نێچیرڤان بارزانی: هەڵسوکەوتی دارایی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هیچ فیدراڵییەتێکی جیهاندا نییە

10-10-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
A+ A-
 
سۆران حوسێن و هیدایەت جان

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیداری مێری رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچە "زۆر بە شەفافی" لەگەڵ بەغدا مامەڵەی کردووە و نابێت ئەم کێشەیە بەردەوام بێت. گوتیشی، "ناخۆشترین شت ئەوەیە بەردەوام پرسی مووچە هات و مووچە نەهات، مووچە دەدرێت یان نادرێت، ببێت بە هەواڵ."
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری لە پانێڵێکی دیداری مێری کرد بە ناونیشانی "بەدامەزراوەییکردنی پەیوەندی فیدراڵ-هەرێمییەکان: پرۆسەیەک کە لەمێژە دواکەوتووە". سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر، کێشەکانی یەکێتی و پارتی، شەڕی تورکیا و پەکەکە، پرسی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە و چەند بابەتێکی دیکەیش کرد.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی گوتی، "پەیوەندیی نێوان یەکێتی و پارتی گرنگە و دەبێت هەموومان هەوڵبدەین ئەو پەیوەندییە کێشەی تێنەکەوێت. پەیوەندیی نێوان پارتی و یەکێتی هێندە خراپ نییە کە نەتوانین چارەسەر بکەین."
 
 
نێچیرڤان بارزانی زیاتر لەسەر کێشەکانی پارتی و یەکێتی قسەی کرد و گوتیشی، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دوای مام جەلال بە قۆناخێکی [راگوزەردا] تێپەڕی، ئێستا هەست دەکەین سەقامگیریی زیاتر لە نێو یەکێتی دروستبووە بەتایبەت دوای ئەم کۆنگرەیە [کۆنگرەی پێنجەم]." باسی لەوەش کرد، "ئێستا پێویستیمان بە رێکكەوتن و تێگەیشتنی سەر لەنوێ هەیە لەگەڵ یەكێتی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات."
 
لەبارەی کێشەکانی هەولێر و بەغدا، نێچیرڤان بارزانی باسی لەوە کرد، پێویستە هەردوولا کێشەکانیان چارەسەر بکەن و هەرێمی کوردستان دەبێت لەوە تێبگات کە قووڵایی ستراتیجیی هەرێمی کوردستان، بەغدایە و دەبێت کێشەکانی لەوێ چارەسەر بکات.
 
 
نێچیرڤان بارزانی گوتی، "ناخۆشترین شت ئەوەیە مووچە دەدرێت یان نا ببێتە هەواڵ، چونکە مووچە مافێکی سەرەتایی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستانە لەسەر بەغدا" و دەبێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت.
 
لەبارەی شەڕی تورکیا و پەکەکەیش، نێچیرڤان بارزانی باسی لەوە کرد، "تاوەکو سیاسەتی پەکەکە بەمشێوەیە بێت، ناتوانین گەرەنتیی ئەوە بدەین کە توركیا هیچ نەكات."

 

 
لەبارەی جەنگی نێوان فەلەستینییەکان و ئیسرائیل پرسیار لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرا؛ نێچیرڤان بارزانی لە وەڵامدا گوتی، "کەس بەقەد ئێمە نازانێت ناخۆشی و شەڕ یانی چی، بە بەردەوام گوتوومانە و دەیڵێین، ئەم کێشەیە بە شەڕ چارەسەر ناکرێت و دەبێت بە گفتوگۆ و دانیشتن چارەسەر بکرێت."
 
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی، "مافی گەلی فەلەستینە کە دەوڵەتی خۆیان هەبێت و بە ئاشتی لەو ناوچەیەدا بژین. ئەمەی کە ئێستا کراوە، بابەتی گەمارۆی سەر غەززە، زۆرمان پێناخۆشە. ئەمە [دۆخەکە] بەرەو کارەساتێکی مرۆیی گەورە دەبات."
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
 
پرسیار: لەنێوخۆی هەرێمی کوردستانەوە دەست بە پرسیارەکان دەکەین. لە ساڵی 2003ـەوە تاوەکو ئێستاش زۆنی سەوز و زەرد هەر ماوە. لەگەڵ ئەو پێشهاتانەی لە ناوچەکە روودەدەن، زۆرجار کە سەیری دۆخی کوردستان دەکرێت، دەگوترێت دۆخی باشترە و رەنگە ئەو دوو زۆنە نەمێنێت. لە رابردوودا پەیوەندیی نێوان مام جەلال و کاک مەسعود گەرەنتییەکی گرنگ بوو؛ راستە زۆنی سەوز و زەرد هەبوو، بەڵام رێککەوتنێکی ستراتیژیش هەبوو. ئێستا پێدەچێ زۆنی زەرد و سەوز، زەردتر و سەوزتر بووبێتەوە و رێککەوتنی ستراتیژیش باس ناکرێت یان نەماوە، ئەگەر هەردوو لایەن داوای نەخشەڕێیەک لە ئێوە بکەن، بە چ شێوەیەک ئەو گرفتە چارەسەری دەکەیت؟
 
نێچیرڤان بارزانی: ئێمە ئەگەر بۆ ساڵانی پێشتر بگەڕێینەوە، لەو ماوەیەی خوالێخۆشبوو مام جەلال و جەنابی سەرۆک بارزانی پێکەوە کاریان کرد، توانیمان بە هاوکاری و یارمەتیی هەموو لایەنە کوردستانییەکان، دەستکەوتی گەورە بۆ میلـلەتەکەمان و بۆ عێراقیش بەدەست بهێنین. پەیوەندیی نێوان یەکێتی و پارتی گرنگە و دەبێ هەموومان هەوڵی ئەوە بدەین ئەو پەیوەندییە گرفتی گەورەی تێنەکەوێت. دەتوانم بەم شێوەیە بیڵێم کە زۆرجار نیگەرانییەکی گەورە هەیە لەوەی، ئایا پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی ئەوەندە خراپە کە کێشەی گەورەی لێ بکەوێتەوە؟ من دەڵێن نا وا نییە؛ ئەوەندە خراپ نییە کە ئێمە نەتوانین چارەسەری بکەین.
 
ئەگەر بێینەوە سەر واقیعی ئێستا، پێم وایە ئێستا لە کوردستان بەتایبەتی دوای خوالێخۆشبوو مام جەلال، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە قۆناخێکدا تێدەپەڕی و دوای کۆچی دوایی مام جەلال تووشی هەندێک کێشەی دیکە بوو. ئێستا ئەوەی ئێمە هەستی پێدەکەین، سەقامگیرییەکی سیاسی باشتر لەنێو یەکێتیدا دروستبووە، بەتایبەتی دوای ئەم کۆنگرەیەی یەکێتی کردی. ئێمە زۆر بە هیواوە لە ئایندەیەکی باشتر لە پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی دەڕوانین. پرسەکە ئەوە نییە دەبێ یەکڕیز بین نا؛ دەبێ لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش بدۆزینەوە کە چۆن پێکەوە کار بکەین. بۆ ئەو مەبەستەش هەم یەکێتی درکی بەوە کردووە کە دەبێ لەگەڵ پارتی کار بکات و هەم پارتیش درکی بەوە کردووە کە دەبێ لەگەڵ یەکێتی کار بکات.
 
پرسیار: هەموو پارتی؟
 
نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ، هەموو پارتی لەسەر ئەوەن، بەڵام مەبەست ئەوەیە چۆن ئەو میکانیزمە بدۆزرێتەوە و دەستپێبکەین. لەبەر ئەوەی ئێمە بەیەکەوە توانیمان زۆر دەسکەوت بەدەست بهێنین و بە دڵنیاییشەوە لێکترازان لە کوردستان، هەموو کورد و هەموو پێکهاتەکانی کوردستان و هەموو عێراقیش زەرەری لێ دەکات، چونکە بۆ عێراقیش، پەیوەندی نێوان هێزە سیاسییەکانی نێو کوردستان گرنگە.
 
پرسیار: هەنگاوی کردەیی چۆن دەنرێت؟
 
نێچیرڤان بارزانی: ئێمە دەبێ لەسەر لاپەڕەیەک رێکبکەوین کە دیدگەی هەردوو لامان بۆ ئایندەی ئەو پەیوەندییە چییە، وەکو ئەوەی لەگەڵ خوالێخۆشبوو مام جەلال کردمان کە ماوەیەکی زۆر باش سەقامگیرییەکی سیاسی و ئابووری لە کوردستان دروستبوو و ماوەیەکی زۆر درێژیشی خایەند. دوای ئەو دۆخە تازەیەی لە کوردستان دروستبووە، پێویستمان بە رێککەوتن و تێگەیشتنێکی سەرلەنوێیە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی وڵان و پێم وایە دەستپێکردنەکەی دەبێ رێککەوتنێک بێت کە واقیعی بێت و هەردوو لامان بە واقیعی سەیری بارودۆخەکان بکەین و بەیەکەوە کاربکەین.
 
پرسیار: یەکێتی و پارتی بەشێکن لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە مەرجی چوونە نێو حکومەتیشتان پرسی بودجە، یاسای نەوت و گاز، مادەی 140 و رێککەوتنی شنگال و چەند بابەتێکی دیکە بوو. تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە شوێنێکی ئەوتۆ و زۆر بە قورسی پرسەکان بەرەوپێش دەچن. چاوەڕێ دەکرێ جگە لە بابەتە کورتخایەنەکان، وەک ناردنی مووچەی سێ مانگ، هیچ شتێک بکرێت؟ لەبەرئەوەی یاسای نەوت و گاز باس ناکرێت؛ مادەی 140 تا رادەیەک لەبیرکراوە؛ رێککەوتنی شنگال و ئەوە هەڵبژاردنی پارێزگاکانیش لەپێشە. دۆخمان لەگەڵ بەغدا بە چ شێوەیەکە؟
 
نێچیرڤان بارزانی: کێشەیەکی جەوهەری لە پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر هەیە. پێش هەموو شتێک دەبێ ئەوە چارەسەر بکرێت. بەپێی دەستووری عێراق، سیستمەکەمان فیدراڵییە؛ عێراق وڵاتێکی فیدراڵە، بەڵام لە نێوەڕۆکدا مەرکەزییەتێکی زۆر بەهێز هەیە و تاوەکو ئێستاش فیدراڵییەت لە عێراق جێگەی خۆی نەگرتووە. ئەمە وەکو گلەیی نییە. تاوەکو ئەو کێشەیە لە بنەڕەتەوە لەگەڵ بەغدا چارەسەر نەکرێت کە ئایا ئێمە سیستمێکی فیدراڵین یان سیستمێکی مەرکەزی، کێشەکانی دیکە چارەسەر نابن. 
 
جەوهەری کێشەکە لێرەیە. با من زیاتر باسی بکەم؛ ئەگەر ئێمە دەمانەوێت عێراق سەقامگیریی سیاسی هەبێت؛ ئەگەر دەمانەوێت سەقامگیریی ئابووری هەبێت، ئەوا دەبێ برایانی ئێمە لە بەغدا زۆر بە جیدی هەڵوەستە لەسەر ئەو بابەتە بکەن. من نامەوێ بڵێم دژن، بەڵام هەتا ئێستا لە هەردوولا ئیرادەیەکی ئەوەندە بەهێز نییە کە بێ موجامەلە لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و کێشەکان چارەسەر بکەن. بۆ نموونە، سیستمی فیدراڵی. لەوانەیە ئێمە هەندێک شت لە هەرێمی کوردستان بکەین کە بەپێی سیستمی فیدراڵی مافی ئێمە نەبێت، بەڵام ئەو هەڵسوکەوتەی بەغداش لە هەندێک بابەتدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات، هەموو شتێکە فیدراڵی نەبێت. ئەمە پێویستی بەوەیە بێ موجامەلە دابنیشین. لەکوێ هەرێمی کوردستان لە سیستمی فیدراڵی زیاتر رۆیشتووە، کەمی بکەینەوە و لە چ شوێنێک بەغدا سیستمی فیدراڵی جێبەجێ ناکات، پڕی بکەینەوە. پێم وایە ئەمە بەرژەوەندیی هەموو گەلانی عێراقە؛ ئەمە ئەو بەرژەوەندییەیە کە بۆ هەموومان پێویستە. هەڵسوکەوت لەگەڵ یەکتر لەنێو عێراقدا قەت نابێ لەسەر ئەوەبێت کێ لاوازە و کێ بەهێز. ئەمە لۆژیکێکی زۆر خراپە بۆ عێراق و ئەگەر ئەم لۆژیکە بەردەوام بێت، لە کێشە زیاتر هیچی دیکە بۆ عێراق بەرهەم ناهێنێت.
 
ئەوەی ئاماژەت پێدا، بەڵێ. ئێمە بەشێکین لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت؛ لەگەڵ برایانمان بەشێکی سەرەکین لە دروستکردنی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت. ئەگەر پرسیارەکەی جەنابت ئەوەیە، هیچ نەکراوە و هیچ نەبووە؟ من وای نابینم. لە ماوەی ئەو چەند مانگەی ئەم حکومەتە پێکهاتووە، هەندێک بەرەوپێشچوون هەبووە، بەڵام بێگومان کێشەشمان هەیە. دەبێ ئەو کێشانەش چارەسەر بکرێن و ناکرێ لەسەریان بەردەوام بین. ئێمە نەخشەڕێیەکمان داناوە و هەموو لایەکمان لەسەری هاوڕاین و نەخشەڕێیەکە روونە کە ئێمە چۆن دەگەینە ئەو ئامانجانەی بۆمان داناوە. جارێکی دیکە دەیڵێم، مەبەست لەو هەموو کارانەی بەیەکەوە دەیکەین چییە؟ دەمانەوێ سەقامگیریی سیاسی لە عێراقدا هەبێت؛ دەمانەوێ بارودۆخی خەڵک باشتر بێت؛ دەمانەوێ سەقامگیریی ئابووری دروستبێت. بێ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە ناکرێت. سوپاس بۆ خودا ئێمە بەیەکەوە لە تێکشکاندنی داعش سەرکەوتوو بووین؛ ئێمە بناخەی دەوڵەتی نوێی عێراقمان بەیەکەوە دانا و یەک لایەن بەتەنیا ئەوەی نەکرد.
 
لەگەڵ هێزەکانی دیکە، بەتایبەتی برایانی شیعە، لەدوای 2003 بەردی بناخەی عێراقی نوێمان بەیەکەوە دانا. ئێمە بەشێکی سەرەکین لەمە و وەکو بەشێکی سەرەکیش دەمێنینەوە. زۆرجار پێداگریم لەسەر قسەیەک کردووە کە هەرێمی کوردستان دەبێ لەوە تێبگات، رەهەندی ستراتیژی پەیوەندیی هەرێمی کوردستان، بەغدایە. دەبێ لەگەڵ بەغداش کێشەکان چارەسەر بکرێن. ئێمە بەیەکەوە داعشمان تێکشکاند؛ هەم پێشمەرگە شەهیدبوو؛ هەم سوپای عێراقی شەهیدی دا و هەم حەشدی شەعدی شەهیدی دا؛ ئەمانە هەموو لەم پێناوەدا شەهیدیان داوە و خوێنەکە لە پێناو بەرگریکردن لەم وڵاتە و یەک ئامانجدا تێکەڵبووە. بۆیە دەبێ ئەمە وامان لێبکات ئەو گرفتانەی ئەمڕۆ لەسەر رێگەمان دەیانبینین، بە ئاسانی جارەسەریان بکەین. لۆژیکییە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا کێشەی ئەوە بێت مووچەی پێ دەدرێت یان پێی نادرێت؟ ئەمە چ پرسیارێکە؟ ئایا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەشێک نین لە گەلی عێراق؟ ئەی ئینتیما بۆ وڵاتێک چۆن دروست دەبێت؟ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوپەڕی شەفافییەتەوە هەڵسوکەوتی لەم بابەتەدا لەگەڵ بەغدا کردووە و ئێمە چاوەڕوانین هێزە سیاسییەکانی بەغداش زۆر بە جیدی (هەڵوێستیان هەبێت). ناخۆشترین شت ئەوەیە بەردەوام پرسی مووچە هات و مووچە نەهات، مووچە دەدرێت یان نادرێت، ببێت بە هەواڵ. ئەوە مافێکی سەرەتایی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە وەکو بەشێک لە هاووڵاتییانی عێراق. دەبێ ئەو پابەندییە جێبەجێ بکرێت. ئێستاش دەیڵێم، حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر شەفافانە لەو بابەتەدا هەڵسوکەوتی لەگەڵ بەغدا کردووە و ناکرێت ئەم بابەتە بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت.  
 
پرسیار: کە ئێوە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بوون، کە کێشە لەگەڵ بەغدا دەبوو، چەند جارێک دەڕۆیشتی بۆ بەغدا و ئەگەر جارەسەر نەبووبا، سەردانێکی تارانت دەکرد و دوایی دەچوویەوە بەغدا و کێشەکە چارەسەر دەبوو، ئێستا ئەم شتانە ناکرێت؟
 
نێچیرڤان بارزانی: چارەسەری کێشەکانی ئێمە لە بەغدایە و لە هیچ شوێنێکی دیکە نییە. ئێران دراوسێی ئێمەیە، سەردانی ئێران دەکەین، بەڵام وەکو باسم کرد، ئێمە بیانی نین و خاوەن ماڵین. بەیەکەوە ئەو کارانەمان کردووە کە ئاماژەم پێدان، لەبەر ئەوەی خۆمان بە خاوەن ماڵ دەزانین، دەبێ پێکەوە لەگەڵ برایانمان لە بەغدا بە حەوسەڵە و بێ موجامەلە دابنیشین و کێشەکان چارەسەر بکەین. 
 
پرسیار: ئێران داوای لە هەرێمی کوردستان کردووە کە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان کە وەکو پەنابەری سیاسی لە هەرێمی کوردستانن، دوور بخرێنەوە. پێناچێت لە پەیامەکانی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان یەکدەنگییەک هەبێت و هەر یەکە و شتێک دەڵێت. د. فوئاد حوسێن چوو بۆ ئێران و گوتی، "ئێمە دوورمان خستوونەتەوە و پابەندیی خۆمان جێبەجێ کردووە". قاسم ئەعرەجیش بە هەمان شێوە باسی کرد، بەڵام ئێران هەمیشە جۆرە هەڕەشەیەک لە هەرێمی کوردستان دەکات و لە رابردووشدا 12 مووشەکی لە هەولێر گرت. ئێوە چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ ئێران دەکەن؟
 
نێچیرڤان بارزانی: وەکو بنەما، دروست نییە بەپێی هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی، وڵاتی عێراق ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ هیچ یەک لە دراوسێکانی. یاسای نێودەوڵەتیش ئەو مافە بە کەس نادات کە وڵاتەکەی ببێتە ناوچەیەکی پارێزراو بۆ ئەوەی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتانە، لە وڵاتی ئێمەدا راهێنانیان پێ بکرێت و وەکو ناوچەیەکی پارێزراو سوودی لێ وەربگرن و بچن بۆ وڵاتێکی دیکە و ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام بدەن و بگەڕێنەوە. جگە لەوە، بەغدا لەگەڵ تاران رێککەوتنێکی ئەمنییان واژۆ کردووە. ئێمە لە هەرێمی کوردستان وەکو بەشێک لە عێراق پابەندی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەین. ئێمە پابەندین و ئەوەی تاوەکو ئێستاش کردوومانە، بەپێی ئەو رێککەوتنە بووە. لە بەغداش کە ئێستا بەڕێز قاسم ئەعرەجی دۆسیەکە بەڕێوەدەبات و لە هەرێمی کوردستانیش وەزیری ناوخۆ بەڕێوەی دەبات، هەنگاوی یەکجار زۆر بەرەو پێشەوە رۆیشتووین و لەم بابەتەدا پێشکەوتنی باش بەدەستهاتووە و ئێمە دیسانیش پێداگری لەسەر ئەو بنەمایە دەکەینەوە، هەرێمی کوردستان سەرچاوەی هەڕەشە نییە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران. کۆماری ئیسلامی ئێران دراوسێیەکی گرنگی ئێمەیە و سنوورێکی دوور و درێژمان لەگەڵی هەیە و دەمانەوێ ئەو کێشانە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن. بۆ هەنگاوەکانیش بە پێچەوانەوە، هەنگاوی باشمان بەرەو پێش ناوە. ئەوەی من ئاگاداربم، تا رادەیەکی زۆریش کۆماری ئیسلامی ئێران سوپاسگوزارە بەم هەنگاوانە.
 
پرسیار: ئەی لایەنە کوردییەکانی لێرەن، رازین بەوهەنگاوانە؟
 
نێچیرڤان بارزانی: بە سوپاسەوە ئەوان تێگەیشتنێکی زۆر زۆر باشیان بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان هەیە. من هەر دەتوانم ئەوە بڵێم، چەندین جار دانیشتنم لەگەڵیان کردووە، هەموویان زۆر پەرۆشی ئەوەن کە هەرێمی کوردستان تووشی هیچ کێشەیەک نەبێت. 
 
پرسیار: دۆسیەیەکی دیکەش کە بەردەوام لەسەر مێزەکەی ئێوەیە دۆسیەی تورکیا و پەکەکە، نەوت، بۆردوومانکردنە. ئەمڕۆ لەگەڵ تورکیا پەیوەندی ئابووریمان هەیە و ئێستاش هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆرییەوە بۆ تورکیا وەستاوە. لایەنی تورکی باس لەوە دەکەن کە ئامادەن، بەڵام کێشەکە لەنێو عێراقە و لەلایەکی دیکەوە عێراق قسەیەکی دیکە دەکات کە زۆر روون نییە. هۆکار چییە کە تاوەکو ئێستا ناتوانین هەناردەکردنی نەوت بۆ تورکیا دەست پێ بکەینەوە؟
 
نێچیرڤان بارزانی: تورکیا ئێستا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی بۆری نەوتەکە بکرێتەوە و نەوت بڕوات. دوو کێشەی گەورە بەربەستن بۆ ئەوەی نەوت هەناردە نەکرێتەوە. یەکەمیان پارەی کۆمپانیاکانە. بەپێی ئەو رێککەوتنە، ئەگەر نەوت بڕوات، پارەکە دێتەوە بەغدا، بەڵام ئایا پارەی کۆمپانیاکانی نەوت چۆن دەدرێت؟ ئێستا بەپێی یاسای بودجەی عێراق، بۆ هەر بەرمیلێک لە نەوتی کوردستان شەش دۆلاریان داناوە کە ئەوە زۆر کەمە. کۆمپانیاکانی نەوت ئێستا ئەو پرسیارە دەکەن کە ئێمە چونکە شێوەی گرێبەستەکانمان لە هەرێمی کوردستان سێرڤز نییە و هاوبەشییە لەگەڵ کۆمپانیاکان، ئەوان دەڵێن "بۆ ئێمە ئەگەر بڕیار وابێت لە هەر بەرمیلێک شەش دۆلار وەربگرین، بۆمان دەرناهێنێت". عێراق بۆ خۆی لە هەندێک شوێن بەپێی بارودۆخەکە، 30 دۆلار دەداتە کۆمپانیاکان، لە گەیارە بۆ هەر بەرمیلێک 30 دۆلارە، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان شەش دۆلارە. ئەمە لەخۆیدا کێشەیەکی گەورەیە و دەبێ چارەسەر بکرێت. گرفتەکەی دیکە ئەوەیە، سۆمۆ دەبێ گرێبەست لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە بکات کە تاوەکو ئێستا نەوتی کوردستانیان کڕیوە. پێم وایە ئەوە نابێتە کێشە، چونکە خەریکن ئێستا لەگەڵ یەکدی گفتوگۆ دەکەن، بەڵام ئەم پرسە دەبێ لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکرێت بۆ ئەوەی لەڕووی کردارییەوە دەست بە هەناردەکردنی نەوت بکرێتەوە بۆ دەرەوە. 
 
پرسیار: واتا کێشەکە لە تورکیا نییە و لە بەغدایە؟
 
نێچیرڤان بارزانی: بە دڵنیاییەوە کێشەکە لە تورکیا نییە و لە بەغدایە.

 

پرسیار: دۆسیەیەکی دیکە کە پەیوەندی بە تورکیاوە هەیە، پرسی پەکەکە و بوونیەتی لە هەرێمی کوردستان. لە رابردوودا ئێوە و جەنابی کاک مەسعود رۆڵتان هەبوو لە جۆرە لێکتێگەیشتن و نزیکبوونەوەیەک لە نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیا، بەتایبەتی ئێوە پەیوەندییەکی باشتان لەگەڵ ئەنقەرە هەیە. هیچ دەرفەتێک هەیە ئەمڕۆ بابەتێکی لەم شێوەیە دووبارە ببێتەوە؟
 
نێچیرڤان بارزانی: وەکو پرەنسیپ دەبێ ئەم کێشەیە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت. ئەمە کێشەیەک نییە بتوانین بە رێگەی سەربازی چارەسەری بکەین، واتە جۆری کێشەکە بە جۆرێکە کە دەبێت لە رێگەی سیاسییەوە چارەسەر بکرێت. وەڵامەکەی من ئەوەیە کە لەسەر ئێران قسەم کرد، لەسەر تورکیاش هەر ئەو پرەنسیپەیە. نابێ هەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەی تێکدانی ئەمنییەت بۆ وڵاتانی دراوسێ. ئەو پرەنسیپە لەسەر تورکیاش جێبەجێ دەکرێت. پەکەکە کێشەیەکی گەورەیە بۆ هەرێمی کوردستان؛ پەکەکە هیچ رێزێکی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان ناگرێت. تاوەکو سیاسەتی پەکەکە ئەمە بێت، ئێمە ناتوانین گەرەنتی ئەوە بکەین کە تورکیا هیچ نەکات.
 
بۆ ئەو پرسە کە ئایا هیچ رۆڵێک دەتوانین بگێڕین؟ لە رابردوودا خوالێخۆشبوو مام جەلال ئەو دەورەی بینیوە، جەنابی سەرۆک بارزانی دەوری بینیوە، بەندە زۆر هەوڵم داوە و تا ئاستێکی زۆریش پێشکەوتنمان بەدەستهێناوە. وا نەبووە کە هیچ نەکرابێت لە تورکیا و بە هێمنی زۆر شتمان کردووە. ئەگەر پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا ئێستا ئەو دەرفەتە هەیە؟ ئێمە بە هەموو جۆرێک دەمانەوێ دەرفەتێک هەبێت کە بتوانین دەورێک ببینین بۆ چارەسەر، بەڵام ئێستا دیار نییە. 
 
پرسیار: باسی فڕۆکەخانەی سلێمانیت لەگەڵ تورکیا کردووە کە بۆچی دایانخستووە و کەی دەیکەنەوە؟
 
نێچیرڤان بارزانی: بەڵی ئەو باسەشم لەگەڵیان کردووە. ئێمە لە گفتوگۆیەکی بەردەوامداین بۆ ئەوەی تورکیا هەر نیگەرانییەکی لەو بابەتەدا هەیە، نەیهێڵین و هاتنی فڕۆکەی تورکیا و وڵاتانی دیکە بۆ سلێمانی ئاسان بێت. بە بەردەوام ئێمە لەگەڵیان لەسەر هێڵین.
 
پرسیار: دەڵێن چی؟
 
نێچیرڤان بارزانی: هەندێک نیگەرانییان هەیە کە دەبێ ئەو نیگەرانییانە چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی هەنگاوی دیکە بەرەوپێش بچێت.
 
پرسیار: ئەمریکا هاوپەیمانێکی گرنگە و لە رۆژئاواش دەبینین هاوپەیمانی هەسەدەیە. لە هەردوولا کورد و ئەمریکا لە یەک بەرەدا شەڕیان کردووە، بەڵام سەرباری ئەوەی لەگەڵ هەسەدە هاوپەیمانە، بە بەرچاوی ئەمریکاوە هەموو رۆژێک خەڵک بۆردوومان دەکرێت؛ قوتابخانە، نەخۆشخانە و زۆر شوێنی مەدەنی دیکە لەم چەند رۆژەدا بۆردوومان کراون و ئەمریکا سەیریان دەکات. ئەگەر بێت و شتێکی لەم شێوەیە لە هەرێمی کوردستانیش رووبدات، چاوەڕوانی چی لە ئەمریکا دەکەن؟ 
 
نێچیرڤان بارزانی: ئەگەر سەیری مێژوو بکەین، هەر لە 1991ـەوە ئەمریکا بەشێکی سەرەکی بووە لە پاراستنی هەرێمی کوردستان. کاتێک ناوچەی دژە فڕینیان دروستکرد، ئەمریکا بەشێکی سەرەکی بوو لەم بابەتە و ئەو کارە بێ ئەمریکا نەدەکرا. ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و هاوپەیمانانی دیکە پشتگیریکەری سەرەکی بوون بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان لەو کاتەدا. ئەگەر سەیری هەموو ئەو وێستگانەش بکەن، دەبینن ئەمریکا پاڵپشتێکی سەرەکی بووە. ئەمریکا و هاوپەیمانانی دیکە لە ئەوروپا، لە بابەتی شەڕی داعشدا ئەگەر یارمەتی هەرێمی کوردستان و عێراقیان نەدابا، دیار نەدەبوو دۆخەکە چی لێدێت. ئێمە بە سوپاسەوە سەیری دەوری ئەمریکا و هاوپەیمانان لە ئەوروپا دەکەین کە یارمەتی ئێمەیان داوە. ئێستاش لە هەرێمی کوردستاندا وەکو بەشێک لە عێراق، دەبینین کە رێککەوتنێکی ستراتیژی لە نێوان ئەمریکا و عێراقدا هەیە؛ زۆر بوار هەیە بۆ هەرێمی کوردستانیش کە بتوانێت لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنە ستراتیژییەدا سوودی لێ وەربگرێت و بتوانێت دەوری هەبێت. دەمەوێ بڵێم، دەوری ئەمریکا تاوەکو ئێستا دەورێکە هانی هەردوولامان دەدات بۆ چارەسەری کێشەکان؛ لە نێوخۆ وەکو هەرێمی کوردستان بەردەوام هانمان دەدات بۆ گفتوگۆ و چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا. لەم پرسەدا هیچ نەگۆڕاوە. ئەوەی کە دەبینرێت هەندێکجار ئەمریکا هەندێک سستی پێوە دیارە، من پێم وایە سەرقاڵییە. ئێستا ئەولەویاتیان زۆرە؛ ئەوە پرسی ئۆکراینایە؛ ئەوە پرسی چینە؛ پرسی دیکەی زۆر گەورە هەن کە ئەمریکییەکانیان سەرقاڵ کردووە. ئەگەر ئەوە نەبێت، ئێمە نابینین گۆڕانکارییەکی زۆر گەورە لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر هەرێمی کوردستان و عێراق کرابێت.   

 

پرسیار: زۆر شتتان لێ داوا دەکەن بەتایبەت لە نێوخۆ، وەکو یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە و هەندێک داوای دیکە، بە قسەیان ناکەن.

نێچیرڤان بارزانی: لە بابەتی هێزی پێشمەرگەدا گلەییەکانیان رەوایە لە یەکێتی و پارتی، چونکە ئەوەی ئەمریکا و ئەو هاوپەیمانانەی لەگەڵ ئەمریکادان دەیانەوێت، وەک ئەڵمانیا، فەرەنسا و ئیتاڵیا، ئەوەیە هێزی پێشمەرگە یەکگرتوو بێت. لەمەدا گلەییان لە یەكیتی و پارتی هەیە کە وەکو پێویست هەنگاو بۆ ئەم بابەتە نانێن؛ بەڕاستیش گلەییەکە لەجێگەی خۆیدایە. بێگومان مانای ئەوەش نییە هیچ هەنگاوێک نەچووەتە پێش؛ هەندێک هەنگاو چوونەتە پێش، بەڵام بچووک و سستن و ئەوان دەیانەوێت ئەم پڕۆسەیە باشتر و خێراتر بکرێت.

پرسیار: کەی هێزی پێشمەرگە یەک دەبێت؟

نێچیرڤان بارزانی: ئێمە لە پڕۆسەکەداین و دەستی پێکردووە. ئەگەر بابەتەکە ئەوەیە بە من بڵێی هیچ نەکراوە، ئەوا من بە جەنابت دەڵێم شت کراوە. دوایین کۆبوونەوە کە هەڵسەنگاندنی دۆخەکەمان کرد من وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە گەشبینییەوە سەیری فایلەکەم کرد، بینیم هەندێک هەنگاوی باش بەرەو پێشەوە چووین، بەڵام ئایا گەیشتووین بەو هەنگاوانەی دۆستانی ئێمە و ئەوانەی پشتیوانی ئەم پڕۆسەیە دەکەن دەیانەوێت؟ نا، بەڵام بەرەپێشچوونیش هەیە لەو دۆسێیەدا. رێککەوتێک نییە من بتوانم بڵێم ئەو رۆژە (هێزی پێشمەرگە یەک دەبێت)، بەڵام هەست دەکەم ئێستا پڕۆسەکە باشتر بەڕێوەدەچێت.

پرسیار: لەبارەی عێراقەوە جەنابت باسی ئەوەت کرد کە دەبێت لەگەڵ بەغدا دابنیشین و سیستمی فیدراڵی دیاری بکەین یان بگەینە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش. لە کوێ ئێمە زۆر رۆیشتووین و لە کوێ ئەوان بەرەو مەرکەزییەت رۆیشتوون؟ ئەم گفتوگۆیە لە کوێ، لە بەغدا بکرێت؟ لە دادگەی فیدراڵی ئەوەی هەموو رۆژێک شتێک دەردەکات؟ یان لە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت یان لە ئەنجوومەنی وەزیران یان پەرلەمان؟

نێچیرڤان بارزانی: بە بڕوای من، لەگەڵ هاوپەیمانانی خۆمان؛ ئەوانەی کە حکومەتمان دامەزراندووە؛ دەبێت لەگەڵ ئەوان گفتوگۆیەکی جیدی بکەین. لەم بابەتەدا دەبێت لەگەڵ هاوپەیمانانی خۆمان لە ئیدارەی دەوڵەت گفتوگۆ بکەین و میکانیزمێکی جیدی دابنرێت. بابەتی میزانییە؛ ئەگەر بە کوردییەکەی بیڵێم، ئەو هەڵسوکەوتەی لە رووی داراییەوە بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات لە هیچ فیدراڵییەتێکی جیهاندا نییە. ئەمە بۆ گلەیی نییە و دەبێت رۆژێک دابنیشین. 20 ساڵە ئێمە دەڵێین لە راگوزەرداین. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە و دەبێت ئەم کێشانە بە جیدی چارەسەر بکرێن. من ناڵێم هەمووی خەتای بەغدایە.

پێناسەیەکمان هەیە سیستمی فیدراڵی. لەم سیستمی فیدراڵییە رەنگە ئێمە لە هەندێک شتدا زۆر رۆیشتبین، لە هەندێک شتدا بەغدا نەهاتووەتە پێش؛ دەبێت بۆ ئەمانە دابنیشین بۆ گفتوگۆ بۆئەوەی بەڕاستی عێراق ببێتە فیدراڵی. ساڵی 2003 ئێمە بەو بەڵێنانە چووینە بەغدا. سەیری دۆخەکە بکەن. لە 2003ـەوە کە ئێمە بەشداریمان لە دامەزراندنی عێراقی نوێ کرد، لە رووی سیاسییەوە زۆر شت نەگۆڕاوە بۆ هەرێمی کوردستان. پێش 2003ش ئێمە هەمان ئەو دۆخەکەمان هەبووە کە ئێستا هەمانە. ئەو بەڵێنانەی کە دران و گوتیان سیستمەکە فیدراڵییە و دەبێتە دیموکراسی و فیدراڵی، ئەمانە هیوابەخش بوون بۆ هەموو لایەکمان کە بەڕاستی ئێمە عێراقێکی نوێمان هەیە.

باشە؛ عێراق کێشەی بۆ دروستبوو، کێشەی نێوخۆی هەبوو؛ تیرۆر گەورەترین کێشەی عێراق بوو؛ داعش بەڵایەکی گەورە بوو بۆ هەموومان. هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارەمان هەبوو؛ زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر سنوورمان لەگەڵ داعش هەبوو؛ لە هێڵی پێشەوەی شەڕدا بەس پێشمەرگە نزیکەی 2 هەزار شەهیدی داوە؛ لە شوێنەکانی دیکەش سوپای عێراق و حەشدی شەعبی هەموو شەهیدیان داوە لەپێناو پاراستنی عێراق. ئێستا پێم وایە گلەیی نییە و داوایە، کاتی ئەوە هاتووە لەمەودوا دانیشتنێکی جیدی بێ موجامەلە بکەین و پێناسەیەکی دروستمان بۆ فیدراڵییەت و چۆنییەتی حوکمڕانی لە عێراقدا هەبێت.

پرسیار: لە رابردوو رێککەوتنامەی هەولێر هەبوو؛ هی دیکەش هەبوو بۆ پێکهێنانی حکومەت. لە 20 ساڵی رابردوودا لایەنەکان پابەند نابن بە رێککەوتنە سیاسییەکانەوە. ئەگەر ئەو پێناسەیە لەگەڵ سیاسییەکان لە بەغدا هەبێت، لەدوای ئەوە هەنگاوەکان چی دەبن؟ دەستوور گۆڕینی تێدایە یان دەچێتە دادگەی فیدراڵی یان دەبێتە یاسا لە پەرلەمان؟

نێچیرڤان بارزانی: گرنگە ئەو لایەنانەی پێکهێنەری حکومەت و ئەوانەی ئەم عێراقەمان دامەزراندووە دوای ساڵی 2003 پێکەوە دابنیشین. ئەگەر لە جێگەیەک مادەیەکی دەستوور پێویستە بیگۆڕین، با رێکبکەوین و بڵێین با بیگۆڕین. بزانین کێشەکان لە کوێن و لەو چوارچێوەیەدا پێکەوە دەستنیشانیان بکەین. کارێک نییە ئەستەم بێت، چونکە گەورەترین پرسیار ئەوەیە، هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق یان نا؟ ئێمە هاووڵاتی عێراقین یان نا؟ ئێمە خۆمان بە هاووڵاتی عێراقی دەزانین و پێشکەوتنی هەر بەشێکی عێراقیش بە پێشکەوتنی خۆمان دەزانین؛ ئەو پێشکەوتنە لە بەسرە ببینین دڵخۆش دەبین؛ لە ئەنباریش بیبینین دڵخۆش دەبین؛ دەبێت لە عێراقیش وابێت، پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان پێشکەوتنە بۆ هەموو عێراق.

دیارنییە ئێمە چی سیستمێکی بەڕێوەبردنمان هەیە. ئەگەر ئێمە ئەوە چارەسەر بکەین، بودجە و مووچەش چارەسەر دەبێت، چونکە ئێمە دەگەینە تێگەیشتنی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی وڵات؛ ئەوە گەورەترین و لەپێشینەترینە. من کە چووم بۆ ئەڵمانیا راوێژکاری {ـی ئەڵمانیا} پرسیاری کرد و گوتی چۆن دەتوانین یارمەتیتان بدەین، وەڵامی من تەنیا ئەوە بوو، گوتم ئێوە سیستمێکی زۆر رێکوپێکی فیدراڵیتان هەیە. جەنابی باڵیۆزیش لێرە دانیشتووە ئەویش لەو کۆبوونەوەیەدا دانیشتبوو لەگەڵ من کە کاک لوقمانە و باڵیۆزی ئێمەیە لە ئەڵمانیا، پێم گوت "یارمەتی ئێمە بدەن چۆن سیستمی فیدراڵی لە عێراقدا جێبەجێ بکەین".

پرسیاری ئامادەبووانی مێری بۆ نێچیرڤان بارزانی و وەڵامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان


پرسیار (جەبار یاوەر): رێزدار سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لە سیستمی حوکمڕانی لە عێراق کرد، کە بەگوێرەی دەستوور دەبێت دەوڵەتێکی فیدراڵی بین، بەڵام بەگشتی وا بەڕێوەناچێت؛ باسی لەوە کرد سیستمەکە ببێتە فیدراڵی. لێرەدا پرسیارەکەم ئەوەیە، ئایا نەخشە رێگەیەکی ئامادەکراو هەیە کە پشتبەستوو بێت بەو مادە یاساییانەی لە دەستووری عێراقدا هەیە و ئەوانەی کێشەیان بۆ بەڕێوەچوونی سیستمی فیدراڵی دروستکردووە؟ بۆ نموونە ئەوەی پەیوەستە بە ئەنجوومەنی حوکم، بە دادگەی فیدراڵی، بە یاسای نەوت و گاز، بە مەجلیسی کۆکردنەوەی و دابەشکردنەوەی داهاتی عێراق. ئایا ئەگەر نەخشەڕێگەکەشمان هەبێت، نابێت رێککەوتنێکی سیاسی لەنێوخۆ هەبێت بۆ ئەو نەخشەڕێگەیە؟

نێچیرڤان بارزانی: بێگومان کاک جەبار کە لە وەزارەت بوو لە بەشێکی بنەڕەتی گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا و لەسەر دەستوور و مافەکانمان خۆی بەردەوام لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ من بوو.  بەدڵنیاییەوە من پێم وانییە لەسەر مافی دەستووریی هەرێمی کوردستان بۆچوونێکی جیاواز لەنێو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانەوە هەبێت. لەبەر ئەوە ئێمە کە گەیشتینە لێکتێگەیشتن یان پڕۆسەیەک لەگەڵ بەغدا، بێگومان لەنێوخۆمان نەخشتە رێگەیەکمان دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە.

پرسیار: جەنابی کاک نێچیرڤان باسی هەڵوێستی ئەمریکا و مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد. ئایا یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەڕاستی ئەوە نییە کە ئەمریکا ساردە لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و وەکو پێشتر پشتگیریی هەرێمی کوردستان ناکات؟

نێچیرڤان بارزانی: ئەمریکا چۆن عێراق دەبینێت؟ ئەمریکا ئەو جیاوازییەی نییە لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق. ئەوان هەموو جارێک جەختیان لە یەکپارچەیی خاکی عێراق و لەنێو عێراقیش هەرێمێکی بەهێز کە بتوانێت یارمەتی خۆی و عێراق بدات، کردووەتەوە. وەکو خۆم هیچ وانایبینم لە ساسیەتی ئەمریکادا لەو بابەتەدا هیچ گۆڕابێت. لەبابەتی چارەسەرکردنی کێشەکان، ئێمە پێویستمان بە دەرەوە نابێت، رەنگە لە رووی تەکنیکەوە یارمەتیمان بدەن، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە دەبێت ئێمە خۆمان کێشەی خۆمان چارەسەر بکەین؛ خۆمان وەکو یەک ماڵ دەبێت لەسەر مێزی گفتوگۆ لە بەغدا دابنیشین و ئەو کێشانە چارەسەر بکەین. ئێمە ئایندەیەکی هاوبەشمان پێکەوە هەیە؛ مادام وایە پێش ئەوەی ئێمە داوا لە ئەمریکا یان هەر لایەنێک بكەین، دەبێت خۆمان دابنیشین، ئەو کاتە ئەگەر پێویست بوو ئەمریکا یان هەر لایەنێک یارمەتیمان دەدات.

پرسیار: لاتان ئاساییە دادگەی فیدراڵی کە چەند مانگێکە کوردستانی داگرتووەتەوە، ئەمە چۆن دەبینن؟ پرسیاری دووەمم، باس لە حەماس و ئیسرائیل کرا. دەگوترێت ئەو شەڕە درێژە دەکێشێت و لێکەوتەی دەبێت. ئایا ئێمە لە کوردستان ئامادەکاریمان بۆ ئەو لێکەوتانە هەیە؟

نێچیرڤان بارزانی: لەسەر شەڕی فەلەستین و ئیسرائیل، ئێمە وەکو گەلێک و وەکو عێراقیش کەس بەقەد خەڵکی ئێمە نازانێ بەدبەختی و ناخۆشی شەڕ واتای چییە. ئەوە هەموومان دەزانین. بەردەوام گوتومانە و ئێستاش دەیڵێن، ئەم شەڕەش جەختکردنەوەیە لەوەی کە ئەو کێشەیە بە شەڕ چارەسەر ناکرێت و دەبێت بە ئاشتی و گفتوگۆ چارەسەر بکرێت. مافی گەلی فەلەستینە کە دەوڵەتی خۆیان هەبێت؛ ئەوە مافێکی تەواوە. ئەگەر سەیری ناوچەکە بکەین ئەوە دەبینین فەلەستینییەکان مافێکی ئاسایی خۆیانە دەوڵەتی خۆیان هەبێت و بە ئاشتی بژین. ئەوەی ئێستا کراوە کە گەمارۆ لەسەر غەزە دانراوە ئێمە هەموومان پێمان ناخۆشە، چونکە دەزانین بڕینی ئاو و کارەبا و خواردن مانای چییە؛ لە شوێنێک کە درێژییەکەی 40 کیلۆمەترە و پانییەکەی 10 کیلۆمەترە و 2 ملیۆن و 300 هەزار کەسی تێدا دەژین، ئەوە ناوچەکە بەرەو کارەساتێکی گەورەی مرۆیی دەبات. ئێمە هیوادارین بەزووترین کات ئەم شەڕە نەمێنێت و بەرۆکی عێراق و هیچ شوێنێکیش نەگرێت.

ئێمە لە زۆر لە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی ناڕازین وەکو هەرێمی کوردستان. دادگەی فیدراڵیش یەکێک لەو دۆسیانەیە کە دەبێت لەگەڵ بەغدا چارەسەری بۆ بدۆزینەوە. یەکلایەنە لە هەرێمی کورستان ناتوانین ئەو کارە بکەین؛ هەر تێبینییەکمان لەسەر دادگەکە هەبێت، دەبێت لەگەڵ برایانمان لە بەغدا بە گفتوگۆ چارەسەری بکەین.

پرسیار: ئایا رێککەوتنێکی وەکو عێراق و ئێران بۆ عێراق و تورکیاش پێویست نییە؟

نێچیرڤان بارزانی: بابەتی تورکیا، ئەو پرەنسیپەی بۆ ئێران هەیە هەمان شت بۆ تورکیاش هەیە؛ بەڵام جیاوازە و زۆریش جیاوازە؛ جیاوازییەکەی لەوەدایە، ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی زۆر باشتر لە پەکەکە رێز لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دەگرن، زۆریش بە پەرۆشن و رێگەنادەن کێشەی گەورە بۆ هەرێمی کوردستان دروستبێت. زۆر بەداخەوە پەکەکە ئەو بۆچوونەی نییە کە پەکەکە بەشێکە لە کێشەیەکی زۆر گەورە و سەرئێشەیەکی گەورە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق لە هەموو شوێنێک. وەکو پرەنسیپ عێراق جیدییە لەوەی نابێت ببێتە گۆڕەپانی تێکدانی ئەمنییەتی هیچ وڵاتێک و دەیەوێت بە ئاشتی لەگەڵ دراوسێکانی بژی. ئەوە بۆ تورکیا و بۆ ئێرانیش هەمان شتە. ئێمە سوپاسی تایبەتی جەنابی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و ئەو تیمەی لەگەڵیدان دەکەین، کە وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانیشی لەگەڵدایە و بەرپرسی ئەو دۆسێیە، سوپاسی وەزیری ناوخۆی خۆشمان دەکەین کە لەو دۆسێیەدا بە جیدی کاریان کردووە و هەوڵی جیدییان داوە کە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن.

پرسیار (نوخشە ناسیح، قایمقامی هەڵەبجە): من بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ بووم و ئەو کاتە هەموو خەڵکی کوردستان دڵخۆشبوون کە جەنابت واژۆی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەت کرد. ئەو بابەتە هەشت ساڵی بەسەردا تێپەڕی. بە دەستخۆشییەوە لایەنە سیاسییەکانیش کاریان لەسەر کردووە. لە چەند رۆژی رابردوودا کاک بافڵ تاڵەبانیش بابەتەکەی لە بەغدا باسکرد. ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە، دۆسێیەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بخەیتە بندەست و بچیتە بەغدا باسی بکەی؟ لەبەرئەوەی لە هەشت ساڵی رابردوودا ئەوەندەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان باسی مووچە و ئیمتیازاتیی داراییان کردووە باسی هەڵەبجەیان نەکردووە. هیوادارم وەکو کەسێکی میانڕۆ و ئاشتیخواز ئەم دۆسێیە بکەیتە دۆسێیەکی جیدی و لەگەڵ حکومەتی ناوەندی باسی بکەیت.

نێچیرڤان بارزانی: دەستخۆشی لە خاتوو {نوخشە ناسیح} دەکەم بۆ هەموو ئەو کارانەی لە هەڵەبجە دەیکات، بەڕاستی دەستخۆشیت لێدەکەم و دەشتناسم و جێی شانازیشە ئەو شتانەی دەیکەیت. بۆ من شەرەفێکی گەورە بوو لە کابینەی پێشتر لەگەڵ برای خۆشەویستم کاک قوباد پێکەوە ئەو کارەمان کردووە، نەوەکو تەنیا ئەوەندە دەهێنێت بچینە بەغدا، دڵنیات دەکەمەوە بە جیدی وەری دەگرین و دەبێتە یەکێک لە کارە لەپێشینەکانمان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە لەگەڵ بەغدا ئینشاڵڵا.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی: بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لەگەڵ پارتی کۆنابینەوە

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت "بە هیچ شێوەیەک'' لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نین. دەشڵێت، ''بۆنە زۆرن بۆ ئەوەی لەگەڵ پارتی کۆببینەوە، بەڵام یەکێتی قسە لەسەر هەڵبژاردنێک ناکات، کە بڕیاری لەسەر دراوە.''