رووداو - هەولێر
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی رایدەگەیێنێت مەراسیمی نوێژی مردوو لەسەر تەرمی مامۆستا عەبدوڵڵا هەرتەلی لەژێر چاودێری پۆلیس و لیژنەیەکی چاودێری تەندروستی بووە و ئەوانەش کە لە مەراسیمەکە بوون کۆمەڵێک مامۆستای ئایینی بوون کە بە نوێنەرایەتی مامۆستایانی ئایینی ناوچە جیاجیاکان لەوێ بوون.
دوای بڵاوبوونەوەی چەند وێنەیەک لە سۆشیاڵ میدیا لەبارەی کۆبوونەوەی ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە مزگەوتی خۆشناو لە هەولێر لەکاتی مەراسیمی نوێژی مردوو لەسەر زانای ئایینی مامۆستا عەبدوڵڵا هەرتەلی. نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رووبەری مزگەوتی خۆشناو 200 مەترە، ئەوانەش کە لە مەراسیمی نوێژی مردوو لەسەر زانای ئایینی مامۆستا عەبدوڵڵا هەرتەلی ئامادەبوون بە نوێنەرایەتی هەموو مامۆستایانی ئایینی ناوچە جیاجیاکان هاتبوون و ژمارەشیان ئەوەندە زۆر نەبوو کە بەسەدان کەس بێت، داواش لە خەڵکێکی زۆر کرا کە نوێژی (غایب)ی لەسەر بکەن".

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف گوتیشی، مەراسیمەکە لەژێر چاودێری لیژنەیەکی چاودێری تەندروستی و پۆلیسی هەولێر بەڕێوەچوو، ئەو لیژنەیەش تاوەکو سەر قەبران و ناشتنی مامۆستاش هەر لەگەڵ خەڵکەکە بووە، بۆیە ئەگەر هەر سەرپێچییەک هەبووایە ئەوان قبوڵیان نەدەکرد، بۆیە پرۆسەکە بەبێ کێشە بەڕێوەچووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ