رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان نووسراوەکەی تەیف سامی پشتڕاستکردەوە و بە رووداوی راگەیاند، "داواکان جێبەجێ دەکەین".
تەیف سامی لە نووسراوێکدا سێ داواکاری لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کردووە کە تایبەتە بە خەمڵاندنەکانی مووچە، خانەنشینی، چاودێریی کۆمەڵایەتی و گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025.
بۆ بەدواداچوونی راستیی ئەو نوسراوەی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکراوەتەوە، رۆژی هیوا جەمال بە نووسراو پرسیاری بۆ هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان نارد، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت، "نوسراوەکە راستە".
لەبارەی خاڵی دووەمی نووسراوەکە کە تەواوکردنی ناردنی داتای تایبەت بە بەجێکردن "تەوتین"ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە، بەگوێرەی ئەو میکانیزمەی کە لە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی دانراوە. هونەر جەمال گوتی، مەبەستی ئەو خاڵە ئەوەیە، ئەوانەی خاوەنی هەژماری بانکین و لەو رێگەیەوە مووچە وەردەگرن مانگانە لە لیستی مووچەخۆران ئاماژەیان پێبدرێت.
خاڵی سێیەمی نووسراوەکەی تەیف سامی دەڵێت، ناردنی داهاتی نانەوتی مانگی کانوونی دووەمی 2025 بۆ سەر ئەو هەژمارەی کردوویانەتەوە لە بانکی ناوەندیی عێراق، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەو خاڵە وەکو خۆی جێبەجێ دەکەین".
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، رۆژی 03-02-2025 واژۆی لەسەر نووسراوەکە کردووە، نووسراوەکەشی بۆ نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناردووە.

لە نووسراوەکەدا، کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، بە ئاماژەدان بە نووسراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ژمارە (2581254) لە 02-02-2025، تەیف سامی ئەو سێ داواکارییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە:
1- پێدانی نووسراوی پارەدارکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2025ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
2- تەواوکردنی ناردنی داتای تایبەت بە بەجێکردن "تەوتین"ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی ئەو میکانیزمەی کە لە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی دانراوە.
3- ناردنی داهاتی نانەوتی مانگی کانوونی دووەمی 2025 بۆ سەر ئەو هەژمارەی کردوویانەتەوە لە بانکی ناوەندیی عێراق بە ژمارە (70018).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ