رووداو دیجیتاڵ
رۆژانى 3 تاوەکو 6ـى ئاداری ئەم مانگە، حیزبى زەحمەتکێشانى کوردستان، یازدەهەمین کۆنگرەى خۆى لە هەولێر بەڕێوەبرد، لەو کۆنگرەیەدا بەڵێن عەبدوڵڵا، بە سکرتێری گشتیی حیزبەکە هەڵبژێردرایەوە.
کۆنگرەی حيزبى زەحمەتکێشان بە بەشداریى 237 ئەندام لە هۆڵى پێشەوا لە هەولێر بەڕێوەچوو. دواى هەڵبژاردنى 23 کەس بۆ ئەنجوومەنى گشتی، ئەمڕۆ لە یەکەم کۆبوونەوەى ئەو ئەنجوومەنەدا، سکرتێرى حیزب، جێگرەکەى و سەرۆکى ئەنجوومەنەکە هەڵبژێردران.
بێکەس قادر، ئەندامى ئەنجوومەنى گشتیى حیزبى زەحمەتکێشانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە کۆنگرەى ئەمجارەدا کۆمەڵێک گۆڕانکاریی بنچینەیی لە پەیڕەو، ستراتیژ و کارى داهاتووى حیزب گۆڕدران، تەنانەت کۆنگرەکانى رابردوو زۆرینەى درووشمەکانمان نەتەوەیی و نیشتمانیی بوون، بەڵام ئەمجارەیان حیزبمان بە هەڵگرتنى درووشمى ( حکومڕانییەکى دادپەروەرانە، چاکسازیى و دابینکردنى کار ) لە بەرەى خەڵک و جەماوەردا خۆمان دەبینینەوە."
بەگوتەى بێکەس قادر، ئەو 23 کەسەى وەک ئەنجوومەنى گشتیی هەڵبژێردراون، لەسەر ئاستى سنوورەکان و نوێنەرى هەموو شار و ناوچەکانى کوردستان و دەرەوەشى تێدایە، بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا 5 تاوەک7 کەسی دیکە وەکو ئەندامانى مەکتەبى سیاسیى زەحمەتکێشان لە دووەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى گشتیى هەڵبژێردرێن.
لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجوومەنى گشتیی زەحمەتکێشان، بەڵێن عەبدوڵڵا، بۆ جارى دووەم لەسەر یەک، بووەوە بە سکرتێرى حیزبى زەحمەتکێشان، سەعد خالید، بوو بە جێگرى سکرتێر و بەهمەن حوسێن بە بەرپرسى ئەنجوومەنى گشتیى حیزبى زەحمەتکێشان هەڵبژێردران.
لە 10 ساڵى رابردوودا، هەموو دوو ساڵ جارێک ئەو حیزبە کۆنگرەى بەستووە، لەم کۆنگرەیەدا بڕیار درا، ماوەى نێوان دوو کۆنگرە بکرێت بە سێ ساڵ.
حیزبى زەحمەتکێشان، دواى جیابوونەوەیان لە حیزبى سۆسیالیست لە 12/12/1985 دامەزراوە، تاوەکو ساڵى 2008 لەلایەن قادر عەزیزەوە سەرۆکایەتیى دەکرا، لەو ساڵە بەدواوە بەهۆى ناکۆکییانەوە بوون بە دوو بەش، باڵى زۆرینە بە بڕیارى دادگە، وەک زەحمەتکێشان مانەوە و دواتر قادر عەزیز حیزبى ئایندەى دامەزراند. ئایندەش ساڵى 2016 چوونە نێو ریزەکانى یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان.
زەحمەتکێشان، پارتێکى چەپى نیشتمانییە، بارەگاى سەرەکی لە دواى جیابوونەوەکەیانەوە لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر گواستراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ