زارا محەممەدی دوای ئازادبوونی لە زیندان: داوای لێبووردنم نەکردووە و باوەڕم بەو رێگەیە هەیە هەڵمبژاردووە

11-02-2023
فواد حەقیقی
زارا محەممەدی دوای ئازادبوونی لە زیندان
زارا محەممەدی دوای ئازادبوونی لە زیندان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی خەڵکی شاری سنە، کە لە گرتووخانەی ئەو شارە زیندانی بوو، شەوی رابردوو ئازاد کرا. زارا محەممەدی دوای ئازادبوونی گوتی، داوای لێبووردنی نەکردووە و باوەڕی بەو رێگەیە هەیە هەڵیبژاردووە. 
 
زارا محەممەدی شەوی، 10.02.2023، لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە هاوکات لەگەڵ ئازادبوونی لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری سنەدا تۆماری کردووە دەڵێت: "بەبێ ئاگاداریی خۆم، بنەماڵە، ئەندامانی رێکخراوی نۆژین و پارێزەرەکەم بەپەلە لە گرتووخانە دەرکرام، بێ ئەوەی خۆم یان پارێزەرەکەم داوای لێبووردنمان تۆمار کردبێت."
 
زارا محەممەدی گوتیشی: "پێشتر خۆم لە رێی پارێزەرەکەمەوە دەزگەی دادم ئاگادار کردبووەوە کە بەهیچ شێوەیەک داخوازیی لێبووردن پێشکێش ناکەم."
 
زارا محەممەدی پێداگری دەکات لەوەی کە "باوەڕم بە بیروڕا و رێگەکەی خۆم هەیە و تاوەکو کۆتایی ژیانم لەسەر بیروڕای خۆم دەبم."
 
لقی یەکی دادگەی شۆڕشی ئیسلامیی شاری سنە رۆژی، 16.02.2020، بە تۆمەتی "پیکهێنانی گرووپ و کۆمەڵە بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" زارا محەممەدی بە 10 ساڵ زیندان سزادا، بەڵام دادگەی پێداچوونەوەی پارێزگای سنە حوکمەکەی بۆ 5 ساڵ کەمکردەوە.
 
زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی کولتووری نۆژین، رۆژی 08.01.2022 بۆ تەواوکردنی 5 ساڵ حوکمەکەی چووە زیندان.
 
دادگەی شۆڕشی شاری سنە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانی داوەتە پاڵ زارا محەممەدی، بەڵام ئەو خۆی دەڵێت، تەنیا بە تۆمەتی فێرکردنی زمانی کوردی ئەو حوکمەیان بەسەردا سەپاندووە.
 
زارا محەممەدی، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ئەدەبی نۆژین بوو. ئەم رێکخراوە زیاتر لە بواری فێرکردنی زمانی کوردی، کولتوور و یارمەتیدانی خەڵکی لێقەومادا چالاکە. ئەو ئەنجوومەنە مۆڵەتی فەرمی وەزارەتی ناوخۆی ئێرانی هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو خوێندکارە نیقابپۆشەکەی زانکۆی زاخۆ کە لە تاقیکردنەوە بێبەش کراون

دوو خوێندکاری زانکۆی زاخۆ دەڵێن 'بەهۆی پەچەوە رێگە نەدرا تاقیکردنەوە بکەین' و زانکۆکە رەتی دەکاتەوە

دوو خوێندکاری زانکۆی زاخۆ دەڵێن، بەهۆی ئەوەی "نیقابیان کردووە،" رێگەیان پێنەدراوە تاقیکردنەوە بکەن. لیژنەی ئەزموونەکانی زانکۆکەش دەڵێن، ئەو چەند کچە رێگەیان نەداوە مامۆستای کچیش بیانپشکنن، ئەگەرنا کچی دیکە هەبووە پەچەشی هەبووە و تاقیکردنەوەی کردووە