فەرحان شکوور هۆکاری رۆیشتنی لەیانەی دەربەندیخان بۆ رووداو سپۆرتس ئاشکرا دەکات

14-07-2025
سیڤەر بێستوون
نیشانەکردن فەرحان شکوور یانەی دەربەندیخان
A+ A-
رووداو دێجیتاڵ 

فەرحان شکوور، یاریزانی ناسراوی کورد رایگەیاند بەهۆی گەورەبوونی منداڵەکانی، یارییکردن بۆ ئەو لە خولەکانی عێراق ئەستەم بووە و دەڵێت "منداڵە گەورەکەم 13 ساڵە و ناتوانم لێیان دووربم". 
 
فەرحان شکوور، ئەم وەرزە لەگەڵ یانەی دەربەندیخان ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد، بەڵام لە هەفتەکانی کۆتایی خولەکەدا رۆیشتنی لە یانەی دەربەندیخان راگەیاند.
 
فەرحان لەسەر ئەم بابەتە، لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو گوتی "ئێمە ئاستێکی بەرزمان پێشکێش کرد و من گۆڵکاری یانەکەم بووم، بەڵام لە گواستنەوەی زستانەدا پێنج یاریزانی گرنگی تیپەکە رۆیشتن و کەسیشیان بۆ شوێنی ئەوان نەهێنرا، بۆیە هەستم کرد تیپەکە لە ئامانجەکەی ساردبووەتەوە، ئەوە هۆکاری رۆیشتنم بوو". 
 
فەرحان لەسەر داهاتووی خۆی بۆ رووداو سپۆرتس قسەی کرد و گوتی "بەڕاستی من ناتوانم لە خێزانەکەم دووربم، کچەکەم 13 ساڵە و منداڵەکانی دیکەشم پێویستییان پێمە، دوای رۆیشتنم لە یانەی دەربەندیخان، چەندین یانەی خولی عێراقی لە خولی نایاب و خولی ئەستێرەکان پەیوەندییەکان پێوەکردووم، بەڵام بەڕاستی نەمتوانی لە خێزانەکەم دووربم، ئەگەر بچم بۆ یانەکانی خوارووی عێراق ناچار دەبم دووربم لێیان".
 
ئەو لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "لە کۆتاییدا چاوەڕێی گرێبەستی ئەم وەرزە دەکەم لە خولی نایابی کوردستان، بێگومان چەندین یانەی ئاستبەرز هەن کە دەمەوێت یارییان بۆ بکەم، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی دەرگە بەڕووی هیچ یانەیەک داناخەم، چ لە نێوخۆی کوردستان چ لە یانەکانی عێراق". 
 
فەرحان، خاوەنی 75 گۆڵە لە خولەکانی عێراق، ئەم وەرزەش خاوەنی 15 گۆڵ بوو لە خولی نایابی کوردستان، بەڵام بەهۆی جیابوونەوەی لە یانەی دەربەندیخان، نەیتوانی ببێتە گۆڵکاری خولی نایابی کوردستان، کە فرانسیس دادزێی یاریزانی یانەی پێشمەرگەی هەولێر بووە گۆڵکاری ئەم وەرزەی خولی نایابی عێراق. 
 
ئەم گۆڵکارە یاری بۆ هەریەک لە یانەکانی هەولێر، زاخۆ، نەفتی ناوەڕاست، داڵکورد، خاک، نەجەف، دهۆک، فەیسەڵی، کارەبا، ئەمانەی بەغدا، کەرخ و گازی باکوور کردووە و دوایین یانەش دەربەندیخان بوو کە ئەم وەرزە یاری بۆ کرد. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە