رووداو - هەولێر
لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان لە دووڕیانی حلکۆ تەقینەوەیەکی خۆکوژی رووی دا. پەیامنێری رووداو دەڵێت، جگە لەو کەسەی خۆی تەقاندووەتەوە هیچ کەسێکی دیکە زیانی پێنەگەیشتووە.
رەنگین شەرۆ، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند، کەسێکی خۆکوژ خۆی تەقاندووەتەوە و تەرمەکەیشی بۆ ماوەیەک لەسەر شەقام کەوتبوو. هێزەکانی ئاسایش گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.
پەیامنێری رووداو ئاماژە بەوەش دەدات، تاوەکو ئێستا جگەلەوەی ئەو کەسە خۆکوژە خۆی تەقاندووەتەوە هیچ کەسێکی دیکە بەهۆی تەقینەوە خۆکوژیەکەوە گیانی لەدەستنەداوە و بریندارنەبووە. زیانە ماددییەکانیش کەمن.
ئەو گەڕەکەی رووداوەکە تێیدا روویداوە خەڵکی سڤیلی تێدا دەژیت و دەکەوێتە نێوەڕاستی قامشلۆ، شاهێدحاڵێک سەبارەت بە رووداوەکە رایگەیاند، زوو هەستمان بە تەقینەوەکە کرد، بەڵام سوپاس بۆ خوا سەلامەتین و هیچ کەسێکمان بریندارنەبووە.
پەیامنێری رووداو ئاماژە بەوەش دەدات، تەرمی ئەو خۆکوژە لەلایەن هێزەکانی ئاسایش بردراوە بۆ پزیشکی داد و لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکردووە.



