حیزبەكانی رۆژهەڵات ستراتیژێكی نوێ بۆ كاركردنی خۆیان دادەنێن

11-09-2018
نەوزاد مەحموود
نیشانەکردن کۆیە حدک حدکا
A+ A-
رووداو- سلێمانی

حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، پێیانوایە ئەو مووشەكانەی قەڵای دیموكراتەكانی كۆیەی لە ناكاودا كردە ئامانج، رێگای دوور و سەختی پێكەوە كاركردن و هاوخەباتیی بۆ نزیك كردوونەتەوە.

هەردوو باڵەكەی دیموكرات چەند ساڵێكە لە گفتوگۆی یەكگرتنەوەدان.
 
كاژێر 10:30ی سەرلەبەیانی رۆژی 8ی ئەیلوولی 2018 بارەگایەكی حیزبی دیموكراتی كوردستان لە باشووری شارۆچكەی كۆیە كە بە قەڵا ناسراوە، لەگەڵ فێرگەیەكی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران كرانە ئامانج. رۆژێك دوای هێرشەكە، سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێكدا، بەرپرسایەتی هێرشەكەی لە ئەستۆ گرت و رایگەیاند: بە حەوت مووشەك بنكەكانی ئەو حیزبانەی بە ئامانج گرتووە. بەڵام بەپێی زانیارییەكان 5 لە مووشەكەكان گەیشتوونەتە كۆیە، لەو 5 مووشەكەش سێیان ئامانجیان پێكاوە. هەر دوای هێرشەكە، دوو تیمی ئەڵمانی و ئەمریكی بۆ لێكۆڵینەوە لە جۆری مووشەكەكان گەیشتنە قەڵای دیموكرات. بەپێی زانیارییەكانی رووداو، لایەنی ئەمریكی گوتوویانە كە تەكنۆلۆژیای ئەم چەكانە رووسین.

لەو پەلامارەدا 15 پێشمەرگەی دوو لایەنی دێموكرات شەهید بوون و 39 كەسیش بریندار بوون. لەنێو قوربانیەكاندا 4 ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و دوو ئەندامی جێگری كۆمیتەی ناوەندی هەبوون. دوو لە سەركردەكانیش ژن بوون. ئەمە لە مێژووی حیزبی دێموكراتدا كەموێنەیە كە ژمارەیەكی زۆری ئەندامانی سەركردایەتی بە جارێك بكرێنە ئامانج.

بەرپرسێكی حدكا كە نایەوێ ناوی بڵاوبكرێتەوە، ئاماژە بۆ هەڕەشەی پێشوەختی فەرماندەكانی سوپای پاسداران دەكات، بەڵام دەڵێ "پێمان وانەبوو بەمجۆرە هێرش بكرێتە سەرمان".

قەڵای دێموكرات جارێكی دیكەش لە ساڵی 1996 دا و دیسان لە كاتی كۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندیدا كرایە ئامانج، بەڵام ئەوكات تەنیا ئەندامێكی رێبەری حیزبی دێموكرات بریندار بوو.

هەرچەندە بارەگاكانی حیزبی دیموكرات لەو هێرشە مووشەكییەدا كراونەتە ئامانج، بەڵام كۆمەڵە و حیزبەكانی دیكەی رۆژهەڵات بەهەمانشێوە لە ئامادەكاریدان بۆ ئەوەی رێوشوێنی توندتر بگرنەبەر و خۆیان بەدوور بگرن لە ئەگەری هێرش و پەلامار.

ئەردەڵان فەرەجی، گوتەبێژی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستان دەڵێ ئەو هێرشە كاریگەریی دەبێ لەسەر گۆڕینی جێگا و شوێنەكانمان: "لەمەودوا یەكگرتووییەكی زیاتر لەنێو حیزبەكانی رۆژهەڵات دێتە ئاراوە، چونكە هەموومان ئامانجی یەك دوژمنین".

ئەردەڵان فەرەجی هەروەها دەڵێ: "جێگیریی هێزەكانمان نامێنێ و ستراتیژی خۆمان دەگۆڕین و ئاگامان لەو هەڕەشە نوێیانەش هەیە كە رووبەڕوومان دەبێتەوە لەلایەن ئێرانەوە".

ساڵی 1989 عەبدولڕەحمان قاسملو، سكرتێری پێشووی حیزبی دیموكراتی كوردستان لە نەمسا و لەكاتی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران تیرۆر كرا. سێ ساڵ دوای ئەو رووداوە، سادق شەرەفكەندی كە جێگرەوەی قاسملو بوو، لە ئەڵمانیا تیرۆر كرا.

بەرپرسێكی حیزبی دیموكراتی كوردستان كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، رەتیكردەوە كە پاش ئەم هێرشە قەڵای دیموكرات چۆڵ بكەن و دەستبەرداری خەباتی چەكداری و چالاكییەكانیان ببن لەنێو رۆژهەڵاتی كوردستان "بەڵام با پرسەی شەهیدان كۆتایی بێت، ئەو هێزانەی چەتری هەماهەنگیان پێكهێناوە، پلان بۆ كاری داهاتوو دادەنێن و بۆ ئێرانی دەسەلمێنین كە مووشەكەكانیان بەهێزتری كردووین".

بەپێی ئاماری حیزبەكانی رۆژهەڵات، لە ساڵی 1991 بەدواوە نزیكەی 400 فەرماندە و پێشمەرگە و كادیریان لەلایەن كۆماری ئیسلامییەوە لە باشووری كوردستان تیرۆر كراون.

رۆژی یەكشەممە 9/9/2018 ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران، بە راگەیێندراوێك داوای لە دانیشتووانی هەموو شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كرد بە مانگرتنێكی سەرتاسەری وەڵامی هێرشە مووشەكییەكان و لەسێدارەدانی بەندكراوانی كورد بدەنەوە: "داوا لە خەڵكی خۆڕاگر و بەهەڵوێستی كوردستان دەكەین رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، 21ی خەرمانان بە مانگرتنی گشتی، بێزاریی خۆیان لە نوێترین تاوانەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران رابگەیەنن. جارێكی دیكە بە نەهاتنەدەر لە ماڵەكانتان، چۆڵكردنی شەقامەكان و داخستنی دووكان و بازاڕ، نمایشێكی پڕ شكۆ لە بێزاربوون و "نا"گوتنی خۆتان بەو رژێمە خوێنڕێژ و دژە كوردە، نیشان بدەنەوە".

هەریەكە لە كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران، حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، حیزبی دیموكراتی كوردستان، لە راگەیێندراوەكەدا گوتوویانە: "لە هەموو چالاكڤانێكی ئازادیخوازی كورد لە نێوخۆی كوردستان و دەرەوەی وڵاتیش، داوا و چاوەڕوانیمان ئەوەیە بە هەموو توانای خۆیانەوە پشتی ئەم بانگەوازە بگرن و هەوڵی سەرخستنی بدەن".

بەڵام چالاكڤانێكی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە، بە(رووداو)ی راگەیاند :"لەو دۆخەدا كە بەهۆی گەمارۆی ئابووریی و بێكاری و دابەزینی بەهای تومەنەوە، خەڵك پێداویستی و قووتی رۆژانەیان بۆ دابین ناكرێ، مانگرتنی سەرتاسەری هەندێك دژوارە. لەلایەكی دیكە چاوسووركردنەوە و ترساندنی چالاكڤانان و گەنجان دەستیپێكردووە، دەرفەت نادەن كەس بجوڵێتەوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە