رووداو دیجیتاڵ
تیمی پڕۆژەی رووناکی رایگەیاند، ئەو نرخەی ئێستای کارەبا بۆ ئەو گەڕەکانەی کارەبای 24 کاژێرییان بۆ دابینکراوە، "ئەزموونی"یە و ئامانجی پڕۆژەکە ئەوەیە کارەبای 24 کاژێری بە "نرخێکی دادپەروەرانە" بداتە هاووڵاتییان. بە تایبەتی بۆ ئەو خێزانانەی کەم دەرامەتن.
هەرچەندە لە 17ی تشرینی یەکەمی 2024ەوە پڕۆژەی رووناکی جێبەجێکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نرخەکەی جێگیر نەکراوە، تیمەکە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو، کە بە ئیمەیل وەڵامی پرسیارەکانی داوەتەوە، دەڵێت: "وەزارەتی کارەبا کار دەکات بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا نرخی کۆتایی دیاری بکات."
سەبارەت بە بڕی بەکارهێنانی کارەبا لەو گەڕەکانەی کارەبای 24 کاژێرییان بۆ دابینکراوە، تیمەکە دەڵێت: "رێژەی 50٪ی ئەو هاوبەشانەی کەوا ماوەی شەش مانگە کارەبایان بووەتە 24 کاژێری، بە تێکڕا کەمتر لە 670 کیلۆوات کاتژمێرییان بەکارهێناوە."
بەپێی پڕۆژەی رووناکی، ئەوانەی کارەبای 24 کاژێرییان بۆ دابینکراوە: "80٪یان پارەی کەمتر دەدەن بەراورد بەوەی کە پێشتر بە پارەی کارەبای موەلیدە و نیشتمانییان دەدا."
بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان 4300 مێگاواتە، بەڵام لە وەزری هاوین و زستاندا خواست بۆ سەرووی 6000 مێگاوات بەرز دەبێتەوە.
تیمی پڕۆژەی رووناکی لەو بارەیەوە دەڵێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا کارەبای پێویستی هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت بە تەواوی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکات."
سەبارەت بە نرخی کارەبای شوێنە بازرگانییەکان، تیمی پڕۆژەی رووناکی رایگەیاند، "لەژێر نرخە نوێیەکانی پڕۆژەی رووناکییەوە، فرۆشگە و بازرگانەکان لە کوردستان پارەی کارەبا کەمتر دەدەن لەوەی ئێستا بۆ موەلیدەی ئەهلی و کارەبایەکی نیشتمانی پچڕ پچڕ دەیدەن".
تیمی پڕۆژەی رووناکی رەتیدەکاتەوە پرۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای ئەهلییەوە جێبەجێ بکرێت و دەڵێت: "پڕۆژەی رووناکی پڕۆژەیەکی نیشتمانیی حکومییە کە وەزارەتی کارەبا خاوەندارێتی دەکات و هیچ کۆمپانیایەک خاوەندارێتی پڕۆژەکە ناکات."
دەقی پرسیار و وەڵامی تیمی پڕۆژەی رووناکی
رووداو: نرخی یەک کیلۆوات ئێستا 105 دینارە، گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکرێت بیکەنە 78 دینار و لەو نرخەوە دەست پێبکات، تاوەکو 200 دینار، کەى بڕیاری کۆتایی لە نرخەکان دەدرێت؟
تیمی پڕۆژەی رووناکی: ئێستا نرخێکی ئەزموونی لەو گەڕەکانە جێبەجێ دەکرێت. ئامانجی پڕۆژەکە ئەوەیە کارەبای 24 کاژێری بە نرخێکی دادپەروەرانە بدرێتە هاووڵاتییان، بەتایبەتی بۆ ئەو خێزانانەی دەرامەتیان کەمە. بەپێی داتای پڕۆژەکە، هاووڵاتییان نرخێکی کەمتری کارەبایان بە بەراورد لە ئێستا داوە. شێوازی نرخەکانیش وەکو ئەوەیە کە هەرچەندە بەکارهێنانی کارەبات کەمتربێت، پارەیەکی کەمتر دەدەیت. وەزارەتی کارەبا بە وردی سەیری داتای بەکارهێنانی هاووڵاتییان دەکات و، لەسەر ئەو داتا و ئەزموونە نرخی کۆتایی دیاری دەکات.
رووداو: کەمکردنەوەی نرخەکان بەهۆی رەچاوکردنی داوا و ناڕەزایی خەڵک بوو، یان بەهۆی داوای ئیدارەی پارێزگای سلێمانی؟
تیمی پڕۆژەی رووناکی: ئامانجی سەرەکی هەمیشە پاراستنی خێزانە کەم دەرامەتەکان بووە و دڵنیابوونەوە لەوەی کە کارەبای 24 کاژێری بە نرخێکی دادپەروەرانە بە دەست دەهێنن، کە لەگەڵ توانای دارایی هاووڵاتییانی کەم دەرامەت بگونجێت. وەزارەتی کارەبا کار دەکات بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا نرخی کۆتایی دیاری بکات.
رووداو: نرخ دانانەکە لەسەر چ پێوەرێکە، ئایا داهاتی خەڵک لەبەرچاو گیراوە. بۆ نموونە تێکڕای داهاتی خێزان لە ئەمریکا لە ساڵی 2023دا 80.610 دۆلار بووە کە مانگانە دەکاتە 6 هەزار و 717 دۆلار، هاوکات تێکڕای بەکارهێنانی هەر خێزانێک مانگانە 899 کیلۆوات بووە و هەرکیلۆواتێک بە 15.98 سەنت بووە و تێکڕای پارەی مانگانەی کارەبای هەر خێزانێک 143 دۆلار بووە کە دەکاتە 2%ی تێکڕای داهاتی خێزانی ئەمریکی، بەپێی بەڕێوەبەرایەتی زانیاری وزەی ئەمریکا . ئایا لە هەرێمی کوردستان خێزان لە (پڕۆژەی رووناکی) بە تێکڕا رێژەی چەندی داهاتی مانگانەی دەداتە کارەبا؟
تیمی پڕۆژەی رووناکی: یەکێک لە بنەماکانی دیاریکردنی نرخەکان لە پڕۆژەی رووناکی لە بەرچاوگرتنی داهاتی خەڵک بووە، بەتایبەت پاراستنی ئەو خێزانانەی کە داهاتیان کەمە، لە ئەنجامی ئەوەش دا 80%ی هاووڵاتییان بڕێکی کەمتر پارە دەدەن بە بەراورد بەو پارەیەی خەرجییان دەکرد بۆ موەلیدە و کارەبای نیشتمانی. هەروەها یارمەتی شوێنە بازرگانییەکانی وەک فرۆشگە و کارگەکانیش دەدرێت کە بە کارەبایەکی بەردەوام دەتوانن بە شێوەیەکی باشتر کار بکەن، خۆیان لە دواکەوتنی کار بە دوور بگرن و جووڵەی بازرگانی زیاد بکەن.
رووداو: بۆچی لەسەر پسوولەی کارەبای (پڕۆژەی رووناکی) نرخی کیلۆوات نانووسرێت؟
تیمی پڕۆژەی رووناکی: هەرکاتێک نرخەکان بە شێوەیەکی فەرمی پەسندکران، دوا بە دوای رۆژنامەی (وەقائیعی کوردستان)، لە رێگەی پەیج و ماڵپەڕی وەزارەتی کارەبا و پڕۆژەی رووناکی بڵاودەکرێنەوە و بەردەست دەبن بۆ سەرجەم هاووڵاتییان.
رووداو: بۆچی پارەی (پڕۆژەی رووناکی) مانگ دوای مانگ زیاتر دەبێت. لەبەرئەوەیە مانگی یەکەم 50٪ داشکاندنیان بۆ دەکرێت و مانگی دووەم دەبێتە 25٪، دواتر داشکاندن نامێنێت؟
تیمی پڕۆژەی رووناکی: پڕۆژەی رووناکی لە مانگی یەکەم بە بڕی 50٪ و لە مانگی دووەم بەبڕی 25٪ پاڵپشتی حکومی پێشکێشی هاووڵاتییان کردووە و کار لەسەر پاڵپشتی زیاتری حکومیش دەکات بۆ هاووڵاتییان. لەگەڵ ئەوەش دا نرخەکانی پڕۆژەی رووناکی بەشێوەیەک داڕێژراون، کە 80٪ی هاووڵاتییان بڕێکی کەمتر پارە بدەن بە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر خەرجییان دەکرد بۆ کارەبای موەلیدەی تایبەت و کارەبای نیشتمانی.هەروەها حکومەت بیر لەوە دەکاتەوە کە یارمەتی زیاتر بداتە گەڕەکە هەژارەکان، رەنگە دواتر داشکاندنی زیاتریش بۆ ئامادەکردنی هاووڵاتییان بکرێت.
رووداو: بۆچی کارەبا بەهۆی زیاتر بەکارهێنانەوە نرخی کیلۆواتەکانی زیاتر دەکرێت، لەکاتێکدا هەندێک خێزان لەبەر زۆری ژمارەی ئەندامانی خێزان لەوانەیە زیاتر بەکاری بهێنن نەک بەهۆی دەوڵەمەندییەوە؟
تیمی پڕۆژەی رووناکی: بەزربوونەوەی بڕی پسوولە لە کاتێکدا روودەدات کە بەکارهێنانی کارەبا بەرزدەبێتەوە و پەیوەست نییە بە قەبارەی خێزانەوە، بە بەکارهێنانی کارەبای کەمتر، پارەی کەمتر دەدەن. ئەم شێوازە ((تصاعدي) پەیژەییـە دڵنیایی دەدات، کە بەبێ گوێدانە زۆری ژمارەی ئەندامانی خێزان، زۆرترین پشتگیری بۆ هاووڵاتییانی کەم دەرامەت دەچێت.
رووداو: نرخی ئەو کارەبایەی دانراوە بەپشتبەستن بە چ یاسا و بڕیارێک دانراوە؟
تیمی پڕۆژەی رووناکی: نرخی ئێستای کارەبا لە قۆناخی ئەزموونیدایە. پێش ئەوەی هەر نرخێک ببێتە کۆتایی، پێویستە لەلایەن وەزارەتی کارەباوە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و دواتر لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسند بکرێت. تەنیا دوای ئەوە نرخە فەرمییەکان بە ئاشکرا لە (وەقائیعی کوردستان)دا بڵاودەکرێنەوە. ئامادەکارییەکان بۆ ئەم پرۆسەیە بەردەوامن.
رووداو: گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت حکومەتی عێراق 75٪ی پشتیوانی نرخی کارەبا دەکات بۆ هاووڵاتییان. ئایا پێویست نییە حکومەتی فیدراڵیی عێراق ئەوە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش بکات ئەگەر لە توانای حکومەتی هەرێمی کوردستان دا نەبێت؟
تیمی پڕۆژەی رووناکی: نرخەکانی رووناکی لە ئێستاوە بۆ پاراستنی خێزانە کەم دەرامەتەکان و پشتگیریکردنی شوێنە بازرگانییەکان بە پێشکەشکردنی کارەبای جێگیر بە نرخێکی دادپەروەرانە داڕێژراوە. بەمەش ٪80ی هاووڵاتییان پارەیەکی کەمتر دەدەن لەوەی پێشتر، کە بە کارەبای حکومەت لەگەڵ موەلیدە ئەهلییەکانیان دەیاندا. ئەمەش یارمەتی کەمکردنەوەی بارگرانی دارایی لەسەر هاووڵاتی دەدات لە هەمانکاتدا کاری رۆژانە و جووڵەی بازرگانی باشتر دەکات. هەرچەندە پشتگیری لە هەر لایەنێکەوە بێت هەمیشە پێشوازی لێدەکرێت. دەبێت بگوترێت نرخەکانی رووناکی هەر خۆیان لەسەر ئەو بنەمایە دانراون کە هاووڵاتی کەم بەکارهێنەری کارەبا پارێزراوبێت و جووڵەی بازرگانی بۆ شوێنە بازرگانییەکانیش زیاد بکات. جێگەی ئاماژەپێدانە عێراق خاوەنی کارەبای 24 کاژێری نییە، بە پێچەوانەی هەرێمی کوردستان، کەوا لە کۆتایی ئەمساڵ 2025، سەرجەم شارەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی دەبنە خاوەنی کارەبای 24 کاژێری.
رووداو: ئامانجی (پڕۆژەی رووناکی) کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبایە یان کۆکردنەوەی داهاتە یان هەردووکیانە؟
تیمی پڕۆژەی رووناکی: ئامانجی سەرەکی پڕۆژەی رووناکی بریتییە لە دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری بۆ هەموو کوردستان کە تێیدا هاووڵاتییان و شوێنە بازرگانییەکان دەتوانن سوود لە خزمەتگوزاری کارەبا ببینن. ئەنجامەکانی قۆناخی ئەزموونیی پڕۆژەکە ئەوەیان دەرخستووە کە خاوەن ماڵەکان ئاسوودەیی دەروونیان زیاتر بووە و فرۆشگەکانیش توانیویانە جووڵەی بازرگانی زیاتر بەخۆیانەوە ببینن. هەموو ئەم دەرئەنجامانەش دواتر یارمەتیدەری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبن لەوەی کارەبایەکی بەردەوام بۆ هاووڵاتییان دابین بکات. دەبێت ئەوەش بگوترێت کە پڕۆژەی رووناکی کۆتایی بەم کێشە 30 ساڵییە دەهێنێت، کە بە درێژایی ئەو هەموو ساڵە ببووە مایەی پیسبوونی ژینگە و دڵەڕاوکێ بۆ هاووڵاتییان لە ژیانی رۆژانەیان و کاریگەری خراپی سەر جووڵەی بازرگانیی فرۆشگەکان بەهۆی ناجێگیری ئەم خزمەتگوزارییە.
رووداو: دەگوترێت (پڕۆژەی رووناکی) بەگشتی 40٪ی کارەبای بە نایاسایی براو کەم دەکاتەوە، چۆن ئەوە چارەسەر دەکەن؟
تیمی پڕۆژەی رووناکی: گرنگە بگوترێت یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی پڕۆژەی رووناکی، دانانی پێوەری زیرەکە، کە یارمەتیدەرە لە پێوانەکردنی خوێندنەوەی بەکارهێنان بۆ هاوبەشانی کارەبا. بەستنی پێوەری زیرەک بەشێوەیەکی یاسایی وادەکات رێژەی ساختەکاری و تۆڕی نایاسایی کارەبا بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمبکرێتەوە. هەروەها بۆ کەمکردنەوەی ساختەکاری، پێویستە هەموو پێوەرەکان لە تۆڕی کارەبادا بەشێوەیەکی ئاسایی تۆمارکرابن و خوێندنەوەیان وەربگیرێت و پسوولەی مانگانەیان بۆ بگەڕێتەوە.
ئەم هەنگاوانە بەگشتی وادەکەن رێژەی ساختەکاری بەشێوەیەکی بەرچاو کەمببێتەوە و تۆڕی نایاسایی نەمێنێت. هەر بۆیە پڕۆژەی رووناکی کاردەکات بۆ چاککردنەوەی هێڵەکانی کارەبا و نوێکردنەوەی بگۆڕ"محاویلە" کۆنەکان و پێدانی پێوەری زیرەکی خۆڕایی بە هاووڵاتییان و فرۆشگەکان و بەڕێوەبەرایەتییە حکومییەکان بۆ ئەوەی بەکارهێنانی کارەبا روون و راستگۆیانە بگاتە هاوبەشی کارەبا. بە کەمکردنەوەی سەرپێچییەکان، کارەبای زیاتر دەگەڕێتەوە ناو تۆڕی نیشتمانی، بەمەش خێزان و بازرگانەکان دەتوانن سوود لە کارەبای جێگیر و 24 کاژێری وەربگرن.
رووداو: بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان 4300 مێگاواتە، ئایا بەشی هەموو هەرێمی کوردستان دەکات بەپێی (پڕۆژەی رووناکی)؟
تیمی پڕۆژەی رووناکی: حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا کارەبای پێویستی هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت بە تەواوی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکات، لە حاڵەتی زیادبوونی بەرهەمهێنانیش دەکرێت سوود لە هەناردەکردنی ئەم بڕە زیادە وەربگرێت. دانانی پێوەرە زیرەکەکان و هاندانی بەکارهێنانی بەرپرسیارانە هەنگاوی سەرەکین کە سەرپێچی و بەفیڕۆدانی کارەبا کەم دەکەنەوە. بەم شێوەیە حکومەت و خەڵک پێکەوە کاردەکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە کارەبای پێویست لەبەردەستدایە بە شێوەیەکی ژیرانە و دادپەروەرانە لە سەرجەم بوارەکاندا بەکاردەهێنرێت.
رووداو: لەکاتێکدا بۆیلەر، ترۆمپای ئاو، ئامێرەکانی فێنکردن و گەرمکردنی هەوا لە هەرێمی کوردستان زیاتر بە کارەبا کار دەکەن، تەنیا بۆیلەر و ترۆمپای ئاو لانیکەم 14 ئەمپێریان پێویستە. چارەسەری ئەم کێشەیە چۆن دەبێت بۆ ئەوەی زۆر لەسەر هەژاران نەکەوێت؟
تیمی پڕۆژەی رووناکی: پڕۆژەی رووناکی بۆ پاراستنی خێزانە کەم دەرامەتەکانە لە رێگەی یارمەتیدانیان بۆ پارەدانی کەمتر بۆ کارەبا لەچاو ئەوەی ئێستا دەیدەن بۆ هەردوو کارەبای حکومی و موەلیدە. جێگەی باسە لە پڕۆژەی رووناکی دا هاووڵاتییان کۆنترۆڵیان لەسەر بەکارهێنانی خۆیان هەیە بەشێوەیەک کە کەمتر کارەبا بەکاربێنن و، پارەیەکی کەمتر دەدەن.
هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک هەنگاوی خستووەتەگەڕ بۆ پاڵپشتی لە هاووڵاتییان وەک:
1. دابینکردنی پاڵپشتی 50٪ لە یەکەم مانگ و 25٪ لە دووەم مانگی پڕۆژەی رووناکی دا.
2. دابینکردنی پاڵپشتی زیاتر بۆ هاووڵاتییان لە داهاتوودا.
3. حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجەیەکی تایبەت تەرخان دەکات بۆ پاڵپشتیکردنی هاووڵاتییان لە بواری وزەی نوێبووەوەی وەک وزەی خۆر.
بەڵام ئێمە ئەوەش دەزانین کە هەندێک لە ئامێرەکانی ماڵ - وەک بۆیلەر، سپلیت و گەرمکەرەوە - کارەبایەکی زۆر بەکاردەهێنن و، ئەوەش دەتوانێت قورس بێت بۆ بەشێک لەو خێزانانەی کە پێویستییان بە کاتی زیاترە بۆ راهاتن لەگەڵ ئەم شێوازە نوێیەی کارەبا. بۆ یارمەتیدان لەم کارەدا چەند هەنگاوێکی سادە هەیە کە دەتوانێت بڕی بەکارهێنانی کارەبا کەم بکاتەوە:
1. تەنیا لەکاتی پێویست دا بۆیلەر و سپلیت بەکاربهێنە و راستەوخۆ دوای ئەوە بیانکوژێنەوە.
2. گڵۆپەکان بگۆڕە بۆ کەم وزەییەکان، وەک گڵۆپی LED لەبری گڵۆپی ئاسایی.
3. سوود لە دەستپێشخەرییەکانی داهاتووی حکومەت وەربگرە، کە یارمەتی خێزانەکان دەدات بەرەو سەرچاوی وزەی دیکە هەنگاوبنێن، وەک وزەی خۆر یاخود بۆیلەری گازی.
ئەم گۆڕانکارییە بچووکانە، لە پاڵ پشتگیری حکومەت بۆ خێزانە کەم دەرامەتەکان، دەتوانن یارمەتی خێزانەکان بدەن بۆ پاشەکەوتکردنی پارە لە هەمان کاتدا هێشتا کارەبای پێویستیان دەست دەکەوێت.
رووداو: نرخەکان لە شار و گوندەکان وەک یەک دەبن؟
تیمی پڕۆژەی رووناکی: پڕۆژەی رووناکی هەمان سیستەم و نرخ بۆ سەرجەم ناوچەکان بەکاردەهێنێت، چ شار و چ گوندەکان بەبێ جیاوازی لە نێوانیان دا، ئەمەش بۆ ئەوەی دادپەروەرانە بێت بۆ هەمووان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دا.
رووداو: یەکێک لەوهۆکارانەی کە وایکرد زۆر کارگە بچنە شارەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدرالیی عێراق، گرانکردنی نرخی کارەبا بوو بۆ کارگەکان ئایا چاوخشاندنەوەیەک بە نرخی کارەبای بازرگانی دا دەکەن؟
تیمی پڕۆژەی رووناکی: لەژێر نرخە نوێیەکانی پڕۆژەی رووناکییەوە، فرۆشگە و بازرگانەکان لە کوردستان پارەی کارەبا کەمتر دەدەن لەوەی ئێستا بۆ موەلیدەی ئەهلی و کارەبایەکی نیشتمانی پچڕ پچڕ دەیدەن. ئەمەش جیاوازە لە زۆر لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی فیدراڵی، کە هێشتا کارەبای 24 کاژێری بەردەست نییە و پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ کارگەکانیان رووبەڕووی کەمی کارەبا ببنەوە. لە کوردستان دا پڕۆژەی رووناکی کارەبای جێگیر و 24 کاتژمێری پێشکەش دەکات کە بازرگانەکان دەتوانن متمانەی پێبکەن. ئامانج لەوە گوشارکردنە سەر شوێنە بازرگانییەکان نییە، بەڵکو یارمەتیدانیانە بۆ مانەوە و گەشەکردن و وەبەرهێنانیان. نرخی بازرگانی بۆ پشتگیریکردن لەم ئامانجە داڕێژراوە کە دڵنیاییان پێبدات لێرە بەردەوام بن لە کارکردن و فراوانبوون، ئەنجامەکانی ناوچە تاقیکارییەکانیش ئەمەیان سەلماندووە. شایانی باسە یەکێکی دیکە لە بنەما سەرەکییەکانی پڕۆژەی رووناکی ئەوەیە کە نرخە نوێیەکان بەشێوەیەک گونجاوبن کە ژینگەیەکی تەندروست بۆ وەبەرهێنەران دروست بکات تاوەکو بەباشترین شێوە بتوانن وەبەرهێنان بکەن لە ناوچەکەدا. لەگەڵ ئەمەشدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان کار لەسەر ئەوە دەکات هاوبەشانی بازرگانی بچووک پاڵپشتی حکومی وەربگرن و سوودمەندبن لە نرخی پاڵپشتیکراو.
رووداو: ئایا مەترسی ئەوە نییە بەهۆی گرانکردنی نرخی کارەبا، بەغدا داوای پڕێکی زیاتر لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بکات، یان ئەوەتا داهاتەکەی تەنیا بەشی خەرجی و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی کارەبا دەکات لە هەرێمی کوردستان؟
تیمی پڕۆژەی رووناکی: ئامانجی سەرەکی پڕۆژەی رووناکی بریتییە لە دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری بۆ هەموو کوردستان کە تێیدا هاووڵاتییان و شوێنە بازرگانییەکان دەتوانن سوود لە خزمەتگوزاری کارەبا ببین. ئەنجامەکانی قۆناخی ئەزموونیی پڕۆژەکە ئەوەیان دەرخستووە کە خاوەن ماڵەکان ئاسوودەیی دەروونیان زیاتر بووە و فرۆشگەکانیش توانیویانە جووڵەی بازاڕی زیاتر بەخۆیانەوە ببینن. هەموو ئەم دەرئەنجامانەش دواتر یارمەتیدەری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبن لەوەی کارەبایەکی بەردەوام بۆ هاووڵاتییان دابین بکات. یەکێکی دیکە لە بنەما سەرەکییەکانی پڕۆژەی رووناکی ئەوەیە کە نرخە نوێیەکان بەشێوەیەک گونجاون کە ژینگەیەکی تەندروست بۆ وەبەرهێنەران دروست بکات تاوەکو بەباشترین شێوە بتوانن وەبەرهێنان بکەن لە ناوچەکەدا.
رووداو: ئایا حکومەت (پڕۆژەی رووناکی) جێبەجێ دەکات یان کۆمپانیاش بەشدارن ؟
تیمی پڕۆژەی رووناکی: پڕۆژەی رووناکی پڕۆژەیەکی نیشتمانیی حکومییە کە وەزارەتی کارەبا خاوەندارێتی دەکات و هیچ کۆمپانیایەک خاوەندارێتی پڕۆژەکە ناکات.
رووداو: ئایا کارەبای کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون (ستییەکان)یش دەخرێتە سەر (پڕۆژەی رووناکی)؟
تیمی پڕۆژەی رووناکی: پڕۆژەی رووناکی پڕۆژەیەکی گشتگیرە بۆ هەموو هەرێمی کوردستان. کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوونیش وەک هەر ناوچەیەکی دیکە دەخرێنە سەر پڕۆژەی رووناکی.
رووداو: چۆن پشتیوانی ئەو ماڵ و پڕۆژانە دەکەن کە دەیانەوێت بەرهەمهێنانی کارەبایان بکەنە تیشکی خۆر؟
تیمی پڕۆژەی رووناکی: لە ماوەی رابردوودا پڕۆژەی رووناکی بەسەرکەوتوویی قۆناخێکی ئاشکرای ئەنجامدا لە چەند گەڕەکێکی جیاواز و رەزامەندی گشتی هاووڵاتییان هەبوو بۆ پڕۆژەکە کە تێیدا 80٪ی هاووڵاتییان پارەیەکی کەمتریان داوە لە جاران بۆ خزمەتگوزاری کارەبا. هەروەها پڕۆژەی رووناکی پاڵپشتی دابینکردووە بۆ هاووڵاتییان لە دوو مانگی سەرەتای پڕۆژەکە و کار لەسەر پاڵپشتی زیاتریش دەکرێت لە داهاتوودا.
لەگەڵ ئەمەشدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق کار دەکات بۆ دابینکردنی چەند دەستپێشخەرییەک بۆ پاڵپشتیکردنی خێزانەکان. بەتایبەت ئەوانەی داهاتیان کەمترە و ناتوانن لە ماڵ وزەی خۆر بەکاربێنن، لەوانە پێشکەشکردنی قەزر بۆ دانانی پانێڵی وزەی خۆر، یارمەتیدانی خەڵک بۆ دانانی بۆیلەری کارەبایی کاراتر، یان بۆیلەری غازیی گونجاو. زانیاری زیاتر لەسەر ئەم دەستپێشخەرییانە لەداهاتوویەکی نزیکدا بڵاودەکرێتەوە.
رووداو: چارەنووسی گرێبەستەکەتان لەگەڵ خاوەن موەلیدەکان چی لێدێت، کە بۆ شەش مانگە، ئایا درێژ دەکرێتەوە یان بە تەواوی هەڵدەگیرێن؟
تیمی پڕۆژەی رووناکی: وەزارەتی کارەبا لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا بەردەوام دەبێت لە چاودێری وردی دۆخەکە بۆ ئەوەی بزانێت موەلیدەکان تاوەکو چەند هاوشانی کارەبای تۆڕی نیشتمانی کار دەکەن لەکاتی پێویست دا. بە پشتبەستن بەم پێداچوونەوەیە، دواتر بڕیارێک دەدرێت.
رووداو: خاوەن موەلیدەکانی گەڕەکەکانی سلێمانی، دەڵێن ناڕازین و بۆ هەر ئەمپێرێک کارەبا داوای 2000 دینار دەکەن، ئەو کێشەیە چۆن چارەسەر دەکەن؟
تیمی پڕۆژەی رووناکی: وەزارەتی کارەبا لە سەرانسەری کوردستان یەک شێوازی ستاندارد پەیڕەو دەکات بۆ رێککەوتن لەگەڵ خاوەن موەلیدەکان و قەرەبووکردنەوەیان. قەرەبووکردنەوەکە لەسەر بنەمای رێژەی جێگیرە کە قەبارە و ژمارەی موەلیدەکان لەبەرچاو دەگرێت. هەروەها تێچووی بەڕێوەبردنی موەلیدەکان لەخۆ دەگرێت – وەک سووتەمەنی، چاککردنەوە و خەرجییەکانی دیکە - بۆ ئەوەی دڵنیا بێتەوە لەوەی قەرەبووکردنەوەکە دادپەروەرانە و هاوسەنگە. ئەم سیستەمە بە شێوەیەک دانراوە کە بە یەکسانی مامەڵە لەگەڵ هەموو کەسێک دا بکات و گۆڕانکارییەکی بێ کێشە مسۆگەر بکات لەگەڵ فراوانبوونی پڕۆژەی رووناکی دا.
رووداو: لەو گەڕەکانەی (پڕۆژەی رووناکی) جێبەجێکراوە، تێکڕای بەکارهێنانی کارەبا بۆ هەر خێزانێک لە مانگێکدا چەندە؟
تیمی پڕۆژەی رووناکی: رێژەی 50٪ی ئەو هاوبەشانەی کەوا ماوەی شەش مانگە کارەباکانیان بووەتە 24 کاژێری، بە تێکڕا کەمتر لە 670 کیلۆوات کاتژمێرییان بەکارهێناوە.
رووداو: لە زۆر لە گەڕەکە میلـلییەکاندا، شەقامەکان رووناکی شەوانیان نییە و خەڵک خۆی بە گڵۆپی ماڵەکان شەقامەکان رووناک دەکاتەوە. ئەگەر (پڕۆژەی رووناکی) جێبەجێبکرێت خەڵک کارەبا لە رووناککردنەوەی شەقامەکان خەرج ناکات و شەوان گەڕەکەکان زۆر تاریک دەبن، ئایا حکومەت رووناکی بۆ هەموو گەڕەکەکان دادەنێت؟
تیمی پڕۆژەی رووناکی: ئامانجی لەپێشینەی پڕۆژەکە کارەبای 24 کاژێرییە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە 30 ساڵەیە. پڕۆژەی رووناکی بەشێوەیەک داڕێژراوە کە هانی هاووڵاتییان دەدات بەرپرسیارانە کارەبا بەکاربێنن، بەشێوەیەک هاووڵاتییان چەند کەمتر کارەبا بەکاربهێنن، کەمتر پارە دەدەن. بە تێپەڕبوونی کات، حکومەتی هەرێمی کوردستان کار لەسەر وەبەرهێنان لە رووناکی شەقامەکان، بەرنامەکانی وزەی خۆر و دەستپێشخەری دیکە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ