رووداو - هەولێر
کاژێر 23:00ی شەوی یەکشەممە لە شەقامی 100 مەتری لە نزیک چوارڕێیانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، تەرمی ژنێک دۆزرایەوە. گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت، "کوژارو تەمەنی 20 ساڵە و ناوی ئیمان سامی مەغدیدە".
هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "لەسەر ئەم دۆسیەیە مامی ئیمان دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە".
ئیمان سامی مەغدید، کە بە ماریا ناسراوە، ڤیدیۆکانی لە تیکتۆک بە سەدان هەزار بینەریان هەبوو، لایەنگری کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینەکان بووە و لە زۆربەی چالاکییەکانیان بەشداریی کردووە، بۆیە زۆرجار بەهۆی قسەکان و ئەو رەخنانەی لە کولتووری کۆمەڵایەتی دەیگرت، تووشی رەخنە و هەڕەشە دەبوو.
توانا مەعرووف، هاوڕێیەکی ئیمان بە رووداوی راگەیاند، "ئیمان لە دۆخێکی سەختدا دەژیا، لە تەمەنی 12 ساڵیدا بەزۆر بە شوو درابوو، لەگەڵ هاوژینی کێشە و گرفتی زۆریان هەبوو، بەتایبەتی ئەوەی کە منداڵیان نەدەبوو و چەندینجار سەردانی پزیشکیان کرد، بەڵام لە کۆتاییدا ئیمان بەهۆی ئەو گوشارانەی لەسەری بوون، ساڵی رابردوو لە هاوژینەکەی جیابووەوە".
ئەو هاوڕێیەی ئیمان ئاماژەی بەوەش کرد، "دایک و باوکی ئیمان جیا لە یەکدی دەژیان و کاتێکیش ئیمان لە هاوژینەکەی جیابووەوە، نەیدەتوانی بگەڕێتەوە لای دایکی و بە تەنیا دەژیا، چونکە براکەی هەڕەشەی لێدەکرد و چەندین جار لەگەڵ باوکی هەوڵی ئەوەیان دا لە ماڵەوە زیندانیی بکەن." تاوەکو ئێستا پۆلیس ئەوەی پشتڕاستنەکردووەتەوە کە پێشتر ئەو کچە هەڕەشەی لێکرابێت یان سکاڵای تۆمارکردبێت.
بە گوتەی توانا مەعرووف، "ئیمان کەسێکی ئازا و نەترس بوو. دەیویست دوای هەموو ئەو ناخۆشییانەی دیتبووی، ژیانێکی ئازادی بۆ خۆی هەبێت، بەڵام کولتوور و کۆمەڵگەکەی کوشتیان".
هاوڕێکەی ئیمان ئەوەشی خستەڕوو، "تاوەکو ئێستاش تەرمی ئیمان لە پزیشکی دادی هەولێرە و تەرمەکە لەلایەن کەسوکاری وەرنەگیراوەتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ