رووداو دیجیتاڵ
دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق دەڵێ، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.8 پلە لە سنووری کەلار روویداوە و لە چەند ناوچەیەک هەستی پێکراوە.
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی ئایاری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بوومەلەرزەکە کاژێر 11:53 خولەکی شەوی رابردوو لە سنووری کەلار لە پارێزگای سلێمانی روویداوە."
عامر جابری گوتی، چەقی بوومەلەرزەکە 15 کیلۆمەتر لە باکووری شاری کەلار دوور بووە و گوڕەکەی 4.8 پلە بووە بە پێوەری رێختەر.
بەگوتەی جابری، لە چەندین شوێن هەست بە بوومەلەرزەکە کراوە، لەوانەش دانیشتووانی بەغدا هەستیان بە لەرزینەکە کردووە.
یەکشەممە، 3ی ئایاری 2026، دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق راپۆرتی مانگی نیسانی تایبەت بە بوومەلەرزەی لە عێراق و باشووری کوردستان بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لەو مانگەدا 36 بوومەلەرزە تۆمارکراون کە 16یان سەرچاوەکەیان لە باشووری کوردستان و عێراق بووە و 20ەکەى دیکەیان سەرچاوەکەیان وڵاتانی دراوسێ بووە و لە عێراق و باشووری کوردستان هەستیان پێکراوە.
پارێزگای سلێمانی زۆرترین بوومەلەرزەی تێدا تۆمارکراوە کە هەشت دانە بوون. نەینەوا لە پلەی دووەم هاتووە کە سێ بوومەلەرزەی تێدا تۆمارکراوە کە لە قەزاکانی تەلەعفەر، شێخان و شاری موسڵ بوون. لە هەریەک لە دهۆک و هەولێر دوو بوومەلەرزە تۆمارکراوە؛ لە قەزای خانەقینیش لە پارێزگای دیالە یەک بوومەلەرزە تۆمارکراوە.
زۆرینەی ئەو بوومەلەرزانەی کە سەرچاوەکانیان لە دەرەوەی عێراق بووە، لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە کە 10 بوومەلەرزە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ