نێچیرڤان بارزانی: ئەمریکییەکان باسی گۆڕینی رژێمی ئێرانیان لەگەڵ ئێمەدا نەکردووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کێشەی ئێران بە رێگەی سەربازی چارەسەر نابێت. جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان نابێتە بەشێک لە هیچ جەنگێک لە ناوچەکەدا. دەشڵێت: "هیوادارین هێزەکانی ئیتاڵیا بگەڕێنەوە بۆ مەشقپێکردنی سەربازەکانمان."
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی کۆریێرێ دیلا سێرا، باسی لە  ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ ڤاتیکان کرد.
 
سەبارەت بە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: "هیچ چارەسەرێکی سەربازی بۆ قەیرانی ئێران نییە و دەبێت هەموو هەوڵێک بۆ چەسپاندنی ئاگربەست بدرێت." ئاماژە بەوەش دەکات کە جیاوازیی عەقڵییەت لە نێوان ئەمریکا و ئێران هەیە؛ ئێرانییەکان "لەسەرخۆ و وردن"، بەڵام ئەمریکییەکان "چارەسەری خێرایان دەوێت."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە رێگە نادەن خاکی هەرێمی کوردستان دژی دراوسێکان بەکاربهێنرێت و دەڵێت: "کەس داوای لە ئێمەی کورد نەکردووە دەستوەردانی سەربازی لە ئێران بکەین، ئێمە نامانەوێت ببینە بەشێک لەم شەڕە."
 
ئەو بەدیاریکراوی لەو بارەوە دەڵێت، "ئەمریکییەکان هەرگیز باسی گۆڕینی رژێمیان لە تاران بۆ ئێمە نەکردووە، بەڵکو ئەوان جەختیان لەسەر پێویستیی راگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و بەرنامە مووشەکییەکانی دەکردەوە. هیچ کەسێک داوای لە ئێمەی کورد نەکردووە کە دەستوەردانی سەربازی لە ئێراندا بکەین. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە دژی ئەوەین خاکی خۆمان وەک بنکەیەک دژی دراوسێکانمان بەکاربهێنرێت؛ نامانەوێت ببینە بەشێک لەم جەنگە."
 
نێچیرڤان بارزانی، کە لە ئێران خوێندوویەتی، پێیوایە گۆڕینی رژێمی تاران بە بۆردوومانی ئاسمانی "مەحاڵە" و دەڵێت: "سیستمی ئێران تێکەڵەیەکی بێوێنەیە لە ئایین و ناسیۆنالیزم، شەڕەکە یەکی خستوون و رژێمەکە توانیویەتی رزگاری بێت."
 
سەبارەت بە هێزی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتەش، ئاماژە بەوە دەکات کە 25٪ بۆ 30٪ی دانیشتووان هێشتا پشتگیری لە رژێم دەکەن و ئۆپۆزسیۆنیش لە ناوخۆدا سەرکردە و رێکخستنی سیاسیی پێویستی نییە.
 
لە ماوەی جەنگە 40 رۆژییەکەی ئەمریکا/ئیسرائیل و ئێران، هەرێمی کوردستان رووبەڕووی چەندین هێرش بە درۆن و مووشەک بووەوە، کە بەشی زۆریان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی عێراقەوە دەکران.
 
نێچیرڤان بارزانی ناڕەزایەتی بەرامبەر حکومەتی عێراق دەربڕی و گوتی: "رازی نین لە هەوڵەکانی بەغدا، ئەوان کارێکی ئەوتۆ ناکەن بۆ رێگری لە هێرشی میلیشیاکان." 
 
ئاشکرای کرد کە لە سەرەتای شەڕەکەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 600 جار هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان و دەڵێت: "عێراق جێگیر نابێت ئەگەر کۆنتڕۆڵی میلیشیاکان نەکات."
 
لە کاتی داخستنی گەرووی هورمزدا، هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی نیشان دا کە نەوتی عێراق بە بۆرییەکەیدا بگاتە بەندەری جەیهان. ئێستا رۆژانە زیاتر لە 200 هەزار بەرمیل نەوت بە بۆرییەکەدا دەڕوات. نێچیرڤان بارزانی گوتی: "دەتوانین هەناردەی نەوت لە 300 هەزار بەرمیلەوە بۆ 700 هەزار بەرمیلی رۆژانە بەرز بکەینەوە."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی هێزەکانی ئیتاڵیا دەکات بۆ پاراستنی ناوچەکە و بەنداوی موسڵ لە دەستی داعش، داواش دەکات دوای کشانەوەیان، جارێکی دیکە بگەڕێنەوە بۆ مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە.
 
بڕیارە لە 18 بۆ 20ی ئایاری ئەم ساڵ، نێچیرڤان بارزانی لە ڤاتیکان لەلایەن پاپاوە پێشوازی لێ بکرێت. لەو بارەیەوە دەڵێت: "پەیوەندییەکی مێژووییمان لەگەڵ ڤاتیکان هەیە، کوردستان هەمیشە پەناگەیەکی ئارام بووە بۆ مەسیحییەکان و پێکهاتەکان، دڵخۆشم بە دیداری پاپای نوێ." ئاماژەی بەوەش کرد کە دەیانەوێت پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیتاڵیا لە بواری سەربازییەوە بۆ بواری ئابووری و پیشەسازی پەرە پێ بدەن.
 
دەقی بەشێک لە پرسیار و وەڵامەکان:
 
پرسیار: چۆن لەم جەنگە دەڕوانن؟ تێڕوانین و بۆچوونی جەنابت چییە سەبارەت بەم هێرشە ئیسرائیلی-ئەمریکییە بۆ سەر ئێران؟ چۆن هەوڵ بدرێت بۆ پاراستنی ئاگربەستەکە؟ چۆن لە پرۆسەی ئاشتی بەردەوام بین؟
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان: "هەڵوێستی ئێمە لە کوردستان زۆر روونە. ئێمە پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەین. دەزانین کە ئەم ئاگربەستە ناسکە، ئێمە لەوە تێدەگەین، بەڵام هیوادارین ئەم ئاگربەستە بەردەوام بێت و دەرفەت بۆ گفتوگۆیەکی راستەقینە لە نێوان هەردوو لایەن بڕەخسێنێت و هەموو کێشەکان لە رێگەی دانوستاندنەوە چارەسەر بکرێن."
 
پرسیار: یەکێک لەو پرسیارانەی کە زۆر دەکرێت، کردنەوەی تەنگەی هورمزە. بە بڕوای جەنابت چۆن دەبێت کارەکان بکرێن؟ چۆن دەبێت بکرێتەوە؟ چی رێکارێکی ئەمنی پێویستە بۆ گەرەنتیکردنی تێپەڕبوونی کەشتییەکان، کەشتییە نێودەوڵەتییەکان، بە نێو تەنگەکەدا؟
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان: بەدڵنیاییەوە، تەنگەی هورمز شوێنێکی زۆر گرنگە. بە بڕوای من، راستگۆیانە بڵێم، ناتوانیت تەنیا بە هێزی سەربازی کۆنترۆڵی بکەیت، گرنگ نییە چەند هێزت هەبێت. پێموایە دەبێت [تەنگەکە] بۆ هەمووان کراوە بێت، بەڵێ، چونکە کاریگەری لەسەر ئابووری هەموو جیهان هەیە، نەک تەنیا یەک وڵات. لە کۆتاییدا دەبێت دانوستاندن و گفتوگۆ هەبێت لەسەر ئەوەی چۆن بکرێتەوە و چۆن بۆ هەموو کەشتییەکان سەلامەت بکرێت بۆ ئەوەی پێیدا تێپەڕ بن.
 
پرسیار: لە نێوان 18 بۆ 20ـی ئایار لە رۆما دەبیت بۆ بینینی پاپا و پێدەچێت سەرکردایەتی ئیتاڵیاش ببینی. ئەرکی جەنابت لەوێ چییە؟ واتای ئەم سەردانەی جەنابت بۆ ئیتاڵیا چییە؟
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان: سەیرکە، ئێمە پەیوەندییەکی زۆر مێژووییمان لەگەڵ ڤاتیکان هەیە. شەرەفمەند بووین بە پێشوازیکردن لە پاپای پێشوو لە هەولێر و هەروەها لە عێراق. سەردانێکی مێژوویی بوو نەک تەنیا بۆ کورد، بەڵکو بۆ هەمووان عێراق. وەک باست کرد، من جارێکی دیکە سەردانی ڤاتیکان دەکەمەوە، چونکە ئەمە یەکەمجار دەبێت پاپای نوێ ببینم، بۆ قسەکردن لەسەر کولتووری پێکەوە ژیان و ئەو مۆزایکەی یەکتر قبوڵکردنەی لە کوردستانی عێراق هەیە."
 
سەبارەت بە ئیتاڵیاش، سەرەتا رێگەم بدەن بە سوپاسکردنی ئیتاڵیا دەست پێ بکەم. لە ساڵی 2003ـەوە ئەوان هاوکاری زۆریان کردووین، بەتایبەتی دوای 2014، ئەوان لە رووی مرۆیی و سەربازییەوە لە کوردستانی عێراق هاوکارییان کردین. ئێمە سوپاسگوزاری هەموو ئەو پاڵپشتیانەین و هیوادارین لەمەودوا پەیوەندییە ئابوورییەکانمان لەگەڵ ئیتاڵیا پەرە پێ بدەین و کۆمپانیاکانی ئیتاڵیا هان بدەین کە بێن و لە عێراق و کوردستان وەبەرهێنان بکەن، ئەمەش بابەتێکی دیکە دەبێت کە دەمەوێت لەگەڵیان باسی بکەم.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەفر لە سنووری باکووری کوردستان. وێنە: AA/ئەرشیڤ

لە 8 پارێزگای باکووری کوردستان بەفر و باران دەبارێت

بەپێی پێشبینییەکانی کەشوهەوا، ئەمڕۆ لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستان بەشێوەی پچڕپچڕ باران و بەفر دەبارێت و هۆشداریش لە دروستبوونی شەختە دەدرێت.