رووداو - هەولێر
کاژێر 09:00ـی شەوی رابردوو داعش هێرشیکردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە گوندی دەکەی سەرچەم لە باشووری رۆژئاوای خانەقین و پێشمەرگە رووبەڕوویان بووەوە، بەهۆیەوە سێ پێشمەرگە شەهیدبوون و دووانی دیکەش برینداربوون.
ئومێد مەجید، بەڕێوەبەری پۆلیسی کەلار بە رووداوی راگەیاند، داعش هێرشی کردووەتە سەر بنکەیەکی هێزەکانی پێشمەرگەی لیوای سێی پیادە لە گوندی دەکە و بەهۆیەوە سێ پێشمەرگە شەهیدبوون و دووانی دیکەش برینداربوون کە برینی یەکێکیان سەختە و لە نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە کەلار چارەسەری پزیشکییان بۆ دەکرێت.
ئومێد مەجید گوتیشی، دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە و مەترسی لەسەر ناوچەکە نییە.
لەبارەی ناسنامەی شەهیدەکانەوە، هەڵۆ محەممەد، پەیامنێری رووداو لە گەرمیان رایگەیاند، شەهیدەکان خەڵکی چەمچەماڵ، دەربەندیخان و کفرین.
ناوی شەهیدەکان بەمشێوەیە:
لوقمان نەجم تاهیر لەدایکبووی 1986ـە و خەڵکی قەزای دەربەندیخانە.
زیاد خەلیفە سوڵتان لەدایکبووی 1986ـە و خەڵکی قەزای کفرییە.
مەعروف محەممد مەحموود لەدایکبووی 1957ـە و خەڵکی قەزای چەمچەماڵە.
بریندارەکانیش ناویان شوان مەجید و سەڵاح ئیبراهیم محەممەدە.
پەیامنێری رووداو لە گەرمیان ئاماژەی بەوە کرد، بۆشاییەکی ئەمنی زۆر لە ناوچەی چەمی ئیسڵاح و شێخ بابە کە درێژدەبێتەوە بۆ زنجیرە چیایی حەمرین و لەوێوە بۆ قەرەتەپە و زنانە و غەڕە و پەلکانە هەیە و چەکدارانی داعش لەو ناوچانە دەسووڕێنەوە و تاوەکو دێت ژمارەیان زیاتر دەبێت.
بهپێی زانیارییەکانی ههواڵگری هێزهكانی پێشمهرگه له هێرشهكهدا زیاتر له 50 چهكداری داعش بهشدارییان كردووه و 12 چهكداریان هێرشهكهیان ئهنجامداوه، ئهوانی دیكه وهك هێزی پشتیوانی بهكارهێندراون.



