زانکۆی سلێمانی: بە یەکەمی ئاستی عێراق دیاریکراین

09-10-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

زانکۆی سلێمانی رایگەیاند، بەگوێرەی دامەزراوەی تایمزی بەریتانی، زانکۆکەیان پلەی یەکەمی لە ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستاندا بەدەستهێناوە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆکە دەڵێت، بەدەستهێنانی ئەو پلەیە دەبێتە هۆکارێک پەیوەندی زیاتر لەگەڵ زانکۆکانی جیهاندا دروستبکەن. 
 
لە راگەیێندراوێکدا زانکۆی سلێمانی رایگەیاند، زانکۆکە بۆ جاری دووەم و لەسەر یەک لە (ریزبەندیی زانکۆکانی جیهان 2026)ی دامەزراوەی تایمزی بەریتانیدا، پلەی یەکەم لەسەر ئاستی زانکۆکانی سەرتاسەری عێراق و پلەی 1001 – 1200ـی لە کۆی 2191 زانکۆی ریزبەندکراوی جیهان بەدەست دەهێنێت.
 
راگەیێندراوەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە: "لە سەرانسەری وڵاتدا، تەنیا 25 زانکۆ، لەبەرئەوەی مەرجەکانی شیاوبوونیان تێدایە ریزبەندییان بۆ کراوە. زانکۆ بەشداربووەکانی دیکە کە ژمارەیان 65 زانکۆیە ریزبەندییان بۆ نەکراوە و تەنیا بە "Reporter" ناسێندراون".
 
د. یۆهان عوسمان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو پلەیە بۆ زانکۆکەمان گرنگیی زۆری هەیە، بەتایبەت کە زانکۆکانی جیهان سەیری پلەبەندی زانکۆکان دەکەن زیاتر هەوڵی پەیوەندی و رێککەوتن و لێکنزیککردنەوە دەدەن".
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری زانکۆکە، بەرزبوونی پلەی زانکۆی سلێمانی لە پلەبەندیی جیهانیدا و یەکەمبوونیان لە عێراق دەبێتە هۆکارێک بۆ خوێندکارانی وڵاتانی جیهان روو لە زانکۆکە بکەن.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی زانکۆی سلێمانی، ریزبەندیی زانکۆکانی جیهان پشت بە 18 پێوەر دەبەستێت و پێوەرەکانیش بۆ پێنج بواری سەرەکی دابەش دەبن، کە بریتین لە:
 
- ژینگەی فێربوون
- رێژەی خوێندکارانی دکتۆرا بە بەراورد بە بەکالۆریۆس
- رێژەی مامۆستایانی هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا
- داهاتی زانکۆ
- ژمارەی توێژینەوە
- پارەی تەرخانکراو بۆ توێژینەوە
- رێژەی خوێندکاران بەبەراورد بە مامۆستایان
- ناوبانگ لە وانە گوتنەوەدا (لەڕێی راپرسییەوە وەردەگیرێت)
- ژینگەی توێژینەوە
- نێوبانگی توێژینەوە (لە رێگەی راپرسییەوە وەردەگیرێت)
- کواڵیتی توێژینەوە
- گواستنەوەی زانیاری
- بەنێودەوڵەتیبوون
- کاریگەریی ئاماژەپێدان
- بەهێزیی توێژینەوە
- ئاستبەرزیی توێژینەوە
- کاریگەریی توێژینەوە
- بەڵگەنامەی مافی خاوەندارێتی
- بەخشینی دارایی بۆ توێژینەوە
- توێژینەوەی هاوبەشی نێودەوڵەتی
- ستافی وانەبێژی نێودەوڵەتی
- خوێندکارانی نێودەوڵەتی
- ژمارەی ئەو خوێندکارانەی لە دەرەوەی وڵات دەخوێنن

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کەسێک تووشی پەتا بووە. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی زیاتری هەواڵەکەیە.

ئەنفلەوەنزا دەوامی قوتابخانەکانی ورمێی راگرت؛ سبەی پشووە

بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی قەیرانی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی خێرای ئەنفلەوەنزا، سبەی لە سەرجەم قوتابخانەکانی پارێزگاکە پشووە و داواش لە هاونیشتمانییان دەکات، ئەگەر کاری پێویستیان نەبێت لە ماڵەوە نەچنە دەرەوە.