رووداو هەولێر
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە بەسەرپەرشتی یەکێتیی تۆپی دەستی عێراق یارییەکانی قۆناخی چوارگۆشەی زێڕینی خولی نایابی تۆپی دەستی عێراق لە هۆڵی جەیش لە شاری ىەغدا دەستپێبکات، یانەی کۆیە بەشدارە و دەیەوێت بگاتە خولی بژاردە.
یارییەکانی چوارگۆشەی زێڕینی خولی تۆپی دەستی یانە نایابەکانی عێراق بە بەشداری هەریەک لە یانەکانی کۆیە، سەڵاحەدین، سەنییە لەگەڵ موعەلمین ئەنجام دەدرێت و سێ رۆژ دەخایەنێت، هەموو تیپەکان یاری لەگەڵ یەکدی دەکەن و خاوەن پلەکانی یەکەم و دووەم بۆ خولی بژاردەی عێراق سەردەکەون.
وەرزی ئەمساڵ یانەی کۆیە ئاستێکی بەرزی لە خولی نایاب پێشکێشکرد، لە قۆناخی کۆمەڵەکان و پێشکۆتایی تەنیا یارییەک دۆڕاو و سەرجەم یارییەکانی دیکەی بەسەرکەوتنی خۆی تەواوکرد.
هاوبین دڵزار، سەرپەرشتیاری تۆپی دەستی یانەی کۆیە بۆ رووداو گوتی "ئامانجی ئێمە ئەمساڵ گەیشتنە بە خولی بژاردە و یەکەمجارە لە مێژووی شارۆچکەکەمان ئەو دەسکەوتە بەدەستدێنین، یارییەکانی قۆناخی چوارگۆشەی زێڕین ئاسان نین، بەڵام لە رووی دەروونیی و جەستەییەوە ئامادەین بۆ ململانێکردن".
یارییەکانی ئەمڕۆ دووشەممە بەمشێوەیەن:
موعەلمین - کۆیە
سەڵاحەدین - سەنییە
قوتەیبە عەلی، جێگری سەرۆکی یەکێتیی تۆپی دەستی عێراق، لەبارەی یارییەکانی قۆناخی چوارگۆشەی زێڕین بۆ رووداو روونیکردەوە "ئامادەکارییەکی زۆری کارگێڕی و ناوبژیوانیمان کردووە، چونکە دەزانین رکابەرییەکی بەهێز و خەونی هەموو تیپەکان گەیشتنە بە خولی بژاردە".
وەرزی رابردوو تەنیا یانەی سلێمانی وەک نوێنەری کوردستان بەشداری خولی بژاردەی تۆپی دەستی عێراقی کرد، ئەگەر یانەی کۆیە بتوانێت سەربکەوێت دەبێتە دووەم تیپی کوردستان لە وەرزی نوێ لە خولی بژاردە یاری بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ