رووداو - هەولێر
سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێت، کورد ئێستا لە کەرکووک لە لووتکەی لاوازییدایە و هیچ دەسەڵاتێکی ئەمنی، سیاسی و سەربازی بەدەستەوە نییە.
جوان حەسەن، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و سەرۆکی لیستی حیزبەکەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق سەبارە بە بە بڕیارەکەی پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک بۆ رووخاندنی خانووە زێدەڕۆکان دەڵێت "راشکاوانە بە راکان سەعیدم گوت ئەوەی تۆ دەیکەت بە هیچ شێوازێک رێگەی تێناچێت، چونکە خەڵکانێک لەسەر نەهامەتی خۆیان و بە پارەیەکی زۆر لەسەر گیرفانی خۆیان ئەو خانووانەیان دروستکردووە، تۆ بێیت و خانووەکانیان بڕووخێنیت، واتە تۆ شەڕ هەڵدەگیرسێنیت لە کەرکووک".
لەبارەی نووسراوەکەی پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک بۆ رووخاندنی زێدەڕۆکانی کەرکووک، جوان حەسەن رایگەیاند، بەپێی یاسا ناوچەکانی وەکو پەنجاعهلی، کوردستان و سۆنۆگۆلین کۆمەڵێک ناوچەن کە لەدوای 2003 بۆ ئەو ئاوارانە دروستکران کە هاتنەوە کەرکووک و حکومەتی بەغدا هیچ هاوکارییەکیانی نەکردن، ئەگەرچی بڕیاربوو هەر خێزانێکی گەڕاوە پارچەیەک زەوی پێبدرێت، بەڵام نەچووە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەو خەڵکەش بۆ نیشتەجێبوونی خۆیان دروستیانکرد.
سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەشڵێت "ئەو بڕیارەی راکان سەعید بڕیارێکی سیاسییە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە کە لە کەرکووک بەکاریدەهێنێت".
بەگوتەی جوان حەسەن، ئەگەر بێت و بڕیارەکە جێبەجێبکرێت "سنووری کەرکووک دەگەڕێتەوە بۆ پێش 2003 وەکو شارەوانییەکەی. من بە راشکاوی بە راکان سەعیدم گوت خەڵکانێک بە پارەیەکی زۆر لەسەر گیرفانی خۆیان ئەو خانووانەیان دروستکردووە، تۆ دەیڕووخێنیت، واتە شەڕ هەڵدەگیرسێنیت لە کەرکووک، واتە هەموو هاووڵاتییەک مافی خۆیەتی بەرگری لە ماڵەکەی خۆی بکات، ئەوەش زۆر قورس و موستەحیلە جێبەجێبکرێت، چونکە کێشەی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی لێدروست دەبێت".
جوان حەسەن ئاماژە بەوەدەکات، ئەوان نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیرانیان هەیە و بەپێی نووسراوەکە "هەر زێدەڕۆییەک لەدوای ساڵی 2015 و 2016 بکرێت، بە زێدەڕۆ ئەژماردەکرێت و دەڕووخێندرێت، بەڵام ئەو گەڕەکانە هەموو نووسراویان هەیە لە شارەوانی کەرکووک، واتە پێشتوور مامەڵەیان کردووە و هەموو بەڵگەنامەکانیان ئامادەیە، ئەو گەڕەکانە خزمەتگوزارییان بۆ چووە وەکو ئاو، کارەبا و شۆستە، لە بودجەی پێشووتری کەرکووک ساڵانە پڕۆژەیان بۆ جێبەجێکراوە".
جوان حەسەن داوا کە کوردانی شاری کەرکووک دەکات، هەر کەسێک مافی پێشێلکردن رووبکەنە ئەنجوومەنی پارێزگا یاخود گردبوونەوە بکەن و داوای مافەکانی خۆیان بکەن. "راگەیاندنەکانیش زیاتر کار لەسەر ئەوە بکەن و چیدیکە کورد خۆی بە لاواز نەزانێت، چونکە کورد نەتەوەیەک نییە بتوانێت لەژێر دەستەییدا بژیێت".
پێداچوونەوە: حەکیم داود
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ