چۆنیەتی دانانی ئاڵای كوردستان لە توركیا ئاشكراكرا

12-04-2015
مەحموود یاسین کوردی
نیشانەکردن ئاڵای كوردستان عەبدولستار مەجید
A+ A-

رووداو- هەولێر

وەزیری كشتوكاڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نهێنی دانانی ئاڵای كوردستان لە لایەن توركیاوە ئاشكرادەكات.

رۆژی پێنجشەممە 9 ی نیسانی 2015 ، شاندێكی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی عەبدولستار مەجید، لە ئەنقەڕە لەگەڵ مەهدی ئەكەر، وەزیری كشتوكاڵ ‌و خۆراك ‌و سامانی ئاژەڵی توركیا كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەش بۆ یەكەمجار ئاڵای كوردستان لە لایەن دامەزراوەیەكی فەرمی توركیا داندرا.

سەبارەت بە هۆكار و چۆنییەتی دانانی ئاڵای كوردستان لەو كۆبوونەوەیەدا، عەبدولسەتار مەجید بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" لە راستیدا جگە لە ناوەڕۆکی كۆبوونەكە و لێكتێگەیشتنی نێوان هەردوولامان، ئەوەی جێگای شانازی ئێمە بوو وەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان، بوونی ئاڵای كوردستان بوو لە پاڵ ئاڵای توركیا، كە لە لایەن وەزارەتی كشتوكاڵ ‌و خۆراك ‌و سامانی ئاژەڵیی توركیا داندرابوو، ئەگەرچی ئێمە لە بەر هەستیاری و حیسابكردنی بارودۆخی توركیا كە لە سەروبەندی هەڵبژاردندان داوامان لێنەكردبوون ئاڵای كوردستان دابنێن، بەڵام بەخۆیان وەكو رێزێك لە شاندی وەزارەتەكەمان ئاڵای كوردستانیان دانابوو".

عەبدولستار مەجید هەروەها گوتی:" بەشێوەیەكی گشتی لە كۆبوونەوەكەدا باسی بارودۆخی هەرێمی كوردستان ‌و شەڕی داعش ‌و گرنگیی توركیا كرا، ئێمە وەكو دراوسێیەكی نزیك لە رووی سیاسی ‌و بازرگانی ‌و پیشەسازی ‌و كشتوكاڵییەوە گفتوگۆمانكرد، هەروەها باسی لە هەماهەنگی ‌و رێككەوتن لە بواری توێژینەوە و بەرهەمهێنانی گەنم بە تایبەتی جۆری ئەدەنە 99 كرا،  كە سەركەوتنی باشی لە كوردستان هەبووە".

وەزیی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان گوتیشی‌:" ئێمە داوای‌ راهێنان ‌و دابینكردنی كورسیی خوێندنی باڵامان لە زانكۆكانی توركیا بۆ ستافی وەزارەت و پێشخستنی توانای تاقیگەكانی وەزارەت ‌كرد".



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە