رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی پاراستنی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، وا بڵاوکراوەتەوە کە کەسێک بەناوی دانا مەنمی ئاژانسی پاراستن بەوە تۆمەتبار دەکات لەنێو شاری سلێمانی لێیانداوە. "ئێمە ئەو جۆرە رەفتارانە ئیدانە دەکەین و دوور و نزیک پەیوەندی بە ئاژانسی پاراستنەوە نییە".
لە روونکردنەوەکەی ئاژانسی پاراستندا هاتووە، "ئەو سیناریۆیانە لەلایەن کەسانێک بۆ ناشرینکردنی ناوی ئاژانسی پاراستن جێبەجێکراوە و ئەو کەسەیان بۆ مەرامەکانیان کردووەتە قوربانی".
دوێنێ شەممە دانا مەنمی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیبووی، "ئەمڕۆ 8-8-2020 کاژێر 10:25 خولەک دەزگای پاراستنی بەدناوی پارتی لەڕێگەی پێنج بەكرێگیراوەوە بە دەمانچە لە پشتی نەخۆشخانەی فاروق پەلاماریان دام".
هاوکات لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، رۆژی 8-8-2020 کاژێر 10:25 خولەکی بەیانی لە نزیك شەقامی شەست مەتری، رۆژنامەنووس دانا مەنمی لەلایەن كۆمەڵێك چەكداری دەمامكدارەوە دووچاری لێدان و سووكایەتی پێكردن بووەتەوە و "رەفتارە نامرۆڤانەكەشیان وێنەدەگرن".
لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوە کردووە، هۆكارەكانی پشت ئەو "رەفتارە دڕندانە" هەرچییەك بن، پاساو نیین بۆ ئەوەی لەناوجەرگەی پایتەختی رۆشنبیریدا، لە سنووری لقەكەیان "بەدەر لەیاساو رێساكان، رۆژنامەنووسێك خەڵتانی خوێن بكرێت".
لەبڕگەی پێنجەمی ماددەی حەوتەمی یاسای رۆژنامەگەریدا هاتوە "هەركەسێك بەهۆی كارەكەیەوە سووكایەتی بە رۆژنامەنووس بكا، یان دەستدرێژی بكاتە سەر ئەوا هەمان ئەو سزایە دەیگرێتەوە كە بۆ دەستدرێژی كردنە سەر فەرمانبەرێك لەكاتی یان بەهۆی بەجێهێنانی ئەركەكانی دانراوە". ئەو لقەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان دەشڵێت، داواكارن سەرجەم دەزگا بەرپرسەكان كاری بەپەلە و ورد بكەن بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەران و دادگایی كردنیان.
ئاژانسی پاراستنیش ئاماژە بەوە دەکات، پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنی دوور لە دەستێوەردان لەو رووداوە بکرێت و راستییەکان بۆ رای گشتی روون بکرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ