رووداو-هەولێر
سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە هیچ فڕۆکەیەکی هەڵگری چەک لە ئیماراتەوە هاتبێتە هەولێر و رایدەگەیێنێت، هەواڵەکە تەواو دروستکراو و بێ بنەمایە و لە هەموو راستییەکەوە دوورە.
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە دیوانى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوى راگەیاند: "هیچ ڕاستى و بنەمایەک بۆ ئەو هەواڵە نییە کە چەند رۆژێکە لە هەندێ کەناڵ و سایتى عەرەبى بڵاوبووەتەوە و هەندێ لە ماڵپەڕە کوردییەکانیش گواستوویانەتەوە، گوایە دواى سەردانى بەڕێزان سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆکوەزیرانى هەرێمی کوردستان بۆ ئیمارات، سێ فڕۆکەى بارهەڵگر چەکیان هێناوە و لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى هەولێر نیشتوونەتەوە".
سەرچاوەکە دووپاتیکردەوە کە "هەواڵەکە تەواو دروستکراو و بێ بنەمایە و لە هەموو راستییەکەوە دوورە".




