لە رۆژانی سەرژمێریدا قەدەخەی هاتووچۆ کێ دەگرێتەوە و کێ ناگرێتەوە؟

11-11-2024
هەستیار قادر
نیشانەکردن سەرژمێری 2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هەنگاوى یەکەمى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان 14ى ئەم مانگە دەستپێدەکات و تاوەکو 10ى کانوونى یەکەم بەردەوام دەبێت. وەزارەتى ناوخۆى عێراق رێنماییەکانى تایبەت بە قەدەخەى هاتووچۆى بڵاوکردەوە کە رۆژانى 20 و 21ى ئەم مانگەیە. 
 
دووشەممە، 11ى تشرینى دووەمی 2024، لیژنەى باڵاى سەرژمێرى گشتیى دانیشتووان لە عێراق لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەڤانیدا وردەکاریى کردنی سەرژمێرى گشتیى دانیشتوانی لە عێراق و هەرێمى کوردستان روونکردەوە. 
 
عادل عەباس خالیدی، سەرۆکى لیژنەى باڵاى ئەمنیى سەرژمێرى گشتیى دانیشتووانى عێراق رایگەیاند، پلانى پێویستیان داناوە بۆ گەرەنتى کارکردنى ئەوانەی لە سەرژمێرى بەشدارن و ئاسانکارى بۆ جموجۆڵ و هاتووچۆیان دەکات".
  
رۆژانى 20 و 21 ى ئەم مانگە سەرژمێرى گشتى دانیشتوان دەکرێت، یەکەم جارە لە دواى 37 ساڵ لە عێراق و هەرێمى کوردستان لە یەک کاتدا بکرێت.  
 
قەدەخەى هاتووچۆ کەى دەستپێدەکات؟ کێ دەگرێتەوە؟  
 
میقداد میری، گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق رایگەیاند، قەدەخەى هاتووچۆ بۆ سەرژمێرى گشتیى دانیشتووان لە کاژێر 12:00ى شەوى  19 لەسەر 20 دەستپێدەکات و کاژێر 12:00ى شەوى 21  لەسەر 22ى تشرینى دووەم کۆتایی دێت و ئەو بڕیارە سەرجەم پارێزگاکانى عێراق و هەرێمى کوردستان دەگرێتەوە. 
 
بە گوێرەى رێنماییەکان، قەدەخەى هاتووچۆ، پیادە، ئۆتۆمبێل، شەمەندەفەر لە نێوان  شار و قەزا و ناحیەکان دەگرێتەوە.
 
میقداد میری گوتى: "ئەو بڕیارى قەدەخەی هاتوچۆیە لە نێوان شار و قەزاو ناحیەکان دۆخى مرۆیی و ئەمنى و دۆخی تایبەت ناگرێتەوە". 
 
ئەوانەى رێگەیان پێدەدرێت هاتووچۆ بکەن لە رۆژانى سەرژمێرى، ئەوانەن کە لایەنە ئەمنى و پەیوەندارەکانى سەرژمێرى رێگەیان پێدەدەن، لەوانە ژمێرکاران، فەرمانبەرانى وەزارەتى پلادانان کە بەشدارن لە پڕۆسەکە، رۆژنامەڤانانى رێگەپێدراو لەلایەن فەرماندەى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان یان دەستەى راگەیاندن و پەیوەندییەکان، کە باجى تایبەتیان دەبێت.
 
گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق گوتى: "ئەو کەسانەى ئەرکى دەوامکردن و ئێشکگرتنیان لە کەرتى تەندروستى و خزمەتگوزاریی و ئەو دامەزراوانە هەیە کە کارەیان وا دەخوازێت دەوام بکەن، بڕیارى قەدەخەى هاتووچۆ نایانگرێتەوە، بەو مەرجەى رێگەپێدانى فەرمى فەرمانگەکانیان بەر لە رۆژانى قەدەخەى هاتووچۆ دەربکرێت و گشتاندنى بۆ کرابێت". 
 
ئۆتۆمبێلەکانى ئەمبولانس، بەرگرى شاستانى، فریاکەوتن و پۆلیسی هاتووچۆ، شارەوانى رێگە بە هاتووچۆیان دەدرێت، بڕیارى قەدەخەى هاتوچۆ کارمەندانى باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییەکان و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان و ئەو رێکخراوانەى سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان ناگرێتەوە. 
 
مقداد میری گوتى: "نەرمى نواندن هەیە بۆ ئەو شوێنانەى رێکارەکانى سەرژمێرى تێیاندا تەواو دەبێت کە دەکرێت رێگە بە هاتووچۆ بدرێت". 
 
14/11 دەستپێدەکات 
 
سەرژمێرییەکە 20 و 21 ى تشرینى دووەم دەکرێت، بەڵام عەواد کازم، سەرۆى دەستەى گشتى ئامارى عێراق و سەرۆکى ژورى ئۆپەراسیۆنەکانى سەرژمێرى گشتى دانیشتووان گوتى "ئامادەکارى  بۆ ئەو سەرژمێرییە لە 14ى ئەم مانگەوە دەستپێدەکات".
 
سەرژمێرکاران لەو رۆژەوە لە ناوچەکانیان ئامادە دەبن و خۆیان بە خێزانەکان دەناسێنین، رۆژانى 15 و 16 زانیارى سەرەتایی لە خێزانەکان وەردەگرن.
 
عەواد کازم گوتى: "سەرژمێرى تەنیا لە 20 و 21 نابێت،تاوەکو 10ى کانوونى یەکەم بەردەوام دەبێت، ئەو دوو رۆژە تەنیا بۆ وەرگرتنى زانیارییە لە بارەى ئەندامانى خێزانەکە و دواى ئەوە سەرژمێرکارەکان سەردانى خێزانەکان دەکەنەوە بۆ وەرگرتنى زانیاری زایاتر".
 
قۆناخی گەمارۆسازی و ژمارەلێدانی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان کە هەنگاوى یەکەمى ئەو سەرژمێرییەیە، لە 1ـی تشرینى یەکەم دەستیپێکرد، لەکاتێکدا لە یەکى ئەیلوولەوە لە پارێزگاکانى عێراق دەستى پێکردووە
 
عەبدولزەهرە هنداوى، گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق رایگەیاند: کاتێک حکومەت بڕیاری دا سەرژمێری بکرێت هیچ  ژێرخانێک و پێداویستییە ئەلیکترۆنییەکانی تایبەت بەو سەرژمێرییە لەبەردەست نەبوون.
 
120 هەزار سەرژمێرکار لە عێراق و هەرێمى کوردستان بەشدار دەبن لە سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان، وەڵامى زیاتر لە 70 پرسیار لەو خێزانانە وەردەگرن کە سەردانیان دەکەن.  
 
گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق گوتى: "ئەنجامنەدانى سەرژمێرى گشتیى دانیشتووان بۆشایى دروستکردووە، وێنەیەکى روونمان نەبووە لە سەرجەم بوارەکاندا، دەبێت تارمایی ئەو دۆخە بڕەوێنینەوە تاوەکو زانیاریى وردەکارییمان هەبێت لە هەر بوارێکدا  کە لەرێگەوەیە دەتوانێت چارەسەرى کێشەکان بکرێت". 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین بۆ زێدی خۆیان. وێنە: AFP

دەزگای خێرخوازیی بارزانی: 839 خێزانی کورد گەڕاونەتەوە عەفرین و هاوکارییان دەکەین

ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەڵێت، لە رێگەی لیژنەوە پێشوازی لەو هاونیشتمانیانە دەکەن دەگەڕێنەوە عەفرین و تاوەکو ئەمڕۆ 4,100 کەس گەڕاونەتەوە. دەشڵێت، بەشێک لە عەرەبی هاوردە ماڵی کوردان چۆڵ ناکەن.