رووداو دیجیتاڵ
راهێنەری یانەی دەربەندیخان راشکاوانە بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند کە بۆ وەرزی نوێ ئامانجیان تەنیا بەشداریکردن و مانەوەیە لە خولی نایابی کوردستان.
یانەی دەربەندیخان، ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان دەستپێکردووە، بەڵام هیوای رکابەرییان نییە، بەهۆی ئەوەی بودجەیان کەمە.
دڵشاد محەممەد، راهێنەری یانەکە لەوە بارەیەوە بەتایبەت بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "ئامانجمان تەنیا بەشداریکردنە و دەمانەوێت تەنیا لە خولەکە بمێنینەوە".
یانەی دەربەندیخان، وەرزی رابردوو بەسەرکردایەتی دڵشاد محەممەد، راهێنەری یانەکە توانی لە پلەی حەوتەم کۆتایی بە وەرزەکە بهێنێت و لەکۆی 28 یارییدا 38 خاڵی کۆکردەوە.
دڵشاد محەممەد، راهێنەری یانەی دەربەندیخان هۆکاری ئەو بێئومێدییە یانەکەی بۆ رووداو سپۆرتس روونکردەوە و گوتی "وەرزی رابردوو تیپێکی باش بووین، هەوڵ دەدەین بەهەمان گڕوتینی وەرزی رابردووەوە بێینەوە مەیدان، بەڵام ئەو بودجەیەی کە ئەمساڵ هەمانە تەنیا دەتوانین بەشدارییەکی باش بکەین و ئامانجمان تەنیا مانەوەیە لە خولەکەدا".
ئەو راهێنەرە لەسەر ئامادەکارییەکانی یانەکەی بۆ وەرزی نوێ گوتی "کێشەمان لە هێڵی پیشەوە هەیە و پێویستە چەند گواستنەوەیەک لەو هێڵە ئەنجام بدەین بۆ ئەوەی ریزەکانمان بەهێز بکەین، هەروەها پێویستە شوێنی یاریزانە رۆیشتووەکانیش پڕبکەینەوە و تیپێکی تۆکمە ئامادە بکەین".
رۆژی 2ـی10ـی2025 خولی نایابی کوردستان دەستپێدەکات و یانەی دەربەندیخانیش وەک یانەکانی دیکەی خولی نایابی کوردستان دەستی بە ئامادەکارییەکانی وەرزی نوێ کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ