ئەمنەسوورەکە سیمبولی راپەڕینی خەڵکی سلێمانییە

07-03-2017
جەمال ئەحمەد جەمیل
جەمال ئەحمەد جەمیل
گەنجان بۆ تێگەیشتن لە شۆڕشی دوو دەیەی پێشوو، سەردانی ئەمنەسوورەکە دەکەن
گەنجان بۆ تێگەیشتن لە شۆڕشی دوو دەیەی پێشوو، سەردانی ئەمنەسوورەکە دەکەن
نیشانەکردن راپەڕین سلێمانی
A+ A-

رووداو - سلێمانی 

7-3-2017 ساڵڕۆژی راپەڕینی خەڵکی سلێمانییە، لەو رۆژەدا سلێمانی هاوشێوەی شار و ناوچەکانی دیکە لەدژی دەسەڵاتی رژێمی پێشووی عێراق راپەڕین. لە لای دانیشتووانی سلێمانی، شەڕی ئەمنەسوورەکە سیمبوولی راپەڕینی شارەکەیە، چونکە هیچ رووبەرێکی ئەو شارە، هێندەی ئەمنەسوورەکە جێگای ئەشکەنجەدانی کەسانی دژی رژێمی بەعس نەبووە. 

تاوەکو ئەمنەسوورەکە لەلایەن پێشمەرگە و خەڵکی شارەکەوە کۆنترۆڵ نەکرایەوە، بانگەوازی سەرکەوتنی راپەڕینی سلێمانی نەخوێندرایەوە.​ ئێستاش نەوەی نوێ ئاشنای چیرۆکەکانی نێو ئەو شوێنە دەبن و رۆژانە سەردانی دەکەن.

،محەممەد و هاوڕێكانی، بەنێو تابلۆ نمایشكراوەكانی مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنەسوورەكەدا دەگەڕێن، لەگەڵ وردبوونەوەیان لە هەر دیمەنێك دەگەڕێنەوە بۆ لای ئەو بۆردانەی كەسوكاریان بۆیان باسكردوون، لەبارەی راپەڕینەكەی ساڵی 1991 گەلی كورد. 

محەممەد ئەكرەم، خوێندكارە و لە باسی ئەمنەسوورەکە دەڵێ "كە دێینە ئەمنەسوورەكە، شتێكی مێژوویی زۆر جوان دەبینین، کە ئێمە نەمانبینیوە، بەڵام كەسانی نزیك لەخۆمان بۆیان باسكردووین. ئێستا ئەو مێژووە دەبینین، زیارتر لەبەرچاومان گەورە دەبێت".

هەرتابلۆیەكی نێو مۆزەخانەكە، نەوەی نوێ‌ دەباتەوە لای چیرۆكێكی ئەو كەسانەی، گیانی خۆیان كردە قوربانی بۆ بەدەستهێنانی ئازادی.

ئاری حەسەن، خوێندكارێکی دیکە و هاتووە سەردانی ئەمنەسوورەکە بکات، دەڵێ "ئەم جێگەیە ئازایەتی و قارەمانیێتی نەوەی پێش خۆمان بۆ دەسەلمێنێ‌، كە چەندین ساڵ لەنێو زیندانەکاندا ماونەتەوە، بێ ئەوەی باکیان بەهیچ شتێک هەبێت".

بەشێك لەو نەوەیەی ئەو رۆژانەیان نەبینیوە كە گەلی كورد تێیدا راپەڕین، زۆر بەكەمی لەبایەخی ئەو مۆزەخانە تێدەگەن، بەڵام وەكو سەرپەرشتیارانی مۆزەخانەکە باسیدەكەن، دوای گەڕان بەنێو مۆزەخانەكەدا، ئەوكاتە لەبایەخی ئەم جێگایە تێدەگەن. 

دڵشاد مەجید، بەڕێوەبەری بەشی ئەرشیڤی مۆزەخانەی ئەمنەسوورەكە دەڵێ "كاتێك دێنە نێو بەشەكانەوە و لەگەڵ كارمەندەكانمان قسە دەكەن، دیمەنەكان دەبینن و لەسەتا هەشتا دەگۆڕێن، دەتوانم بڵێم هاتنەژوورەوە و چوونە دەرەوەیان زۆر جیاوازی دروست دەکات".

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە