رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی سێ مانگ لە کۆچی دوایی فرسەت سۆفی، پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر، ئومێد خۆشناو وەک 42ـەمین پارێزگاری هەولێر بە دەنگی 18 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵبژێردرا.
ئەمڕۆ دووشەممە 08-02-2021 لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەنگ بە ئومێد خۆشناو، وەک پارێزگاری نوێی هەولێر درا و توانی ( 18) دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا لەکۆی 23 ئەندامی بەشداربوو بەدەستبهێنێت. دوو بەربژێرەکەی دیکە نەیانتوانی هیچ دەنگێکی ئەندامانی ئەنجوومەن بەدەستبهێنن.
گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ بەشداریی کۆبوونەوەکەیان نەکرد، یەکێتی بەشداریی کۆبوونەوەکەی کرد، بەڵام دەنگی پێنەدا. پێش دەستبەکاربوونی ئومێد خۆشناو گوتی، "هەر کەسێک بەشداری کۆبوونەوەکە نەکات ئاساییە و پرۆسەکە دیموکراسییە. گرنگ ئەوەیە کە ئەو سێ بەربژێرەی پارێزگار خزمەتی هەولێر بکەن و منیش وەکو خۆم "کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکەم."
رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، ئومێد خۆشناو بڕیاری داوە دوای دەستبەکاربوونی وەک پارێزگار سەردانی ئارامگەی د.فرسەت سۆفی، پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر بکات.
دەستبەکاربوونی ئومێد خۆشناویش وەک پارێزگاری هەولێر، دوای ئەوە دێت کە رۆژی 18-11-2020 د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر دوای تووشبووی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆچی دواییکرد. خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی حیزبی و حکومی هاوخەمی خۆیان بۆ کۆچی دوایی پارێزگار و کەسوکارەکەی دەربڕی. دوای کۆچی دوایی هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر بە وەکالەت کارەکانی پارێزگاری کۆچکردووی رایی دەکرد. ئەمڕۆش ئومێد خۆشناو بووە پارێزگاری نوێ هەولێر.
رۆژی 02-02-2021 رووداو وەک یەکەم میدیا لە هەرێمی کوردستان، بڵاویکردەوە کە ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەربژێری بەهێزە بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری هەولێر.
ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە 30 ئەندام پێکدێت؛ فراکسیۆنی پارتی: 12 ئەندام، فراکسیۆنی یەکێتی: 6 ئەندام (یەکێکیان جیابووەتەوە). فراکسیۆنی گۆڕان: 4 ئەندام (یەکێکیان جیابووەتەوە). فراکسیۆنی کۆمەڵ: 2 ئەندام. فراکسیۆنی یەکگرتوو: یەک ئەندام و پێکهاتەکان (تورکمان و کریستیان): 5 ئەندام.
هیچ فراکسیۆنێک لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر (15+1)ی نییە، کە دەنگی پێویستە بۆ متمانەدان بە پارێزگاری هەولێر، بەڵام کەنعان خەیلانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنەکە بە (رووداو)ی راگەیاند: "بەربژێرەکەی ئێمە مەترسی دەرنەچوونی لەسەر نییە، چونکە ئێمە 12 کورسیمان هەیە، لەگەڵ پێنج کورسیی پێکهاتەکان کە هاوپەیمانمانن، لایەنەکانی دیکەش دەنگ بە بەربژێرەکەمان دەدەن، بۆیە دەتوانم بڵێم دەتوانین لانیکەم 18 تاوەکو 19 دەنگی بۆ کۆبکەینەوە".
رۆژی 3-2-2021 ئەنجوومەنی پارێزگا بە فەرمی دەرگای خۆپاڵاوتنی کردەوە بۆ هەر کەسێک کە بیەوێ خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری هەولێر بەربژێر بکات. دواتر سێ کەس خۆیان بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر بەربژێر کرد، ئەوانیش:
- ئومێد عەبدولڕەحمان (ئومێد خۆشناو) سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان
- پارێزەران ئومێد پاڵانی و سەدرەدین قادرن کە خۆیان وەکو بێلایەن بەربژێر کردووە
لە پەرلەمان کێ شوێنی ئومێد خۆشناو پڕدەکاتەوە؟
ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بوو لە پەرلەمانی کوردستان، بە وەرگرتنی پۆستی پارێزگار، دوو بۆشایی لە فراکسیۆنەکەیدا دروستدەبێت، یەکێکیان وەکو پەرلەمانتار و ئەوی دیکەشیان وەکو سەرۆکی فراکسیۆن. لەبارەی پەرلەمانتاری جێگرەوەوە پێشتر ئومێد خۆشناو بە رووداوی راگەیاندبوو "بەپێی ریزبەندی هەڵکەوت ئەنوەر، 46ـەمین دەنگی هێنا لە کۆی 100 بەربژێرەکەی پارتی، بۆیە بەپێی یاسا هەڵکەوتی لالە ئەنوەر دەبێتە پەرلەمانتار."
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "تاوەکو ئێستا باسی ئەوە نەکراوە کێ دەچێتە شوێنی کاک ئومێد وەک سەرۆکی فراکسیۆن، بەڵكو سەرکردایەتیی پارتی یەکلایی دەکاتەوە و پەیوەندی بە فراکسیۆنی پارتی لەنێو پەرلەمان نییە. هەر کەسێکیش دابنرێت ئێمە پاڵپشت و پشتیوانیی دەکەین."
پێشتر رووداو لە سەرچاوەیەکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بڵاوی کردەوە، چوار کەس بەربژێرن بۆ شوێنگرتنەوەی ئومێد خۆشناو وەکو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان کە ئەمانەن:
- لیزا فەلەکەدین کاکەیی
- رێبوار بابکەیی
- عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی
- نزار مەلا عەبدولغەفار
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ناوی چەند کەسێک دەهێنرێت بۆ پۆستی سەرۆکی فراکسیۆن، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی لەلایەن سەرکردایەتیی پارتییەوە دیارنەکراوە.
بەپێی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009 بۆ پارێزگاکان، ئەگەر لە 90 رۆژ زیاتر بێت ئینجا پارێزگار خانەنشین دەکرێت و کەسێک بە وەکالەت لە جێگەی دادەنرێت، ئەو کەسە هەموو دەسەڵاتی پارێزگاری هەیە لە رووی ئیداری و یاساییەوە کارەکان جێبەجێ دەکات. مەریوان پیرباڵ، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندیەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، "ئێستاش هێمن قادر، پارێزگاری هەولێر بەوەکالەت هەموو دەسەڵاتێکی ئیداری، یاسایی و دارایی هەیە، بۆیە کێشەیەکی ئیداری و یاسایی ئەو تۆمان نییە کە لە دیاریکردنی پارێزگار پەلە بکەین".

ریزبهندى پارێزگارهكانى ههولێر به درێژایی 100 ساڵی رابردوو
- ئەحمەد عوسمان ناسراو بە ئەحمەد ئەفەندی 1923-1925
- عەبدولمەجید یەعقوبی 1927-1930
- عەبدولحەمید صر صر 1930 - 1930
- جەلال بابان 1932-1932
- مەحموود فەخری 1932- 1935
- ئەحمەد تۆفیق 1935-1939
- ساڵح زەکی 1939 - 1941
- مستەفا یەعقوبی 1941-1943
- مستەفا قەرەداخی 1943- 1944
- وەفیق حەبیب 1944- 1944
- سەعید قەزاز 1944-1947
- جەمال عومەر نەزمی 1947-1947
- حەسەن تاڵەبانی 1948-1948
- مستەفا قەرەداغی 1948 - 1950 ( دووجار بووەتە پارێزگار)
- نەجمەدین سائیب 1950- 1952
- رەشید نەجیب 1952 - 1953
- ئیسماعیل حەقی 1953- 1956
- عەبدولحەلیم سنوی 1956 - 1956
- خالید نەقشبەندی 1956 - 1958
- عەلائەدین مەحموود 1958- 1962
- بەدرەدین عەلی 1962- 1964
- یونس حسێن 1964 - 1964
- عەندولمەنعم مصرف 1964-1968
- محەممەدئەمین فەرەج 1968- 1970
- خالید عەبدولحەلیم 1970 - 1970
- عەبدولوەهاب ئەترووشی 1970 - 1974
- سیروان جاف 1974 - 1974
- جەلال خۆشناو 1974 - 1975
- محەممەد علی ئەمین 1975 - 1977
- ئیسماعیل رەسوڵ ئەحمەد 1977 - 1978
- بەهائەدین ئەحمەد 1978 - 1980
- یەحیا جاف 1980 - 1984 دوو جار بووەتە پارێزگار
- یەحیا جاف 1988 - 1990
- منزر نەقشبەندی 1991 - 1991
- عەبدولمهیمن بارزانی 1992-1994
- خورشید شێرە 1994- 1996
- فەرەنسۆ حەریری 1996 - 2000
- ئەکرەم مەنتک 2000 - 2004
- نەوزاد هادی 2004 - 2019
- فرسەت سۆفی 2019-2020
- ئومێد خۆشناو ئێستا پارێزگارە
ئومێد خۆشناو کێیە؟

- ئومێد عەبدولڕەحمان حەسەن (خۆشناو)
- لە 01-06-1977 لە هەولێر لەدایکبووە
- دیبلۆم و بە کالۆریۆس لە راگەیاندنی رۆژنامەڤانی
- ماستەر لە یاسای گشتی
- کادیری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە
- 12 ساڵ کاری رۆژنامەڤانی کردووە
- ئەندامی سەندیکای رۆژنامەڤانانی کوردستانە
- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە خولی چوارەم و پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان
- ئەندامی لیژنەکانی دەستپاکی و کاروباری پەرلەمان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بووە.
- سکرتێری یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان بووە
- ئەندامی شاندی دانوستاندنکاری پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەت.
- ئەندامی لیژنەی سەرپەرشتی هەرسێ کۆنگرەی نەتەوەیی لاوانی چوارپارچە بووە.
- خاوەنی بەرهەمی چاپکراوی [گەنج گۆمی سیاسی دەشڵەقێنێ]، ئازادی دەربڕینی بۆچوون لە ئامرازەکانی پەیوەندی ئەلیکترۆنی - ئامادەی چاپە.
توێژینەوە زانستییەکان
- کاریگەری راگەیاندن و لاوان لەسەر هزری نەتەوەیی
- سنووری یاسایی ئازادی رادەربڕین
- قۆناخەکانی مێژووی راگەیاندنی یەکێتی لاوان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ