووڵەی کارکردن گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەردا هاتووە دوای ئەوەی فڕۆکەخانەکان داخران. کاتێک فڕۆکەخانەکان کراوە بوون، مانگانە دوو گەشتمان دەکرد، بەڵام ئێستا دوو بۆ سێ گەشت دەکەین، ئەوەش بەپێی ژمارەی گەشتیاران دەگۆڕێت. گەشتیارەکانمان تێکەڵاون؛ ئەوانەی پێشتر لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و بەغداوە بە فڕۆکە گەشتیان دەکرد، ئێستا بەهۆی داخستنی فڕۆکەخانەکانەوە دێن و لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە تێدەپەڕن."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل، پێشتر رۆژانە لە نێوان حەفت بۆ نۆ هەزار گەشتیار هاتووچۆیان دەکرد، بەڵام ئێستا ئاستی هاتووچۆ بە رێژەی 30٪ زیادی کردووە و رۆژانە زیاتر لە 11 هەزار کەس لەو دەروازەیەوە هاتووچۆ دەکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

.

بۆچی ئینتەرنێت بۆ خوێندنی ئۆنلاین لاوازە؟ وەزارەتی گواستنەوە روونکردنەوە دەدات

دوای بڕیاری پەیڕەوکردنی خوێندنی ئۆنلاین لە هەرێمی کوردستان، بەشێک لە قوتابیانی پەروەردە و خوێندنی باڵا گلەیی لە لاوازیی هێڵەکانی ئینتەرنێت دەکەن. وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنیش رایدەگەیێنێت، کێشەکە 100% پەیوەندیی بە جۆری ئەو پاکێجانەوە هەیە کە بەکارهێنەران دەستەبەریان کردووە.