بەڵگەفیلمی 'موحسین دزەیی – دیپلۆماتکاری کوردستان' نمایش دەکرێت

07-09-2025
موحسین دزەیی
موحسین دزەیی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ، لە رێوڕەسمێکی شکۆداردا و بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی کوردستان و نوێنەرانی وڵاتان لە هەولێر، تۆڕی میدیایی رووداو بەڵگەفیلمی (موحسین دزەیی – دیپلۆماتکاری کوردستان) نمایش دەکات. 
 
ئەم رێوڕەسمە کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلوولدا، رێزگرتنێکە لە کەسایەتییەکی دیار و خەباتگێڕی دیاری کوردستان کە تەواوی ژیانی بۆ خزمەتی نیشتمان و گەلەکەی تەرخانکردووە.
 
موحسین دزەیی، یەکێکە لەو پیاوە مەزنانەی ناوی بە وەفاداری و خۆڕاگرییەوە بەستراوەتەوە. وەک پێشمەرگەیەکی دلێر، دیپلۆماتکارێکی لێهاتوو و کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتیی خاوەن پێگە، هەمیشە وێستگەکانی ژیانی بە خزمەتکردنی کوردستانەوە گرێداوە. لە بنەماڵەیەکی ناودار و خاوەن هەڵوێستی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت، کە مێژوویان پڕە لە نموونەی دڵسۆزی، دەستپاکی و چاکەخوازی. 
 
ئەم بەڵگەفیلمە، تیشک دەخاتە سەر وێستگە گرنگەکانی ژیان و خەباتی موحسین دزەیی لەکاتی شۆڕشدا لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی، تاوەکو رۆڵی وەک دیپلۆماتکارێک و پارێزەرێکی بەوەفای ناسنامەی نەتەوەیی کورد. 
 
دەقی وتاری ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو: 
 
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، زۆر دڵخۆشین کە ئەمڕۆ بەشدارن لە رێوڕەسمی نیشاندانی بەڵگەفیلمی (موحسین دزەیی – دیپلۆماتکاری کوردستان) و زۆر سوپاستان دەکەین. کەسایەتییەکانی کوردستان و هەولێر، کۆنسووڵ و نوێنەری وڵاتان لە هەولێر، کەسایەتییەکانی دزەیی و بنەماڵەی دزەییان، ئێمە لە تۆڕی میدیایی رووداو زۆر سەربڵندین کە ئەمڕۆ پێکەوە بەشدارین لە رێزگرتن لە پێشمەرگە و دیپلۆماتکار و کەسایەتیی کوردستان موحسین دزەیی. ئامادەبووانی بەڕێز، بەخێرهاتنی یەک بە یەکەتان دەکەین. بەخێرهاتنێکی تایبەتی بەڕێز موحسین دزەیی دەکەین کە ئەمڕۆ لەگەڵمان بەشدارە و، سوپاس بۆخوا بەڕێزیان ئێستاش بە وردی تۆماری ئەو خەبات و شۆڕشەی لەبیرە کە خۆی تێدا بەشداربووە. 
 
بەڕێز موحسین دزەیی، لە بنەماڵەیەکی ئاغا و موڵکداری کوردستانن. لە مێژووی ئەوان دا، زۆر تایبەتمەندیی جوان دەبینرێن. ئەوان زەوییان بەخشیوە بۆ دروستکردنی یەکەم قوتابخانە لە ناوچەکەیان دا، شوێنیان بەخۆڕایی بۆ مانەوەی مامۆستایان دابینکردووە، بژێوییان بۆ ئەو خێزانە هەژارانە دابینکردووە کە کێشەی بژێوییان هەبووە لە ناردنی منداڵەکانیان بۆ قوتابخانە. هەروەها یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییە پەروەردەییەکانی ئەم بنەماڵەیە رێزگرتنی هەژاران بووە یەکسان لەگەڵ دەوڵەمەند و دەسەڵاتداران.  
 
یەکێک لەو تایبەتمەندیانەی بەڕێز موحسین دزەیی خۆشەویستکردووە لە دڵی گەلی کوردستان دا ئەوەیە، ئامادەنەبووە بۆ پلە و پۆست لەگەڵ رژێمە چەوسێنەرەکانی عێراق بێت، بەڵکو هەمیشە لەگەڵ شۆڕشی کوردستان بووە، لەوکاتەش دا کە رژێم دەستیکردووە بە هێرشکردنەوە سەر کوردستان، پۆستەکانی بەجێهێشتوون و بووەتەوە پێشمەرگە. 
 
ئەم رێوڕەسمەی ئەمڕۆمان هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوول دا. ئەو شۆڕشەی ئەمڕۆش گەلی کوردستان بە چاوی رێز و شانازییەوە تەماشای دەکات. شۆڕشی ئەیلوول لە مێژووی هاوچەرخی کوردستان دا درێژترین شۆڕشی کوردستان بوو کە لە 11ی ئەیلوولی 1961 دەستیپێکرد و، بۆ یەکەمین جار ناسنامە و مافەکانی نەتەوەی کورد و هەبوونی کوردستانی بەشێوەیەکی یاسایی چەسپاند. شۆڕشی ئەیلوول بزووتنەوەی سیاسی رزگاری نیشتمانیی کوردستانی لە هەموو کوردستان دا زیندووکردەوە. بەڕێز موحسین دزەیی پێشمەرگە و خەباتکار و دیپلۆماتکارێکی ئەو شۆڕشە بوو. 
 
گەلی کوردستان و هەڤاڵەکانی بەڕێز موحسین دزەیی زۆر بەڕێز و شانازییەوە تەماشای خەبات و رابردووی دەکەن، چونکە لەکاتی شۆڕش دا زۆر بە وەفادارییەوە بۆ کوردستان تێکۆشاوە لەژێر رابەرایەتی رێبەری شۆڕش و سەرۆکی نەمری کوردستان مەلا مستەفا بارزانی دا، هەروەها لە کاتی نەخۆشکەوتنی دا یەکێک لە نزیکترین و وەفادارترین کەسەکانی بووە.
 
ئەوەی لە بەڵگەفیلمی (موحسین دزەیی – دیپلۆماتکاری کوردستان) دا دەیبینن هەموو خەباتی بەڕێز موحسین دزەیی نییە، بەڵکو نیشاندانێکی کورتی چەند وێستگەیەکی گرنگە لە ژیان و خەباتی، بەڵام ئامادەبوونی ئێوەی بەڕێز ئەو نمایشەی کردووە بە رێوڕەسمێکی جوان بۆ رێزگرتن لە خەباتی بەڕێز موحسین دزەیی. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر

فڕۆکەخانەی هەولێر: شەوی رابردوو 38 گەشت دواخران

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەڵێت، شەوی رابردوو بەهۆی تەمەوە 38 گەشت بۆ ئەمڕۆ دواخران. کەشناسێکیش بە رووداوی گوت، "پێشبینی دەکرێ ئەمشەو تەنیا لە دەشتی هەولێر تەم هەبێت."