- رووداو- ئامەد
لە مانگی تەمموزی رابردووەوە دەنگی تەقە لە باكووری كوردستان نەبڕاوە. ئەو شەڕە رای گشتی بەسەر دوو بەرەدا دابەشكردووە، بەرەكیان پێیانوایە ئەو شەڕە جگە لە ماڵوێرانی بۆ كورد، هیچی دیكەی لێ شین نابێت، بەرەیەكیش دەڵێت نابێ چەكەكان بێدەنگ بكرێن، هەتا خۆسەری دیموكراتیك بە تەواوی نەچەسپێ.
ئاڵۆزییەكان لە باكووری كوردستان درێژەیان هەیە، لە چەندین شار و شارۆچكە قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەندراوە. هەندێك شوێن زیاتر لە مانگێكە قەدەغەی هاتوچۆی تێدا راگەیەنراوە، بەو هۆیەوە بە هەفتە تەرم لەسەر شەقام دەكەوێ و كەس ناوێرێ بچێت هەڵیبگرێتەوە.
تاهیر دۆغان، كوردێكی دانیشتووی شاری دێرسیمی باكووری كوردستانە، دەڵێت "راستییەكەی بەم زستانە كاتی شەڕ نەبوو، هەزاران هاووڵاتی ئاوارە و دەربەدەر بوون، خەڵكی كاسبكار زیانێكی زۆری بەركەوتووە، زۆربەی دووكانەكان داخراون، بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆوە قوتابیان ناوێرن بچنە قوتابخانە".
بە بڕوای تاهیر دۆغان، ئەو شەڕە بە زیانی كورد تەواو دەبێت "خوێنی هەزاران هاووڵاتی و گەریلا بەفیڕۆ دەڕوات، ئاخر پێم ناڵێن كێ دواجار حەقی خوێنیان وەردەگرێتەوە؟ ئاخر كێشەی كورد بەكوشتنی دوو سەربازی تورك و شەهیدبوونی دەیان هاووڵاتی مەدەنی چارەسەر دەبێت؟".
بەڵام ئۆرهان محەممەد كە گەنجێكی تەمەن 28 ساڵە، پێیوایە ئەمڕۆ رۆژی كوردانە و كورد نابێت ئەو شەڕە رابگرێ تاوەكو شتێك بە شتێك دەكات. ئۆرهان كە دووكاندارە، دەڵێت "من كوردم، زمانی كوردی نازانم، چونكە مافی ئەوەم پێنەدراوە بەزمانی دایك بخوێنم".
ئۆرهان چەند رۆژێكە بەهۆی شەڕەوە دووكانەكەی نەكردووەتەوە، بەڵام باكی بە بەردەوامیی شەڕ نییە و دەڵێت "بەهۆی نەكردنەوەی دووكانەكەم زیانێكی زۆرم بەركەوتووە، بەڵام من پێموایە ئێستا باشترین دەرفەتە بۆ چەسپاندنی خۆسەریی دیموكراتیك. دەرفەتێكی باش بۆ كورد رەخساوە، ئەوەتا توركیا كێشەی لەگەڵ رووسیا هەیە و بارودۆخی سوپا شڵەژاوە، بۆیە باشترین كاتە و ئەم شەڕەی ئێستا دواجار لە بەرژەوەندی كورد كۆتایی دێ".
ژنان و منداڵان قوربانیی یەكەمی ئەم شەڕەن. نارین كەمال ژنێكی تەمەن 35 ساڵەی دانیشتووی سووری ئامەدە و بەهۆی شەڕەوە ئاوارەی شاری بینگۆل بووە كە نزیكەی سێ كاژێر لە ناوچەی سووری ئامەد دوورە، ئەو دەڵێت "من ئێستا دووگیانم، بەو زستانە ئاوارە بووین و ماڵ و حاڵی خۆمان جێهێشتووە. نزیكەی مانگێكە هاتووینەتە ماڵی براكەم لە شاری بینگۆل و منداڵەكانم لە خوێندن بێبەش بوون، مێردەكەم ئیشەكەی لەدەستداوە".
لە هەمووی ناخۆشتر، ئەو هەواڵە بوو كە بە تەلەفۆن بە نارین درا و پێی گوترا كە ماڵە چۆڵكراوەكەیان بەهۆی شەڕەوە رووخاوە. نارین گوتی "تازە من چۆن بچمەوە نێو خانووە رووخاوەكە؟ كێ قەرەبووم دەكاتەوە؟ بەو بێ پارەیی و بێ كارییەی مێردەكەم، چۆن خانووەكەمان چاك بكەینەوە".
عوسمان ئیبراهیم، 70 ساڵ، دانیشتووی شاری ئامەدە، دەڵێت زۆربەی تەمەنی لە نێو شەڕدا رۆیشت، پێیوایە ئەو شەڕەی كورد ئێستا دەیكات شەڕێكی بێ ئەنجامە "ئێمە دونیامان دیوە، شەڕ جگە لەماڵوێرانی هیچی لێ سەوز نابێت، دواجار هەر كورد زیانی پێدەگات، چونكە كورد بێ كەس و بێ چەكە، ناتوانێت بەرامبەر سوپایەكی گەورەی وەكو تورك شەڕ بكات، بۆیە ئاشتی باشترین چارەسەرە بۆ كورد، دەبێت كورد بە ئاشتیانە مافەكانی بەدەست بێنێ".
مام عوسمان چاوەڕێی خراپتربوونی دۆخەكە دەكات و دەڵێت "بەداخەوە جاران بە قسەی سەرۆك ئاپۆیان دەكرد، بەڵام ئێستا بە قسەی ئەویش ناكەن، كەس گوێ لە كەس ناگرێت، هەر كەس هەڵدەستێتەوە خۆی بە برا گەورە دەزانێت".
"دەمانكوژن و بە تیرۆرستیش دەمانناسێنن "ئەمە قسەی میرخانە كە كوڕە گەنجێكی تەمەن بیست ساڵەیە، ئەو دەڵێت "سوپای تورك منداڵی سێ مانگی و پیرە پیاوی حەفتا ساڵی شەهید دەكات و دواتریش دەڵێ ئەوانە تیرۆرستن، ئاخر مەعقولە منداڵی سێ مانگی تیرۆرست بێ؟".
وەك چۆن شەڕ هاووڵاتیانی باكووری كوردستانی نیگەران كردووە، بە هەمانشێوە ئەو توركانەی لەباكووری كوردستانیشن نیگەرانن لە بارودۆخەكە، بەڵام پێیانوایە لە شەڕی ئەمجارەدا پەكەكە دەستپێشخەر بووە.
ئیحسان ئۆغلۆ كە كادیرێكی ئاكپارتییە و دانیشتووی شاری ئامەدە، دەڵێت "راستییەكەی ئێمەش ئەم بارودۆخەی كوردەكانمان پێ ناخۆشە، ئەوان بۆ یەكەمجار لە رێگەی هەدەپەوە وەكو لیستێكی كوردی گەیشتنە پەرلەمان و دەكرا بەشێوەی مەدەنی لەپەرلەمان مافەكانی خۆیان وەربگرن، بەڵام بەداخەوە چەكدارانی پەكەكە و بەشێك لەكوردەكان خیانەتیان كرد لە نیشتیمان و ئەوان لەبری بەرگریكردن لەتوركیا، چوونە بەرەی رووسیا و دژ بەحكومەتەكەی خۆیان وەستانەوە، ئێمە و خۆشیان تووشی ماڵوێرانی كرد".
بەڵام بێریڤان ئۆزجان كە خوێندكاری زانكۆی ئامەدە و كادیری هەدەپەیە، پێیوایە ئەو شەڕە بەمانای شكستی حكومەتەكەی ئەردۆغانە. ئەو دەڵێت "كورد هەرگیز حەزی لە شەڕ نەبووە، بەڵام ئەوە ئەردۆغان و حكومەتەكەیەتی كە چاوی بەسەركەوتنەكانی كورد هەڵنایەت و جارێك ویستی هەدەپە نەچێتە پەرلەمان و هەڵبژاردنی دووبارە كردەوە، ئەمجارەیان كە هەدەپە گەیشتەوە پەرلەمان ئەوەی پێ قبوڵ نەكرا و شەڕی هەڵگیرساند".
بێریڤان گوتیشی "ئەردۆغان و ئاكپارتی تووشی هیستریا بوون، رۆژێك پەلاماری رووسیا دەدەن و رۆژێكیش ئێمە، بەڵام ئەمجارەیان ئەم ئاگرە ناكوژێتەوە و دواجار بەسەركەوتنی كورد كۆتایی دێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ