ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان، لە مانگی دیسەمبەری 2014 دا متمانەی پێدرا و بەفەرمی دەستبەكار بوو، بەڵام بەهۆی قەیرانە كارگێڕی و دارایی و سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانەوە، پرۆسەی دامەزراندن و بنیاتنانی ژێرخانی كۆمیسیۆن دواكەوت. لە 13/3/2017 فەرمانی هەرێمی بۆ دامەزراندنی بەڕێوەبەرە گشتییەكان دەرچوو، دواتریش دامەزراندنی فەرمانبەرەكانی دیكەی كۆمسیۆن دەستی پێكرد.
یەكەمین ئەزموونی كردارەكی كۆمیسیۆنیش پرۆسەی گشتپرسیی سەربەخۆیی كوردستان بوو لە 25/9/2017. واتە كەمتر لە شەش مانگ لەبەردەم كۆمیسیۆندا بوو بۆ پرۆسەیەكی گرنگ و مێژوویی وەك گشتپرسی لە رووبەرێكی فراوان و جوگرافیایەكی نائارام و پڕ مەترسی و لە فەزایەكی دابەشبووی سیاسی و پڕ كێشەی وەك ئێستای كوردستاندا. ئەگەرچی هیچ كارێكی مرۆڤ بەدەر نییە لە كەموكورتی، بەڵام بەگەواهیی چاودێرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، كۆمیسیۆن ئەزموونێكی سەركەوتووی پێشكەش كرد. ئەم ئەزموونە ئەوەندە خاڵ و گۆشەنیگای پڕشنگداری تێدایە، بەشی ئەوە دەكات چەندین وتاری لەسەر بنووسرێت، لێرەدا تەنیا تیشك دەخەینە سەر پرۆسەی دەنگدانی ئەلیكترۆنی بۆ كوردستانیانی دەرەوەی وڵات.
تێچووی دەنگی هەر دەنگدەرێكی دەرەوە لە گشتپرسییەكەدا 62 سەنت بوو
دەگوترێت سەركردە و بەڕێوەبەری سەركەوتوو ئەو كەسەیە كە بتوانێت ئەو سامانە (ماددی و دارایی و مرۆیی)یەی لەبەر دەستیدایە بەشێوەیەكی باش سوودی لێوەرگرێت. كەمترین كات، كەمترین تێچوون، زۆرترین بەرهەم بە كواڵیتییەكی بەرز. زۆرجار پڕۆژەیەك بە بەراوردكردنی بە پرۆژەیەكی هاوشێوەی هەڵدەسەنگێنرێ، بەڵام پرۆسەی دەنگدانی ئەلیكترۆنی یەكەمین ئەزموونە لە مێژووی كوردستان و عێراقدا، ئەزموونەكەش لە ئاست و كواڵیتییەكی بەرزدا بوو. ئەمەیە ئەو داهێنانەی كە كۆمیسیۆنی كوردستان خاوەنیەتی، چونكە لە عێراق و كوردستان، دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات تەنیا لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا توانیویانە بەشدار بن و لە هیچ هەڵبژاردنێكی پەرلەمانی كوردستان و پارێزگاكاندا نەیانتوانیوە بەشداری بكەن. بەشداریكردنەكەش بەشێوازی كلاسیكی و بەتێچوونێكی زۆر و دروستكردنی ئەركێكی زۆر بووە بۆ دەنگدەر.
چۆن ئەو بیرۆكەیە لەدایك بوو؟
رۆژێك دوای بڕیاردان لە دیاریكردنی وادەی گشتپرسی لە رۆژی 25/9/2017، دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بانگهێشتی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كرد بۆ گفتوگۆ لەسەر بابەتی گشتپرسی و وردەكارییەكانی. هەفتەی دواتریش بەهەمانشێوە شاندێكی ئەنجوومەن بۆ گفتوگۆی بودجە و كارەكانی دیكە لەگەڵ دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، یەكێك لەو تەوەرانەی بەگرنگییەوە باسی لێوە كرا، دەنگدانی كوردستانیانی دەرەوە بوو. لەو كۆبوونەوەیەدا چەند بیرۆكە و سیناریۆیەك خرانەڕوو، شەرەفمەندم بۆ یەكەمجار بیرۆكەی دەنگدانی ئەلیكترۆنیم خستە سەر مێزی گفتوگۆ و داكۆكیم لێكرد. سەرەتا وەك كارێكی ئەستەم و پڕ مەترسی باسی لێوە كرا و تەنانەت هەندێ لە هاوڕێكانیشم پێیانوابوو كە ئەستەمە بتوانین ئەو كارە بە سەركەوتوویی بكەین. چونكە زۆر لە وڵاتان وازیان لەو جۆرە دەنگدانە هێناوە لەبەر مەترسیی هێرش و هاككردن و لەكارخستن و گۆڕینی داتاكان، بەڵام پێداگریمان لەسەر كرد و دڵنیاییمان دا كە دەتوانین بە تێچوونێكی كەم و لەكاتێكی پێوانەیی كەمدا كارەكە جێبەجێ بكەین.
لەماوەیەكی زۆر كورتدا پڕۆژەكەمان بەسەرجەم قۆناغ و وردەكارییەكانیەوە ئامادە كرد، دەستمان كرد بە گفتوگۆ لەگەڵ كۆمپانیای تایبەتمەند بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە. بەلامانەوە گرنگ بوو سوود لە كۆمپانیای خۆماڵی وەرگرین تا لەحاڵەتی بوونی گوشاردا بەدوور بین لە مەترسیی پاشەكشەكردن لە پرۆژەكە. قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە كۆمپانیای (دۆت نێت) جێبەجێی كرد بە پشتبەستن بە تۆماری دەنگدەرانی كۆمیسیۆن كە لەسەر بنەمای فۆرمی خۆراك بوو. لەماوەی (20) رۆژدا كەمتر لە سێ هەزار كەس خۆیان تۆمار كرد، چونكە زۆربەی ئەوانەی لە دەرەوەی كوردستان بوون فۆرمی خۆراكیان نەبوو، لەكاتێكدا لە ئاهەنگ و كەرنەڤاڵەكانی پشتگیریی گشتپرسیدا لە وڵاتان ژمارەیەكی زۆری كوردستانیان بەشدارییان دەكرد و بەجۆش و خرۆشەوە چاوەڕوانی رۆژی دەنگدانیان دەكرد، بەڵام لەم سیستمەدا رێگایان پێنەدەدرا. ئەمەش وایكرد گوشار لەسەر ئەنجوومەن دروست بێت بە پەیوەندیی بەردەوام و شێوازی جیاجیا تا هەلی دەنگدانیان بۆ بڕەخسێنرێت و بتوانن لەو پرۆسە مێژووییەدا دەنگیان هەبێت.
تێچووی دەنگی هەر دەنگدەرێكی دەرەوە لە دوایین هەڵبژاردنی عێراقدا 151 دۆلار بووە
بڕیارە هەستیارەكە
لەپێناوی رەخساندنی هەل بۆ دەنگدەران، ئەنجوومەنی كۆمیسیاران لە 14/9/2017 بڕیاریدا بە پشتبەستن بە داتاكانی رەگەزنامەی عێراقی دەست بە پرۆگرامێكی دیكە بكات. ئەو ئەركەش بە من سپێردرا. ئەگەرچی وەك شانازییەكی گەورە لەو ئەركەم دەڕوانی، بەڵام كارێكی پڕ مەترسی بوو بۆ پرۆسەیەكی ئاوها گرنگ كە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، نەیارێكی زۆری هەبوو. تەنیا چەند رۆژێكیش لەبەردەست بوو، بەڵام خۆشەویستیم بۆ كارەكەم و گەورەیی پرۆسەكە هاندەر بوو كە هەموو كات و تواناكانمی بۆ تەرخان بكەم. بەزوویی لەگەڵ كۆمپانیاكان گفتوگۆمان كرد و سەرەنجام لەگەڵ كۆمپانیای (ئەوڕۆ سۆفت) گەیشتینە ئەنجام كە بەخێرایی دەست بەكارەكان بكەین، ئەوەی كە زۆر جەختمان لەسەر دەكردەوە لایەنی سكیوریتی پرۆسەكە بوو. پاش هەفتەیەك سیستمەكە بەتەواوەتی ئامادە بوو و دەستكرا بە تێستكردنی. لە 23/9/2017 پرۆژەكە چووە بواری جێبەجێكردن و لە بەرەبەیانی ئەو رۆژەوە دەستكرا بە خۆتۆماركردن و دەنگدان. یەكەمین كاتژمێری دەنگدانی ئەلیكترۆنی میدیاكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی بەخۆیەوە سەرقاڵ كرد. هێشتا لە كوردستان مقۆمقۆی كردن و نەكردنی گشتپرسی گەرم بوو، ئێمە بەكردەیی دەستمان كرد بە پرۆسەكە.
لە ماوەی سێ رۆژدا چی كرا؟

ژوورێكی عەمەلیاتمان پێكهێنا لە چەند فەرمانبەرێكی كۆمسیۆن و بەهەماهەنگی لەگەڵ فەرمانبەرانی كۆمپانیای (ئەوڕۆ سۆفت)، تیمەكان بەشەونخونی و لێبڕانێكی زۆر كاری گەورەیان ئەنجامدا بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژەیە، سێ ژمارە مۆبایل بە ڤایبەر و واتس ئاپ و پەیوەندیی ئاسایی 24 كاژێر وەڵامی دەنگدەرانی دەدایەوە. سێ ئیمەیڵ بەردەوام وەڵامیان دەناردەوە. بەشێكی دیكەی تیمەكەش سەرقاڵی پێداچوونەوەی مامەڵەكان بوون بۆ ئەوەی پەسەندی بكەن، یان پشتگوێی بخەن. لەماوەی سێ شەو و سێ رۆژدا بەدەیان هەزار پەیوەندی و نامە و ئیمەیڵ ئاڵوگۆڕ كران.
بۆ ئاسانكاری بۆ دەنگدەران ڤیدیۆیەكی فێركاری ئامادەكرابوو، لەڕێی ماڵپەڕی كۆمیسیۆن و ئەژماری تایبەتی ئەندامانی تیمەكەشەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زانیارییەكان پەخش دەكران. بەشی یەكەمی سیستمەكە خۆتۆماركردن بوو. بەشی دووەم دەنگدان. هەر دەنگدەرێك كە زانیارییەكانی دروست بووایە دەیتوانی خۆی تۆمار بكات و راستەوخۆ دەنگ بدات. بەپێچەوانەوە تەنیا بەشی یەكەمی جێبەجێ دەكرد و زانیاریەكانی دەهاتە لای تیمەكانی كۆمسیۆن تا پێداچوونەوەی بكەن و بڕیاری لەسەر بدەن. بۆ رێگری لە ساختەكاری و زانیاری نادروست، چەندین رێوشوێن گیرابوونەبەر. پرۆگرامەكە بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی شوێنی دەنگدەری دەستنیشان دەكرد. پاشان كۆدی پەیوەندی ئەو وڵاتەی جێگیر دەكرد بۆ ئەوەی ژمارە مۆبایلی هەمان وڵات بنووسرێ. دواتر كۆدێك بۆ ئەو ژمارە مۆبایلە دەنێردرا تا دەنگدەر بتوانێت لەڕێی نووسینی ئەو كۆدەوە خۆی تۆمار بكات. هەر ژمارەیەكیش تەنیا یەكجار بەكار دەهات و هەوڵدانی چەند بارە و هەڵەكردن دەبووە هۆی بلۆككردنی بەكارهێنەر. تەنیا زانیارییەكانی رەگەزنامەی عێراقیش پەسەند دەكرا بۆ دەنگدان. زانیاری دووبارەی هیچ دەنگدەرێك پەسەند نەدەكرا.
ئەنجامی پرۆسەكە
بەشی دووەمی ئەم پرۆسەیە لە دواساتەكاندا بڕیاری لەسەر درا، بۆیە تەنیا سێ رۆژ دانرا بۆ خۆتۆماركردن و دەنگدان، توانرا تەنیا (98،945) كەس تۆمار بكرێت لەم سیستمەدا. ئەگەر كاتی زیاتر لەبەردەست بووایە بەدڵنیاییەوە ژمارەیەكی زۆر زیاتر خۆیان تۆمار دەكرد. لەو ژمارەیەش (12.256) كەسیان داواكاریەكانیان رەتكرایەوە لەبەر ئەوەی بە بەڵگەنامەی دیكەی وەك (پاسپۆرت و پێناسی باری شارستانی و...هتد) خۆیان تۆمار كردبوو، رێژەی دەنگی بەڵێ (99.13%) بوو، رێژەی دەنگی نەخێر (0.87%) بوو. زۆرترین رێژەی دەنگدەریش بەڕیزبەندی لە وڵاتانی (ئەڵمانیا، سوید، بەریتانیا، ئەمریكا، هۆڵەندا، نەرویج، سویسرا، دانیمارك، كەنەدا، توركیا، ئێران) بوو. ئەوەی جێی دەستخۆشییە، تیمە تەكنیكییەكانی (ئەوڕۆ سۆفت) لەماوەی ئەو سێ رۆژەدا رێگایان نەدا بۆ یەك خولەكیش سیستمەكە راوەستێ یان لەكاربخرێ، ئەگەرچی سەدان هەزار جار هێرش كرایە سەر ماڵپەڕەكە و هەوڵی لەكارخستنی درا.
بەراوردێك لەنێوان دەنگدانی دەرەوە لە هەڵبژاردنەكاندا
لە عێراق و هەرێمی كوردستان ئامار و داتای جیاواز هەیە سەبارەت بەو عێراقیانەی كە لە دەرەوەی عێراقن و مافی دەنگدانیان هەیە. لە هەڵبژاردنەكانی (2005، 2010، 2014)ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، دەنگدانی مەرجدار پەیڕەو كراوە. بەو مانایەی هەر كەسێك بەڵگەنامەی پێویستی هەبووبێت دەنگی داوە و لەنێو زەرفێكدا پارێزراوە. دواتر كۆمسیۆن ئەو ناوانەی لەگەڵ تۆماری خۆیدا بەراورد كردووە، هەر كەسێك ناوی هەبووبێت پەسەند كراوە، ئەوانی دیكەش رەتكراونەتەوە. تۆماری كۆمسیۆن لەسەر بنەمای فۆرمی خۆراك بووە، بۆیە زۆرینەی ئەو دەنگانە وەلا نراون و ئەژمار نەكراون.
تێچووی دەنگدانی ئەلیكترۆنی 62 هەزار دۆلار بوو
لە یەكەمین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە ساڵی 2005 كە رێكخراوی نێودەوڵەتیی كۆچ، سەرپەرشتی پرۆسەی دەنگدانی عێراقییەكانی دەرەوەی وڵاتی كرد، ژمارەی دەنگدەرانی دەرەوە بە (1,277,331) دەنگدەر خەمڵابوو، بەڵام تەنیا (265,148) كەس دەنگیان دا، واتە بە ڕێژەی (20.7%). بۆ ئەم پرۆسەیە 92 ملیۆن دۆلار خەرج كرا. واتە تێچووی دەنگی هەر دەنگدەرێك 346 دۆلار لەسەر حكومەت كەوتووە.
لە پرۆسەی گشتپرسی بۆ دەستووری هەمیشەیی عێراق لە ساڵی 2005 كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەرپەرشتی كرد، تەنیا (298.300) كەس لە دەرەوە بەشداربوون، بە ڕێژەی (23.3%). بۆ ئەم پرۆسەیە (17.685.922$) خەرج كراوە، واتە زیاتر لە (59) دۆلار بۆ هەر دەنگدەرێك. سەبارەت بە هەڵبژاردنی ساڵی 2014 ، بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی نێودەوڵەتیی كۆچ، ژمارەی دەنگدەرانی دەرەوەی عێراق بە (2.178.052) دەنگدەر خەمڵێنراوە، لەو ژمارەیە تەنیا (165،532) كەس بەشداریی دەنگدانیان كردووە بە ڕێژەی (7.6%). بۆ ئەم پرۆسەیەش نزیكەی (25.000.000$) خەرج كراوە، واتە زیاتر لە (151) دۆلار بۆ هەر دەنگدەرێك.
سەبارەت بە پرۆسەی گشتپرسییەكەی باشووری كوردستان لە 25/9/2017، لەبەر نەبوونی ئامارێكی ورد نەتوانرا ژمارەی دەنگدەری كوردستانیانی دەرەوە دیاری بكرێ، بەڵام توانرا تەنیا لەماوەی سێ رۆژدا هەلی خۆتۆماركردن بۆ (98.945) دەنگدەر بڕەخسێنرێت. ئەگەر ماوەكە زیاتر بووایە، ئەوا ئەو ژمارەیە زۆر هەڵدەكشا. كۆی تێچووی بەشی دووەمی ئەو پرۆژەیە كە كاری پێكرا تەنیا (60.870) دۆلار بوو، واتە كەمتر لە (0.62) سەنت بۆ هەر دەنگدەرێك. لەكاتێكدا ئەگەر دوو ئەوەندەی تریش دەنگدەر بەشدار بووایە ئەو بڕە تێچوونە زیادی نەدەكرد و بۆ هەر دەنگدەرێكیش زۆر كەمتر دەبووەوە.
جێگای خۆیەتی ئاماژە بەوەش بدەین پێشتر لەزۆر وڵات بنكەی دەنگدان نەبووە، یان تەنیا لە شارێك هەبووە، بۆیە بە سەتان هەزار دۆلار لەلایەن دەنگدەرانەوە خەرج كراوە بۆ گەیشتن بە بنكەكانی دەنگدان، جگە لەوەی كاری ئەو رۆژەیان لەدەست چووەو كاتێكی زۆریان بۆ تەرخان كردووە. بەڵام لە پرۆسەی گشتپرسیدا دەنگدەر بەچەند خولەكێك لە شوێنی كارەكەی خۆی یان لەماڵەوە یان لە نێو شەمەندەفەر بەبێ هیچ خەرجییەك بەشداری كردووە و دەنگی داوە.
كۆتایی
كۆمسیۆنی كوردستان توانی لە ماوەیەكی زۆر كورتی پێوانەییدا (تەنیا یەك هەفتە) هەلی دەنگدان بۆ (98.945) كوردستانی لە دەرەوەی وڵات بڕەخسێنێ، بەتێچوونی 0.004% ی تێچووی دوا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی ئیتیحادی سەرپەرشتی دەكرد، لە كاتێكدا ئەو كۆمیسیۆنە خاوەنی زیاتر لە 13 ساڵ ئەزموونی كارە و ملیۆنەها دۆلار خەرج كراوە بۆ بنیادنانی توانای مرۆیی و تەكنەلۆژی و هونەری .
لە ماوەی سێ رۆژدا وەڵامی داواكاریی 98 هەزار دەنگدەری دەرەوە درایەوە
ئەمە ئەو كارە ناوازەیەیە كە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی كوردستان لە یەكەمین ئەزموونیدا كردی و دەتوانێت شانازی پێوە بكات. ئەنجامدانی كارێكی ناوازە بە كەمترین كات، كەمترین تێچوو، زۆرترین بەرهەم، كواڵیتییەكی بەرز، بەبێ ئەوەی هیچ ئەركێك بۆ دەنگدەرانی دروست بكات، سەرەتایەكی گەش و پڕ شانازی و ئومێدە بۆ داهاتوویەكی پرشنگدار لە كوردستانێكی ئازاد و سەربەخۆدا.
سەرچاوەكان:
- ماڵپەڕی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان – عێراق.
- د.فرید أیار . فچیحە انتخابات الخارج ... نسبە المشاركە 7%. 2014.
- البعپە الدولیە للانتخابات العراقیە، تقییم برنامج التصویت من خارج البلاد الخاص بالانتخابات العراقیە، 2005.
* بڕیاردەری ئەنجوومەنی كۆمسیاران، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ