یەک هەنگاو بۆ ئاوەدانکردنەوەی روومادی نەنراوە

08-12-2017
دیار کوردە @diyarkurda
...
...
نیشانەکردن روومادی
A+ A-

رووداو - روومادی

هاوشێوەی بەشێکی زۆری ناوچەکانی دیکەی عێراق ماوەی دوو ساڵە شاری روومادی، ناوەندی پارێزگای ئەنبار لەدەستی داعش دەرهێندراوە، بەڵام هێشتا ئاوەدان نەکراوەتەوە، بەشێکی زۆری دانیشتووانەکەیشی هەر لە ئاوارەییدان و بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و ناسەقامگیری شارەکە هێشتا نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

لە شارەکە نزیکەی 50 هەزار خانوو روخاون کە دەکاتە نزیکەی 80% ی شارەکە، بەرپرسێکی پارێزگاکەش دەڵێت ناسەقامگیری شارەکە لەڕووی ئەمنییەوە بەربەستی لەبەردەم پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە دروستکردووە.

بەشێک لە خەڵکی روومادی لەدوای کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکەیان لەدەستی داعش لەلایەن هێزە عێراقییەکان، بەهیوایەکی زۆرەوە گەڕانەوە نێو ماڵەکانیان، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات هیواکانیان پووکایەوە و تاوەکو ئێستا حکومەت هیچ هەوڵێکی نەداوە شارەکە ئاوادانبکاتەوە. 

دانیشتووێکی روومادی دەڵێت: "من دانیشتووی ئەلبەکر، دوو ساڵ بەر لە ئێستا دوای ئاوارەبوون گەڕامەوە، هیچ کەس پشتیوانی لێنەکردووم، نە بەرپرسان، نە ئەندامانی ئەنجوومەن و نە حکومەتیش. ئەمە خانووی منە. دوو ساڵە هەوڵدەدەم نۆژەنی بکەمەوە، بەڵام نەمتوانیوە خۆم بەتەنیا ئەوە بکەم، تاوەکو ئێستاش هیچ بەرپرسێکمان نەبینوە سەردانی ئەلبەکر بکات."

ئاستی وێرانییەکان زۆرە، بەپێی خەمڵاندنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هەروەها رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، زیاتر لە  50 هەزار خانوو و باڵەخانە لەم شارە رووخاون، بەتایبەتیش لەو گەڕەکانەی دەکەونە باشووری شارەکە، وەک گەڕەکەکانی حەواز، بەکر، دوببات، حەمرین و ئەرامل.

فەهد رەشید، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار دەڵێت: "قەبارەی وێرانییەکان گەیشتووەتە زیاتر لە 80% ئەمەش لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەران و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پشتڕاستکراوەتەوە، بەڵام هۆکاری پشت دواکەوتنی قەرەبووەکان ئەوەیە کە زیاتر لە 50 هەزار خانوو لە روومادی یان بەشێکیان، یانیش بەتەواوەتی وێرانبوونە، هۆکاری ئەمنی و چەند هۆکارێکی دیکەش هەن، کە گرنگترینیان کەمی سەرچاوەی داراییە". 

هێزەکانی عێراق لە 25ی تشرینی دووەمی 2015 بۆ ماوەی دوو مانگ و دوو هەفتە لە روومادی رووبەڕووی داعش بوونەوە تاوەکو شارەکەیان کۆنترۆڵکردەوە، ئەم شەڕە بووە هۆی وێرانبوونی زیاتر لە 80%ی شارەکە، بەڵام ئێستا کە نزیکەی دوو ساڵ بەسەر کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکەدا تێپەڕیوە، حکومەتی عێراق یەک هەنگاویشی نەناوە، نە بۆ قەرەبووکردنەوەی خەڵکەکە، نە بۆ ئاوادانکردنەوەی شارەکەش.

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە