20 ساڵە لەسەر شەقامەكانی دەربەندیخان دەژی

04-05-2018
سروە ئەحمەد
نیشانەکردن دەربەندیخان
A+ A-

رووداو- هەولێر

لەیلا، تەمەن 50 ساڵ، زیاتر لە 20 ساڵە لەسەر شەقامەكانی شارۆچكەی دەربەندیخان رۆژ دەكاتەوە. لایەنە پەیوەندیدارەكان زۆر هەوڵیان داوە بۆ ئەوەی بچێتە خانوویەك، بەڵام بە قسەی كەس ناكات.

لەیلای مام والی، كچە گەورەی ماڵ بووە، لە قەزای كەلار ژیانێكی ئاسایی هەبووە. كاتێك گەنج بووە هاوسەرگیری كردووە، بەڵام لەگەڵ هاوژینەكەی نەگونجاوە و جیابووەتەوە و گەڕاوەتەوە لای باوكی و خوشكە بچووكەكەی. دوای ماوەیەك باوكی كۆچی دوایی كردووە و خوشكەكەشی شووی كردووە، ئەمەش سەرەتای تێكچوونی لانەی لەیلا بوو. دواتر تووشی نەخۆشیی دەروونی دەبێ و دەكەوێتە سەر شەقامەكان.

لەیلا نزیكەی 20 ساڵە لەسەر شەقامەكانی دەربەندیخان ژیان بەسەر دەبات، سەرەڕای هەوڵی لایەنە پەیوەندیدارەكانی قەزاكە، بەڵام دەستبەرداری شەقام و بازاڕەكانی ئەو شارە نابێ‌.  لەیلا رازی نییە خەڵك لێی نزیك ببێتەوە، هەر بۆیە (رووداو) نەیتوانی قسەی لەگەڵ بكات.

عەمید لوقمان سابیر شكور، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی گەرمیان كە خزمی لەیلایە، باس لە ژیانی ئەو ژنە دەكات و دەڵێت: "لەیلا نەخۆشیی دەروونی هەیە. بە گەنجی شووی كردووە و لە قەزای كەلار ژیاوە، بەڵام نازانم بۆچی لە هاوژینەكەی جیابووەتەوە. دواتر تووشی نەخۆشیی دەروونی بووە و كەوتووەتە سەر شەقام".

عەمید لوقمان دەڵێت چەندینجار شوێنی مانەوەیان بۆ دابین كردووە، بەڵام لە خانوودا نامێنێتەوە، دوای ئەوەی جێی دەهێڵن دێتەوە سەر شەقامەكان.

بارزان مەحمود، بەڕێوەبەری چاودێریی كۆمەڵایەتی لە قەزای دەربەندیخان تاوەكو ئێستا چیرۆكی لەیلای بۆ روون نەبووەتەوە، چونكە بە چەند جۆرێك باسكراوە. بارزان گوتی: "ئەو ژنە 20 ساڵە لەسەر شەقامەكانە، هەندێك كەس دەڵێن چوار منداڵی هەیە".

هەرچەندە ماڵی باوكی لەیلا لە كەلار بووە و ئێستاش خوشكە بچووكەكەی لەگەڵ هاوژینەكەی لە كەلارە، بەڵام لەیلا هۆگری شەقامەكانی دەربەندیخانە و دەڵێت ئەم شارە جێناهێڵم.

بەڕێوەبەری چاودێریی كۆمەڵایەتی قەزای دەربەندیخان دەڵێت: "هەوڵمان داوە شوێنی حەوانەوەی بۆ دابین بكەین، بەڵام پێداگرە لەسەر ژیانی سەر شەقامەكان، هەرچی خۆی بیەوێت دەیكات و گوێ بەكەس نادات و رەنگە ئەمەش بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كە لەلایەن خەڵكی قەزاكەوە رێزی لێ دەگیرێت و زۆر هاوكاری دەكرێت".

خەڵكی قەزای دەربەندیخان رێزی زۆر لە لەیلا دەگرن و هاوكاریی دەكەن، پارەی دەدەنێ و جلوبەرگی بۆ دەكڕن و خواردنی دەدەنێ. نووری حەمەعەلی، دانیشتووی قەزای دەربەندیخان بە (رووداو)ی گوت: "لەیلا راستە نەخۆشیی دەروونی هەیە و لەسەر شەقامەكانە، بەڵام زیان بە كەس ناگەیەنێ‌، بۆیە خەڵكەكە خۆشیاندەوێ‌ و هاوكاری دەكەن".

ئەگەرچی خەڵكی شارۆچكەكە زوو زوو جلی تازە بۆ لەیلا دەهێنن، بەڵام ئەو خووی بە جلی كۆن و دڕاوەوە گرتووە و جلە نوێیەكان دەبەخشێتەوە. نووری دەڵێت "كە جلی تازەی بۆ دەبەین رەتیناكاتەوە، بەڵام لەبەریان ناكات و دەیداتە خەڵكی دیكە. تەنانەت زۆر جار ئەو پارەیەی خەڵك دەیداتێ‌، ئەو دەیداتەوە منداڵان".

لەیلا خاوەن پێداویستی تایبەتە، حكومەتی هەرێمی كوردستان ماوەی چەند ساڵێكە مووچەی مانگانەی بۆ كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بڕیوەتەوە كە پێشتر 150 هەزار دینار بوو، بەڵام دواتر بەهۆی دەستكاریكردنی سیستمی مووچەوە كەمكرایەوە بۆ 90 هەزار دینار.

بارزان محەممەد دەڵێت: "ماوەیەك مووچەمان بە لەیلا دا، بەڵام دواتر ئامادە نەبوو وەریبگرێ، پاشان كەسێك هات و گوتی برای لەیلام، من مووچەكەی وەردەگرم و لەیلاش رازی دەكەم بێتەوە لای من لە كەلار، بەڵام لەیلا گوتی من هیچ برایەكەم نییە، ئێمەش بە دواداچوونمان كرد لەڕێگەی ناسیاوێكیان دەركەوت ئەو كەسە راست ناكات و لەیلا هیچ برایەكی نییە".

هەرچەندە لەماوەی 20 ساڵی ژیانی لەیلادا لەسەر شەقامەكان، هیچ كێشەیەكی بەرەوڕوو نەبووەتەوە، بەڵام بەردەوام ترس لەسەر ژیانی هەیە. بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی دەڵێت: "راستە تاوەكو ئێستا كێشەی بۆ دروست نەبووە، بەڵام هیچ گرەنتییەك نییە سبەی تووشی كێشە نەبێ‌، بۆیە هەوڵ درا ببرێتە نەخۆشخانەی دەروونیی سلێمانی، بەڵام ئەوانیش ئامادە نەبوون وەریبگرن بەهۆی ئەوەی كەسێكی نزیكی نەبوو لەگەڵی بچێت كە مەرجی نەخۆشخانەكە بوو".

نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان كەیسی لەیلا بە هی خۆیان نازانن و ناشتوانن هیچ مامەڵەیەكی لەگەڵ بكەن. وەك شەهاب ئەحمەد، بەرپرسی نووسینگەی دەربەندیخانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان باسی دەكات، تاوەكوئێستا هیچ سكاڵایەك تۆمار نەكراوە پەیوەندیدار بێت بە لەیلا، كاری ئەوانیش زیاتر پەیوەندیدارە بە كەیسی خێزانی.

شەهاب ئەحمەد گوتی: "ئەو ژنە ئامادە نییە بچێتە هیچ خانوویەك و نەخۆشخانەی دەروونیش كە نەخۆشێك وەردەگرن، پێویستە كەسێك ببێتە كەفیلی كە دوای ئەوەی چارەسەری پێویستی وەرگرت، لەخۆی بگرێت و بەخێوی بكات، بەڵام لەیلا هیچ كەسێكی نییە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە