رووداو - هەولێر
نزیکەی دوو مانگە کەرکووک بێ پارێزگارە، بۆ ئیدارەدانی ئەو پارێزگایەش زیاتر لە سێ پڕۆژە لەلایەن حیزبە تورکمانی و عەرەبییەکانەوە ئامادەکراون.
عەرەب و تورکمانەکان دەیانەوێت تاوەکو وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن پۆستە ئیدارییەکان بەڕێژەی %32 دابەشبکرێن، کوردیش تاوەکو ئێستا کاندیدی بۆ پۆستی پارێزگار دانەناوە.
ئەحمەد عەسکەری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "ئيمە گوتمان باشە بە 32% رازین، بەڵام هەموو پۆستەکان بگرێتەوە نەک تەنیا پۆستە باڵاکان، تاوەکو ئێستاش رێژەی کورد نەگەیشتووەتە 16%، نازانم بۆ بەس لە کەرکووک ئەم داواکارییەیان هەیە و چاویان لە چەند پۆستيک بڕیوە".
ئەگەرچی بەغدا لەدوای 16 ی ئۆکتۆبەرەوە پۆستە بەتاڵەکانی کەرکووک بە عەرەب و تورکمان پڕدەکاتەوە، بەڵام تورکمانەکان چاویان لە پۆستی پارێزگارە و تاوەکو ئەو پۆستەیان پێنەدرێت ئامادەنین کار بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئیدارییەکان بکەن.
رەعەد روشدی، ئەندامی بەرەی تورکمانی دەڵێت: "ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک زۆر بڕیاری نایاسایی دەرکردوون، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە هەموو پێکهاتەکان ببنە هاوبەشی راستەقینەی ئیدارەی کەرکووک، بۆیە دەڵێن دەبێ لە هەنگاوی یەکەمدا پۆستی پارێزگار بە تورکمان بدرێت".
عەرەبە سوننەکانیش مانەوەی راکان سەعید جبووری وەکو پارێزگاری کەرکووک مەرجی سەرکیانە بۆ گفتوگۆکردن و نایشارنەوە بەئاسانی دەست لەو پۆستە هەڵناگرن.
ئیسماعیل حەدیدی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسی عەرەبی بە رووداوی گوت: "تێڕوانینی ئێمە روونە و دەمانەوێ پۆستەکان پڕبکرێنەوە و کێشە نەمێنێ، بەڵام بەو مەرجەی پارێزگاری ئێستا لە پۆستەکەی لانەدرێ، لەبەرئەوەی کەرکووک پێویستی بە بایەخێکی گەورە هەیە، ئەوە مەرجی ئێمەیە بۆ کاراکردنەوەی پۆستەکان، جا ئیداری بێ یان ئەمنی".
سیستەمی دابەشکردنی پۆستەکان بەڕێژەی 32% خاڵی هاوبەشی تورکمان و عەرەبە، کوردیش کە داهێنەری ئەو سیستەمەیە دەزانێ لە جێبەجێکردنی زەرەرمەند دەبێ، بەڵام ناچارە بەهۆی نەگەڕانەوەی بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەن بۆ کەرکووک سیستەمەکە جێبەجێ بکات.
داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح



