رووداو دیجیتاڵ
هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا رایگەیاند، کۆبوونەوەی لیژنەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ مووچە دواخرا.
هەڵکەوت عەزیز گوتی، تاوەکو ئەم کاتە هیچ وادەیەک دیارینەکراوە بۆ کۆبوونەوەکە. گوتیشی، لیژنەکە هۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەکەیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە داوای وردەکارییان لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی دیکە کردووە.
ئەمە لەکاتێدایە، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای کردبوو لە 48 کاژێردا وەڵامی بدرێتەوە.
لیژنەکە پێکهاتووە لە محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان؛ بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن؛ خالید شوانی، وەزیری داد؛ ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی و نەعیم عەبوودی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.
دوێنێ، لیژنە وەزارییەکەى عێراق بۆ چارەسەرى کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدا یەکەم کۆبووونەوەی خۆی کرد، بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، دۆسیەی هەناردەکردنی نەوت، بڕى بەکارهێنانى ناوخۆیی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەرێمى کوردستان و بەجێکردنى مووچە تاوتوێ کراون.
لیژنەکە رۆژی سێشەممە، 8ـی تەممووز پێکهێنرا بۆ ئەوەى هەردوو رەشنووسی هەولێر و بەغدا لە بارەى داواکارییەکانى نێوانیان لەبارەى پرسى نەوت و مووچە یەکبخەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ