رووداو دیجیتاڵ
تیمێکی 6 کەسیی پزیشکانی ئیتاڵیا گەیشتنە دهۆک و بڕیارە نەشتەرگەریی دڵ بۆ زیاتر لە 10 منداڵ بکەن. ئایدن مەعرووف، یەکێکە لەو منداڵانە کە 11 ساڵە چاوەڕێی ئەم دەرفەتە دەکات.
ئایدن مەعرووف، خەڵکی شنگالە و بە زگماکی نەخۆشیی دڵی هەیە. پێشتر پزیشکان پێیان گوتبوو چارەسەرەکەی تەنیا لە دەرەوەی وڵاتە، بەڵام ئێستا لە سەنتەری دڵی نەخۆشخانەی ئازادیی دهۆک، تیمە ئیتاڵییەکان نەشتەرگەریی بۆ دەکەن.
ئایدن بە دڵخۆشییەوە دەڵێت: "کاتی خۆی نەمدەتوانی رابکەم و هەناسەم تەنگ دەبوو؛ سوپاس بۆ خوا چارەسەرم دەکەن و دەتوانم لەگەڵ هاوڕێکانم یاری بکەم."
مەعرووف ساڵح، باوکی ئایدن سوپاسی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "هاوکاریی زۆری بۆ ئەم نەخۆشانە کردووە، چونکە زۆربەمان هەژارین و نەماندەتوانی تێچووی چارەسەرەکە بدەین."
تیمە پزیشکییە ئیتاڵییەکان بڕیارە لە هەفتەیەکدا 10 بۆ 12 نەشتەرگەریی دڵ بۆ منداڵان بکەن و زیاتر لە 50 پشکنینیش ئەنجام بدەن. دکتۆر فرانسیسکۆ سانتۆرۆ، سەرۆکی تیمەکە بۆ جاری 15ـیەمینە دەچێتە دهۆک و تاوەکو ئێستا 100 نەشتەرگەریی ئەنجامداوە.
سانتۆرۆ بە رووداوی گوت: "دروستکردنی ئەم جۆرە تیمانە ئاسان نییە، بەڵام ئێمە هەر 6 مانگ جارێک یان چوار مانگ جارێک دێین بۆ ئەوەی پشتیوانیی تیمە نێوخۆییەکان بکەین، بەتایبەت بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەریی کەیسە سەختەکان."
هاتنی ئەم تیمە پزیشکییە لە رێگەی رێکخراوی هیڤی و بە پاڵپشتیی دارایی نێچیرڤان بارزانی بووە. د. سەردار غازی، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵی منداڵان دەڵێت: "پێشتر تەنیا یەک تیم دەهات، ئێستا دوو تیم دێن و رێژەی چارەسەرکردنی نەخۆشان زیاتر دەبێت، ئیتر زۆر لە نەخۆشەکان پێویست ناکات بۆ چارەسەر بچنە دەرەوە."
لە ساڵی 2005ـەوە رێکخراوی هیڤی 11 هەزار و 368 منداڵی تووشبوو بە نەخۆشیی دڵی زگماکیی تۆمار کردووە؛ تاوەکو ئێستا 556 نەشتەرگەری لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدراون و 321 منداڵیش بۆ چارەسەر رەوانەی ئیتاڵیا کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ