رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی میدیایی رووداو بڕیاری داخستنی نووسینگەکەی لە رۆژئاوای کوردستان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە "تاوان" بەرامبەر ئازادیی کاری راگەیاندن ناودەبات و رایدەگەیێنێت، بڕیارەکە "بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت تۆڕی میدیایی رووداو لە گواستنەوەی هەواڵەکانی رۆژئاوای کوردستان بوەستێنێت و، ناتوانێت رۆژئاوای كوردستان و رووداو لێك جیابكاتەوە".
ئەمڕۆ شەممە 05-02-2022 فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، "کارکردنی تۆڕی میدیایی رووداو لە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا رابگرین، هەموو مۆڵەتەکانی کارکردن و مۆڵەتەکانی ئەرکی رۆژنامەگەری کە دراون بە تۆڕەکە و کارمەندانی تۆڕەکە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لێیان دەسەندرێنەوە".
تۆڕی میدیایی رووداو لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەدات، بڕیارەکە تەواو سیاسییە. "تۆڕی میدیایی رووداو بەشێوەیەكی زۆر پرۆفیشناڵانە و بەپێی یاساكان لە هەموو شوێنەكان كار دەكات، ئەم بڕیارەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموكراتی پشت بەهیچ بنەمایەكی یاسایی نابەستێت و، لە بیركردنەوەی تەسكی سیاسی و حیزبییەوە سەرچاوەی گرتووە".
لە راگەیێندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژە بەوە دراوە، "تۆڕی میدیایی رووداو لە رێگەی بوولتەنەکانیەوە کار بۆ وروژاندنی ناکۆکییەکان دەکات".
تۆڕی میدیایی رووداو ئاماژە بەوە دەدات، "ئێمە كێشە خزمەتگوزارییەكانی خەڵكمان گواستووەتەوە و خستوومانەتە بەردەمی بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستان و بۆچوونی ئەوانیش وەرگیراوە، هەروەها كێشە سیاسییەكانمان لە روانگەی هەموو لایەنە سیاسییەكان گواستووەتەوە و دیبەیتمان لەنێواندا سازكردوون، بەرفراوانترین و سەركەوتووترین رووماڵی هێرشەكانمان كردووە بۆ سەر كۆبانێ، عەفرین و سەرێكانی. هەروەها داواكاری كەسوكاری ئەو منداڵە رفێندراوانەمان گواستووەتەوە كە جوانێن شۆڕشگێڕ دەیانڕفاندن، بۆ گەڕاندنەوەی منداڵەكانیان. وادیارە ئەمانە پێشێلكارین لە روانگەی بەڕێوەبەرایەتی سەر بە پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD".
تۆڕی میدیایی رووداو بەشێوەیەکی بەرفراوان رووماڵی هێرش و تاوانەكانی داعشی كردووە لە رۆژئاوای كوردستان و وەکو لە راگەیێندراوەکەشدا هاتووە، "تاوەکو ئێستاش چارەنووسی پەیامنێرمان، فەرهاد حەمۆ نادیارە كە لە رۆژی 15ی كانوونی دووەمی 2014 لەنێوان قامشلۆ و تل كۆچەردا لەلایەن داعشەوە رفێندرا".
تاوەکو ئێستا شەش جار بە بۆمبی مۆلۆتۆف و بەرد و دار هێرشكراوەتە سەر نووسینگەی رووداو لە رۆژئاوای کوردستان، كە رێكخراوی جوانێن شۆڕشگێڕ لە رۆژی 6ی كانوونی دووەمی 2022 لە تەلەڤزیۆنی رووداو دانیان بە بەرپرسیارێتیی خۆیان دانا لەسەر ئەو هێرشانە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "رووداو كە دەزگای میدیایی ژمارە یەكی بێ ركابەرە لە رۆژئاوای كوردستان و جێگەی متمانەی خەڵكی رۆژئاوای كوردستانە، ماوەیەكی زۆرە لەژێر هێرشی چەك بەدەستە دەمامكدار و گەنجە حیزبییە گێرەشێوێنەكاندایە لە رۆژئاوای كوردستان... تائێستا دوو پەیامنێری رووداو لە رۆژئاوای كوردستان دەركراون، هەروەها بە لێدان هێرشكراوەتە سەر سێ پەیامنێر و كامێرامانی رووداو، هەڕەشەی كوشتن لە هەموو كارمەندانی رووداو كراوە لە رۆژئاوای كوردستان. هەروەها رۆژی 7ی كانوونی یەکەمی 2021 ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان هەڵیكوتایە سەر نووسینگەی رووداو و هەموو كارمەندانی رووداوی دەستگیركرد و دواتریش گوتیان بە هەڵە بووە. هەروەها جارێكی دیكە لە 4ی ئابی 2015 بریاری قەدەخەكردنی رووداو لە رۆژئاوای كوردستان درا و تاوەكو 20ی ئاداری 2018 بەردەوام بوو".
دوای ئەو رووداوانە، لە کاتی ئاگادارکردنەوەی بەرپرسانی ناوچەکە، وەکو لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی پێدراوە، ئاگادارکردنەوەکە "هیچ سوودی نەبووە و هەندێكیشیان گوتوویانە 'ئەوە بەدەرە لە دەسەڵاتی ئێمە' ".
تۆڕی میدیایی رووداو داوا لە خەڵكی رۆژئاوای كوردستان، پارتە سیاسییەكان، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە رۆژئاوای كوردستان و هەموو پارچەكانی كوردستان و دەرەوە، هەروەها داوا لە نوێنەرایەتی نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەمریكا و وڵاتانی دیكە دەكات لە رۆژئاوای كوردستان و سووریا، هەروەها داوا لە هەموو رێكخراوە بەرگریكارەكان لە ئازادی و كاری رۆژنامەڤانی دەكات، هەڵوێست وەربگرن و گوشار بكەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە.

دەقی راگەیێندراوی تۆڕی میدیایی رووداو:
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر تاوانێك بەرامبەر ئازادی كاری راگەیاندن ئەنجامدەدات
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموكراتیی لە باكوور و رۆژهەڵاتی سووریا، بڕیاری راگرتنی كاری تۆڕی میدیایی رووداو و، لێوەرگرتنەوەی مۆڵەتی كاری میدیایی لە رووداو و هەموو كارمەندانی دا. ئەمڕۆ شەممە 5ی شوباتی 2022، ئەم بڕیارە بە واژۆی نوور سەعید و جوان مەلا ئیبراهیم، هاوسەرۆكانی فەرمانگەی راگەیاندن بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردرا.
تۆڕی میدیایی رووداو، ئەم بڕیارە بە بڕیارێكی تەواو سیاسی دادەنێت و، هەروەها وەك تاوانێك بەرامبەر ئازادی كاری راگەیاندن لە رۆژئاوای كوردستان تەماشای دەكات. تۆڕی میدیایی رووداو بەشێوەیەكی زۆر پرۆفیشناڵانە و بەپێی یاساكان لە هەموو شوێنەكان كار دەكات، ئەم بڕیارەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموكراتی پشت بەهیچ بنەمایەكی یاسایی نابەستێت و، لە بیركردنەوەی تەسكی سیاسی و حیزبییەوە سەرچاوەی گرتووە.
ئێمە كێشە خزمەتگوزارییەكانی خەڵكمان گواستووەتەوە و خستوومانەتە بەردەمی بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستان و بۆچوونی ئەوانیش وەرگیراوە، هەروەها كێشە سیاسییەكانمان لە روانگەی هەموو لایەنە سیاسییەكان گواستووەتەوەو دیبەیتمان لەنێوان دا سازكردوون، بەرفراوانترین و سەركەوتووترین رووماڵی هێرشەكانمان كردووە بۆ سەر كۆبانێ، عەفرین و سەرێكانی. هەروەها داواكاری كەسوكاری ئەو منداڵە رفێندراوانەمان گواستووەتەوە كە جوانێن شۆڕشگێڕ دەیانڕفاندن، بۆ گەڕاندنەوەی منداڵەكانیان. وادیارە ئەمانە پێشلكارین لە روانگەی بەڕێوەبەرایەتی سەر بە پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD.
تۆڕی میدیایی رووداو بەرفراوانترین رووماڵی هێرش و تاوانەكانی داعشی كردووە لە رۆژئاوای كوردستان و تائێستاش چارەنووسی پەیامنێرمان فەرهاد حەمۆ نادیارە كە لە رۆژی 15ی كانوونی دووەمی 2014 لەنێوان قامشلۆ و تل كۆچەردا لەلایەن داعشەوە رفێندرا.
رووداو كە دەزگای میدیایی ژمارە یەكی بێ ركابەرە لە رۆژئاوای كوردستان و جێگەی متمانەی خەڵكی رۆژئاوای كوردستانە، ماوەیەكی زۆرە لەژێر هێرشی چەك بەدەستە دەمامكدار و گەنجە حیزبییە گێرەشێوێنەكاندایە لە رۆژئاوای كوردستان. تائێستا شەش جار بە بۆمبی مۆلۆتۆف و بەرد و دار هێرشكراوەتە سەر نووسینگەی رووداو، كە رێكخراوی جوانێن شۆڕشگێڕ لە رۆژی 6ی كانوونی دووەمی 2022 بە ئاشكرا لەسەر تەلەڤزیۆنی رووداو دانیان بە بەرپرسیارێتی خۆیان دانا لەسەر ئەو هێرشانە. هەروەها تائێستا دوو پەیامنێری رووداو لە رۆژئاوای كوردستان دەركراون، هەروەها بە لێدان هێرشكراوەتە سەر سێ پەیامنێر و كامێرامانی رووداو، هەڕەشەی كوشتن لە هەموو كارمەندانی رووداو كراوە لە رۆژئاوای كوردستان. هەروەها رۆژی 7ی كانوونی دووەمی 2021 ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان هەڵیكوتایە سەر نووسینگەی رووداو و هەموو كارمەندانی رووداوی دەستگیركرد و دواتریش گوتیان بە هەڵە بووە. هەروەها جارێكی دیكە لە 4ی ئابی 2015 بریاری قەدەخەكردنی رووداو لە رۆژئاوای كوردستان درا و تاوەكو 20ی ئاداری 2018 بەردەوام بوو.
تۆڕی میدیایی رووداو هەمیشە بەرپرسان و دەزگا پەیوەندیدارەكانی بەشێوەی فەرمی ئاگاداركردووەتەوە، بەڵام هیچ سوودی نەبووەو هەندێكیشیان گوتوویانە ئەوە بەدەرە لە دەسەڵاتی ئێمە.
ئێمە داوا لە خەڵكی رۆژئاوای كوردستان، پارتە سیاسییەكان، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە رۆژئاوای كوردستان و هەموو پارچەكانی كوردستان و دەرەوە، هەروەها داوا لە نوێنەرایەتی نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەمریكا و وڵاتانی دیكە دەكەین لە رۆژئاوای كوردستان و سووریا، هەروەها داوا لە هەموو رێكخراوە بەرگریكارەكان لە ئازادی و كاری رۆژنامەڤانی دەكەین، هەڵوێست وەربگرن و گوشار بكەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە.
لە هەمانكاتدا خەڵكی رۆژئاوای كوردستان دڵنیا دەكەینەوە، كە ئەم بڕیارە بەهیچ شێوەیەك ناتوانێت تۆڕی میدیایی رووداو لە گواستنەوەی هەواڵەكانی رۆژئاوای كوردستان بوەستێنێت و، ناتوانێت رۆژئاوای كوردستان و رووداو لێك جیابكاتەوە.
تۆڕی میدیایی رووداو
5ی شوباتی 2022
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ