کۆنفرانسی پێکهاتەکان لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان کۆتاییهات؛ "سووریایەکی ناناوەندیمان دەوێت"

08-08-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆنفرانسی یەکهەڵوێستیی پێکهاتەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کۆتایی بە کارەکانی هێنا و دەڵێت، کێشەکانی سووریا بە دەستوورێکی دیموکراسی و سیستمێکی ناناوەندی چارەسەر دەبن. ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەوەی لە سوەیدا روویدا تاوانە دژی مرۆڤایەتی."
 
کۆنفرانسەکە ئەمڕۆ 8ی ئاب لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان دەستی بە کارەکانی کرد، بە خوێندنەوەی راگەیێندراوێک ئەنجامەکەی خرایەڕوو.
 
درووشمی کۆنفرانسەکە "پێکەوە لەپێناو فرەڕەنگییەک کە یەکێتیمان بەهێز دەکات، داهاتووی خۆمان دروست دەکەین" بوو. دوای تەواوبوونی، حەسەن فەرحان، شێخی هۆزی تەی و ئەندامی دەستەی ریشسپییانی هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامەکەی لە راگەیێندراوێکدا خوێندەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کۆنفرانسەکە "لە قۆناخێکی هەستیاردا" بەڕێوەچوو و تێیدا نوێنەرانی سەرجەم پێکهاتەکانی ناوچەکە لە کورد، عەرەب، سریانی، ئاشووری، تورکمان و ئەرمەن بەشداربوون.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، پێکهاتەکانی بەشدار لە کۆنفراسەکەدا باسیان لەوە کردووە، لەلایەن حکومەتی دیمەشقەوە پشتگوێ خراون.
 
"ئەوەی ئەمڕۆ لەم قۆناخە مێژووییە وەرچەرخێنەرەدا لە مامەڵە و کردەوەی رۆژانە دژی خەڵکی سووریا بە گشتی و خەڵکی سوەیدا و کریستیانەکان بەتایبەتی روودەدات، دەچێتە چوارچێوەی تاوانی دژی مرۆڤایەتییەوە. پێویستیان بە بەدواداچوونی یەکلاییکەرەوە و روونە بۆ ئەوەی تاوانباران دیاری بکرێن،" ئەمەش بەشێکی دیکەی راگەیێندراوی کۆنفرانسەکە بوو.
 
هەر بەپێی راگەیێندراوی کۆنفرانسەکە، "مۆدێلی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر مۆدێلێکی هاوبەشییە، دەکرێت پەرەی پێبدرێت و بەهێز بکرێت بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و زیندوو."
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، "لەبەر باوەڕمان بە یەکێتیی سووریا و سەروەرییەکەی، روونی دەکەینەوە کە چارەسەری هەمیشەیی بە دەستوورێکی دیموکراسی دەبێت، چونکە ئەو دەستوورە سیستمێکی ناناوەندی دادەمەزرێنێت کە بەشداریی راستەقینەی هەموو پێکهاتەکان لە پرۆسەی سیاسی و کارگێڕی، بەپێی ئازادیی بیروباوەڕ، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبردنێکی باش مسۆگەر دەکات."
 
لە کۆنفرانسەکەدا دەستووری کاتیی سووریا رەتکراوەتەوە و ئاماژە بەوە کراوە، ئەو دەستوورە "داواکارییەکانی گەلی سووریا بۆ ئازادی و شکۆی مرۆڤایەتی لەخۆناگرێ و دەبێت پێداچوونەوەی بۆ بکرێت."
 
بەشدارانی کۆنفرانسەکە داوایان کرد، پێداچوونەوە بە دابەشکارییە کارگێڕییەکانی ئێستا بکرێت، بە جۆرێک لەگەڵ دیمۆگرافی و گەشەپێدانی سووریادا بگونجێت.
 
راگەیێندراوەکە دەڵێت، "ئەنجامی کۆنفرانسی یەکێتیی هەڵوێستی پێکهاتەکانی هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و نێوەڕۆکەکەی، نیشاندەری ویستێکی ئازاد، هۆشیارییەکی هاوبەش و سووربوونە لەسەر دامەزراندنی سووریایەکی ئازاد، یەکگرتوو، دیموکراسی، فرەڕەنگ و ناناوەندی کە تێیدا یاسا سەروەر بێت، شکۆی مرۆڤ پارێزراو بێت و هەموو کەسێک بە ئازادی و یەکسانی بژی."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.