چوار لایەنی رۆژهەڵاتی کوردستان هاوپەیمانێتییەک پێکدەهێنن

08-01-2022
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

چوار لایەنی رۆژهەڵاتی کوردستان هاوپەیمانێتییەکیان پێکهێنا و پێنج کەسیان وەکو دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژارد.
 
جەمال پوور کەریم، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان HSK بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، وەک پێویستیەکی سیاسی و مێژوویی بوو بۆیە پێکهێندرا. دەڵێت، "دوای دوو مانگ کۆبوونەوەی هێز و لایەنە سەربەخۆییخوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و نووسینەوە و داڕشتنی دەستوور و بەرنامە و پەیڕەوی هاوپەیمانی، توانرا هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان HSK پێکبهێندرێت." 
 
بڕیارە سبەی یەکشەممە 9-1-2022 بە شێوەی ئۆنلاین بە فەرمی و بە بەشداریی حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کورد و بیانی و هەروەها بە بەشداریی میدیاکار و رۆژنامەنووسان، کۆنفرانسی رۆژنامەنووسی و راگەیاندنی هاوپەیمانییەکە بەڕێوەبچێت.
 
جەمال پوور کەریم گوتی، "لەو هاوپەیمانییە دا بڕیار دراوە کاری هاوبەش (سیاسی، نیزامی، ئەمنی و میدیایی)، بەیان و گوتاری هاوبەش، پەیوەندی و لۆبیگەریی هاوبەش و کار بۆ پڕۆژەی هاوبەش بکرێ."
 
سەرۆکی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان HSK ئاماژەی بەوەشکرد، پێکهێنەرانی هاوپەیمانی لەو باوەڕەدان کە بەم چەشنە دەتوانن ببنە ئادرەسێکی بە هێزی سەربەخۆییخوازی چ لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، چ لە ئاستی دەرەوە بۆ دیالۆگ و لۆبیگەری و تەنانەت دانیشتن لە گەڵ دژبەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەروەها هەوڵدان بۆ پێکهێنانی بەرە لەگەڵ سەرجەم هێز و لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.
 
حیزب و لایەنەکانی پێکهێنەری ئەو هاوپەیمانییە بریتین لەم چوار لایەنە:
 
- رێکخراوی یارسانی یاری کورد
 
- یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان
 
- تەڤگەری رزگاریخوازانەی دیموکراتیکی کوردستان
 
- بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
 
جەمال پوور کەریم دەڵێت، "دوای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەلایەن ئەندامانی ئەو چوار لایەنە لە رێگەی دەنگدان و هەڵبژاردنەوە 17 کەس وەک ئەندامی رێبەریی گشتی هەڵبژێردران و دواتر لە کۆبوونەوەی رێبەریی گشتیدا پێنج کەس وەک دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردران کە بریتین لە ( رۆستەم ئەڵماسی، مێهران میرزایی، عەلی فەزڵی، جەمال پوورکەریم و سەردار وەلەدبەیگی)، دواتر لە لایەن دەستەی سەرۆکایەتییەوە بە کۆی دەنگ من (جەمال پوورکەریم) وەک سەرۆکی هاوپەیمانی بۆ ماوەی یەک ساڵ هەڵبژێردرام."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە